بازاڕی کۆنی ورمێ، کۆنترین بازاڕی کوردستانە

سۆلین ورمێ

 

شاری ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیان شوێنی مێژوویی و سەرنجڕاکێشی تێدایە کە یەکێک لەوانە بازاڕی کۆنی ورمێیە. بازاڕی کۆنی شاری ورمێ یەکێک لە شوێنە بەناوبانگەکانی ورمێیە کە دەکەوێتە گەڕەکی کۆنی ئەو شارە. هەرچەندە لە ورمێ ناوەندی کڕین و فرۆشتن زۆرن، بەڵام هێشتا زۆر کەس بازاڕی کۆنی ورمێ بۆ بازاڕکردن هەڵدەبژێرن کە بە بیناسازییەکی سادە، بەهای مێژوویی، مەعنەوی و فەرهەنگیی ورمێ نیشان دەدات.

بازاڕی کۆنی ورمێ دەکەوێتە ناوەندی شاری ورمێ و بەهۆی بینا کۆنەکانی و بازاڕی فرەڕەنگی، ڕۆژانە هەزاران کەس بۆ بازاڕکردن سەردانی دەکەن. هەروەها ڕۆژانە بە دەیان گەشتیاری نێوخۆیی و بیانی، بۆ لێکۆڵینەوە و گەشتکردن، سەردانی ئەم شوێنە سەرنجڕاکێشە دەکەن.

بازاڕی کۆنی ورمێ لە ناوەندی شار و لە تەنیشت مزگەوتی "جامی"ی ورمێ هەڵکەوتووە. ئەم شوێنە کاتێک کە دروست کرا، بە قەد هەنووکە گەورە نەبوو. لە سەردەمی "قاجاڕ"دا بەشێکی دیکە بە بازاڕەکەوە زیاد کرا.

لە کاتی دامەزراندنی بازاڕی ورمێ، گوندەکانی دەوروبەری شار بۆ پەیداکردن و داواکاریی بەرهەمی دڵخوازی خۆیان، سەردانی ئەم بازاڕەیان دەکرد. زۆر جار لە ڕابردوودا، خەڵک بەهۆی بوونی مزگەوت و حەمامێک لە تەنیشت بازاڕی مێژووییی ورمێ، سەردانی بازاڕیان دەکرد و لەوێ هەم سەری خۆیان لە حەمامی مێژووییی ورمێ دەشوشت و هەم  سەردانی مزگەوتیشیان دەکرد.

ڕووبەری بازاڕی ورمێ نزیکەی ٦٠ هەزار مەتری چوارگۆشەیە و پێکهاتە کۆنەکەی لە ئێستادا لەژێر چاودێری و نۆژەنکردنەوەدایە. لەم بازاڕەدا زیاتر لە هەزار دووکانی جیاواز، کاروانسەرایەکی بچووک، کۆشکێکی هەتا ئەندازەیەک گەورە، پێنج حەمامی کۆن و مزگەوتێک بە ناوی جامی هەیە.

یەکێک لە تایبەتمەندییە گرینگەکانی بازاڕی ورمێ، سادەبوونیەتی. بینایەکی گەورە بە خشتی سوور، تەلارسازی بە شێوەی "گونبەدی" و کەوانەیەکی بەرز لە جوانییەکانی بازاڕی کۆنی ورمێیە کە گەشتیارێکی زۆر بۆ ئەم ناوچەیە ڕادەکێشێت. ئەم بینایە لەسەر شێوازی تەلارسازیی سەفەوی دروست کراوە. لە سەردەمی قاجاڕدا، بازاڕەکە بەرفراوان کرا و گۆڕانکاریشی بەسەردا هێنرا. هەرچەندە تەلارسازیی بازاڕەکە سادەیە، بەڵام مرۆڤ ناتوانێت سەرنج بە شکڵ و شێوازە کۆنەکەی نەدات.

لە بازاڕی کۆنی ورمێدا، لە کەلوپەلی ڕەسەن و ئەنتیکەوە بگرە هەتا دووکانی زێڕنگەری، مسگەری، چەقۆسازی، پێڵاوسازی، کریستاڵفرۆشی، بەزازی و بۆنفرۆشی و... هتد، دەدۆزیتەوە و ئەمانە دیمەنێکی جوانیان بەم بازاڕە بەخشیوە.

دیمەنە خۆش و جوانەکانی بازاڕەکە وای کردووە کە گەشتیارێکی زۆری بیانیش سەردانی ئەوێ بکەن و لە ڕەسەنایەتیی بازاڕەکە سوود وەربگرن.

 

 

KURDŞOP
514 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!