"بەنداوی دووکان" گەورەترین بەنداوی باشووری کوردستان


 

- سیپان سۆفیزادە

 

ئاو واتە ژیان، هیچ کەسێک بەبێ ئاو ناژی و هیچ زیندەوەرێک بەبێ ئاو ناتوانێت بژی، ئاو ڕووبەرێکی گەورە لەسەر زەوی داگیردەکات.

"بەنداو"یش پێکهاتەیەکە لەسەر ڕووبارێک درووست دەکرێت و دەبێتە هۆی گلدانەوەی ئاو بە مەبەستی ڕێگریکردن لە لافاو و کۆکردنەوەی ئاو بۆ کشتوکاڵ یان خواردنەوە و بەکارهێنان یان بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، دروستکردن و بنیادنانی بەنداوەکان کاری ئەندازیاری شارستانییە.

هەرێمی کوردستان بەھۆی بوونی شوێنی ئەسترۆنۆمی و ئاو و هەوای گونجاو، خاوەنی ڕووبەرێکی بەرفراوانی ئاوییە. بەمەبەستی سوود وەرگرتن لەو سەرچاوە ئاوییانە، چەندین بەنداوی گەورە و بچووک و مامناوەند دروست کراون.

لە باشووری کوردستان "١٧" بەنداوی سەرەکی هەن کە جێبەجێ کراون و ساڵانە توانای گلدانەوەی "١٠" ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە، کە دیارترین  و گەورەترینیان "بەنداوی دووکانە".

بەنداوی دووکان لەدەربەندی دووکان لەسەر زێی بچووک دروست کراوە و گەورەترین و دیارترین بەنداوی باشووری کوردستانە و لە دوای بەنداوی موسڵ دووەم گەورەترین بەنداوە لە عێراق.

بەنداوی دووکان دەکەوێتە ڕۆژئاوای دەشتی ڕانیە و "٦٠" کیلۆمەتر لە شاری سلێمانی و "١٠٠" کیلۆمەتر لە شاری کەرکووک دوورە.

بەرزیی دیواری بەنداوەکە "١١٦" مەترە و درێژیی بەنداوەکە "٢٦٠" مەترە. بەنداوەکە "٥١٦" مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، ڕووبەری ئەو زەوییەی کە بەنداوەکە ئاوی دەدات "١١٦٩٠" کیلۆمەتر دووجایە. ئەستوریی بەنداوەکە لە بنکەکەیدا "٥٤" مەترە و لە بەشی سەرەوەی "٦،٢٠" مەترە، توانای گلدانەوەی "٦ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن" مەتر سێجا ئاوی هەیە. ئەو بەنداوە لە جۆری کۆنکرێتیی کەوانەییە، هەروەها بێل ماوسی هەیە بۆ کاتی سەرڕێژبوونی ئاوەکە. ڕووباری زێی بچووک لە ناوچەی زاب لە باشووری رۆژئاوای کەرکووک دەڕژێتە نێو ڕووباری دیجلەوە.

مێژووی دروستکردنی بەنداوی دووکان

بەردی بناغەی ئەم بەنداوە لە ساڵی "١٩٥٤" لە لایەن مەلیکی عیراق "مەلیک فەیسەڵ"ەوە دانرا. لە بناغەی ئەم بەنداوەدا مەلیک فەیسەڵ فلسێکی عێراقی دانا وەک ھێمایەک بۆ ئەو سەردەمە کە بچووکترین دراوی ئەوسەردەمە بوو. ئەم بەنداوە لە ساڵی "١٩٥٤" دەست کرا بە دروستکردنی و لە ساڵی "١٩٥٩" تەواو بوو. دروستکردنی بەنداوەکە لەلایەن کۆمپانیای "دۆمیز بالوتی" فەرەنسییەوە بە سەرپەرشتی ھەردوو کۆمپانیای "بنی دیکن و کۆرلی" ئەنجام درا.

ئەم بەنداوە بڕی "١٤" میلیۆن دیناری ئەو سەردەمەی تێچووە لە کاتێکدا کە ڕۆژانەی کرێکارێکی ئەو سەردەمە "٢٥" فلس بوو.

 

شێوازی درووستکردنی بەنداوی دووکان

عەمباراوی بەنداوی دووکان بریتییە لە عەمباراوێکی کۆنکریتی "کەوانەیی"، درێژییەکەی لەڕۆخی لای ڕاستەوە بۆ ڕۆخی لای چەپ "٣٦٠" کیلۆمەتر دەبێت، بەرزییەکەی "١١٦" مەترە، لەلای ڕاستی بەنداوەکەوە تونێلێک بەقوڵایی "١٢،٥" مەتر هەڵکەندراوە، دەرگایەکی ئاسنیان تێ خستووە بۆ ئاوبەردان و ئاو گرتنەوە بەکاری دەهێنن، هەروەها پێنج کونی تێدایە، کەمەرەکانیان "٣،٦٥" مەترە و لەپێش هەر کونێکدا تۆربینێکی گەورە دانراوە بۆ درووستکردنی کارەبا کە مەبەستی هەرە گەورەیە لەدرووستکردنی بەنداوی دووکان و کۆکردنەوەی ئاوی ڕووباری زێی بچووک و بەتایبەتی لە کاتی بوژانەوە و زیادبوونی ئاودا بۆ ئەوەی بەشەکانی دیکەی کوردستان ژێر ئاو نەکەون.

بە دروستکردنی ئەم بەداوە چاڵێکی یەکجار زۆر گەورە لەپشت دیواری بەنداوەکە دروست کراوە کەپانتاییەکەی "٢٦٠" کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. ئەم بەنداوە لە سەرەتاوە توانایی بەرهەمهێنانی "١٢٠" هەزار کیلۆ وات کارەبای هەبوو، بەڵام لە ئێستادا ڕێژەی بەرهەم هێنانی کارەبای بەنداوەکە دابەزیووە.

سوودەکانی بەنداوی دووکان

١- هەڵگرتن و پاشەکەوت کردنی ئاوی باران.

٢- بەرهەم هێنانی وزەی کارەبا بەبڕی "٤٠٠" مێگاوات بە هۆی "٥" تۆرباینەوە.

٣- ئاودانی ڕووبەرێکی زەوی بە بڕی "١،٥٠٠،٠٠٠" دۆنم لە دەشتەکانی ناوچەی هەولێر و کەرکووک.

٤- بەخێوکردنی ماسی کە بووەتە سەرچاوەی داهات بۆ ئەو کەسانەی بەم پیشەیەوە خەریکن.

٥- کەم کردنەوەی مەترسیی لافاو.

KURDŞOP
892 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!