چەند شوێنێکی گەشتیاری و مێژووییی شاری سنە

چرۆ هەورامی

 

چیای ئاویەر

شاخی ئاویەر بە بەرزیی ٢٥٥٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە، لە ٣ کیلۆمەتریی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە.

ئاویەر واتە شوێنێک کە ئاوی زۆری هەبێت، بۆیەش ناوی ئەم شاخەیان ناوە ئاویەر چونکە شاخەکە ئاوی ژێرزەوی و کانیاوی زۆری هەیە، لەوانە "کانیی سەنگشکێن، کانیی شەفا و حەفت ئاسیاب" و... کە خەڵکی ناوچەکە بۆ خواردنەوە کەڵکی لێ وەردەگرن؛ هۆکارەکەیش دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە چەندین ساڵە ئاوی شاری سنە بۆنی لێ دێت و خاوێن نییە. ئاویەر بە دوو بەش ناسراوە، ئاویەری گەورە بە بەرزیی ٢٥٥٠ مەتر و ئاویەری چکۆلە بە بەرزیی ٢٣٥٠ مەتر و شاری سنە لە داوێنی ئەم شاخە هەڵکەوتووە.

ئاوی کانیاوەکانی چیای ئاویەر کە هاوکات پارکێکی دارستانی لە دڵیدا هەیە، تا ئێستاش سەرچاوەی ئاوی کۆشکە مێژوویییەکانی "خەسرۆئاوا، ئاسەف و وەکیل و کۆمەڵێک بینای مێژووییی دیکەیە.

ئاویەر بووەتە ناسنامەیەک بۆ شاری سنە و زۆر شاعیر و هەڵەبەستوان شێعریان بۆ ئەم شاخە سەربەرزە نووسیوە، جیا لەمە بووەتە شوێنێکی گەشتیاریش کە هەر کەسێک سەردانی شاری سنە بکات بەدڵنیایییەوە دەچێتە ئاویەر.

شاخی ئاویەر چەندین پارکی گەشتیاریی لەخۆ گرتووە، لەوانە: "پارکی ئەمیرییە، ئەمانییە، پارکی منداڵان و دارستانی گوێزەکوێر" و لەم ساڵانەی دواییشدا پارکی "مەشاهیر"ی پێ زیاد بووە کە تازە ئەم پارکە دروست کراوە، هەروەها لەم پارکانەدا شوێنی مانەوە و دانیشتن بۆ گەشتیاران دروست کراوە.

شاخی ئاویەر بەهۆی هەڵکەوتە و دیمەنە جوانەکەی، شاخەوانان بۆ شاخەوانی ڕووی تێ دەکەن، تەنانەت شاخەوانانی شارەکانی دیکەیش دەچنە ئەوێ.

پارکی ئەمیرییە بە یەکێک لە گەورەترین سینەماکراوەکانی جیهان دادەنرێت کە شاشەی سینەماکە ١٢ x ٢٥ مەتر دەبێت، دەنگی فیلمەکانی ئەم سینەمایە لە ڕێگەی شەپۆلی ئێف ئێم ڕادیۆ لە هەر شوێنێکی ئاویەر بی، دێت و پەردەی سینەماکە لە وەها شوێنێک دانراوە کە دە هەزار کەس دەتوانن لە بەرامبەریدا بن و بیبینن.

بەداخەوە کەڵکوەرگرتنی کانزا لە کێوی ئاویەر بووەتە هۆی ڕووخانی بەشێک لەم کێوە و بەرپرسانی پەیوەنیدار ئەم کارەساتەیان پشتگوێ خستووە و گرینگیی پێ نادەن، کەڵکوەرگرتن لەم کانزایە و هاتوچۆی ماشینی بارهەڵگر بووەتە هۆی دروستبوونی خاک‌و‌خۆڵ و ڕێگری لە گەشتیاران و شاخەوانان بۆ سەرکەوتن بەسەر لووتکەی شاخەکەدا.

حەمامی خان

حەمامی خان یەکێک لە حەمامە کۆن و شوێنە گەشتیارییەکانی سنەیە کە پێشینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی قاجاڕ. ئەم حەمامە لە نزیکی مزگەوتی داروغە و لە ناوەڕاستی شارەکەدایە. بە گوێرەی بەردنووسەکانی نێو حەمامەکە، ئەم بینایە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەمانوڵڵا خان ئەردەڵان، والیی کوردستان دروست کراوە و لە ساڵی ١٢٢٠ی کۆچی تەواو بووە. مێعماریی بینای حەمامەکە زۆر نزیکە لە مێعماریی حەمامەکانی ناوچەکانی دیکەی ئێران، لە بەشە جیاوازەکانی دەتوانین باسی هۆڵی چوونە ژوورەوە، هێڵکاری، سربانە (حەمامی سارد)، دەرگای ناوەڕاست، بینە (حەمامی گەرم)، گەنجینەی تایبەتمەندی، ئاودەست و خەزنەی ئاوی بکەین. لە ساڵی ١٣٧٧ بەشی گشتیی میراتی ڕۆشنبیری، ئەم خانووەی کڕی و لە ساڵی ١٣٧٨ دەستی بە نۆژەنکردنەوەی کرد. حەمام خان لە ٢٥ی ئازاری ساڵی ١٣٧٨ بە ژمارە ٢٦٠٣ لە لیستی بەرهەمە نەتەوەییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.

کلیسای سنە

ئەرمەنییە مەسیحییەکان کە لە حکوومەتی عوسمانی دەر کرابوون، لە سەردەمی دەسەڵاتی سەفەویدا پەنایان بۆ ئێران برد و لە نزیک شاری سنە نیشتەجێ بوون. دوای ماوەیەکی زۆر لە سەردەمی قاجاڕدا ئەو ئەرمەنییانەی کە هاتبوونە نزیکی شاری سنە، کلیسایەکیان بۆ خۆیان دروست کرد تا بتوانن پەرستش و عیبادەت بکەن. ئەو کەنیسەیە ناوی کلیسای سنە بوو و ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی شاری سنە. ئەم کەنیسەیە یەکێک لە جوانترین تەلارسازییەکانی لەنێو بینا مێژوویییەکان هەیە، هەندێک لە جوانترین شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی بریتین لە کانیاوی ئاوی بەردین و کانیاوی ئاوی ناو حەوشەکەی.

کۆشکی خەسرۆئاوا

کۆشکی خەسرۆئاوا سەردەمانێک شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی ئەردەڵان بووە، ئەم بینا مێژوویییە بە گرینگترین بینای کوردستان ناسراوە. ئەم کۆشکە یەکێک لە جوانترین و باشترین تەلارسازییەکانی لەنێو کۆشکەکانی کوردستاندا هەیە و گچکە جوانەکانی دەتوانن سەرسامتان بکەن. لەم کۆشکەدا چەندین ڕێوڕەسم بەڕێوە دەچوو و پاشاکانی سەردەمی قاجاڕ بۆ ئاهەنگ و پشوودان گەشتیان بۆ ئەم کۆشکە دەکرد و میوانی بنەماڵەی ئەردەڵان دەبوون.

KURDŞOP
559 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!