تاڤگەی "سوولە دووکەل" لەنێو شاخی سێ سنووردا

سۆلین ورمێ

تاڤگەی "سوولە دووکەل" یەکێکە لە جوانترین، سەرنجڕاکێشترین و بەرزترین تاڤگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە لە تەنیشت شاخی داڵامپەڕ هەڵکەوتووە.

ئاوەکە بەهۆی قەبارە و فشاری زۆرەوە دەڕژێتە خوارەوە و بەم هۆیەوە دڵۆپێکی زۆر لە هەوادا بڵاو دەبێتەوە و دەڵێی دووکەڵ دەوری تاڤگەکەی داوە، بۆیە ناوی "دووکەل"یان لەسەر ئەم تاڤگەیە ناوە.

تاڤگەی "سوولە دووکەل" دەکەوێتە نزیک سنوورە هاوبەشەکانی ڕۆژهەڵات، باشوور و باکووری کوردستان و لە تەنیشت شاخی بەناوبانگی داڵامپەڕ هەڵکەوتووە. شاخی داڵامپەڕ سەر بە سێ بەشی کوردستانی گەورەیە: ڕۆژهەڵات، باکوور و باشوور.

دوو ڕێگای هاتوچۆ بۆ تاڤگەی "سوولە دووکەل" هەیە، یەکێکیان لە شاری ورمێوە دەچێت و ئەوی دیکەیان لە شاری شنۆوە دەچێت. هەردوو ڕێگاکە دەگەنە شارۆچکەی دزەی مەرگەوەڕ و پاشان گوندی گێسیان. لەم گوندەوە گەشتیار پێویستە ٩ کیلۆمەتری تر (نیو کاتژمێر) ڕێگا ببڕێت بۆ ئەوەی بگاتە تاڤگەکە. چەند کیلۆمەترێک دوای شارۆچکەی دزە و گوندی گێسیان، ڕێگاکە قیرتاو کراوە. بەڵام بۆ ئەوەی بتوانن بچنە تاڤگەی "سوولە دووکەل"، دەبێ نزیکەی حەوت کیلۆمەتر لە ڕێگای خاکییەوە بڕۆن هەتا بگەنە شوێنی مەبەست.

ئەم تاڤگەیە یەکێک لە سەرچاوەکانی دابینکردنی ئاوی ڕووباری "باراندز"ە و ئەم ئاوە بۆ کشتوکاڵی خەڵکی ناوچەکە زۆر بەسوودە. بەرزاییی تاڤگەی "سوولە دووکەل" نزیکەی ٤٠ مەترە و پانییەکەی ١٠ مەترە. قەبارەی ئاوی ئەم تاڤگەیە بە تایبەتی لە سەرەتای بەهاردا هێندە زۆرە کە کاتێک دەڕژێتە خوارەوە دەنگێکی ترسناکی هەیە.

ئەم تاڤگە جوانە لە ناوچەیەکی زۆر پاک و خۆش هەڵکەوتووە و سەردانکردنی لەلایەن ژینگەدۆستانەوە بووەتە هۆی سەرسووڕمانیانەوە.

"سوولە دووکەل" یەکێکە لە تایبەتترین تاڤگەکانی کوردستان کە ئاوەکەی لە بەرزیی سێ هەزار و ٤٨٧ مەترەوە دێتە خوارەوە.

ناوچەی دەوروبەری ئەم تاڤگەیە چەند تایبەتمەندییەکی دیکەی هەیە کە گەشتیاران بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، لەوانە:

- ژینگەی سروشتیی سەرنجڕاکێش و جوانی دەوروبەری تاڤگەکە.

- بوونی ئاژەڵە کێوییەکان وەکوو گورگ، ڕێوی، بزنی کێوی، باڵندە جۆراوجۆرەکان، کەروێشک، ورچ و ماتماتۆکی کوردستانی (تایبەتن بە ناوچەکانی کوردستان و ڕەنگیان ڕەشە و خاڵی زەردیان تێدایە) و هتد لە سروشتی دەوروبەری تاڤگەکە.

- بوونی هەوارنشینەکان لەم ناوچەیەدا.

- بوونی کارگی (قارچک) بەتام کە سەرنجی گەشتیاران بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.

باشترین وەرز بۆ سەردانکردنی ئەم تاڤگەیە، وەرزی  بەهارە. کاتێک بەفری زستان دەتوێتەوە و زۆرترین قەبارەی ئاو لە تاڤگەکەوە دەڕژێت، ئەوکات گەشتیاران دەتوانن سەردانی بکەن. لە وەرزی هاویندا لە دەوروبەری تاڤگەکەدا هەوارنشینەکانیش هەن و جوانییەکی بێهاوتایان بەم ناوچەیە بەخشیوە.

ساڵانە هەزاران گەشتیاری بیانی و ئێرانی سەردانی ئەم تاڤگەیە دەکەن و ئەمەش بۆ داهاتی بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە زۆر بەسوودە.

وێنە: تاڤگەی "سوولە دووکەل"، ١٤٠ ساڵ لەمەوبەر.

وێنەکە لەلایەن زانکۆی "هارڤارد"ی ئەمریکاوە گیراوە.

KURDŞOP
712 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!