گۆلی زرێبار گەورەترین دەریاچەی ئاوی شیرین لە کوردستان

چرۆ هەورامی

گۆلی زرێبار یەکێک لە گەورەترین گۆلەکانی ئاوی شیرینی کوردستان و ئێرانە و و بە یەکێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە سروشتییە بەناوبانگەکانی کوردستان دادەنرێت. گۆلی زرێبار لە کانیاوی بنی گۆلەکە سەرچاوە دەگرێت و هیچ ڕووبار و چەمێکی تێ ناڕژێت.

بەرزایی گۆلی زرێبار لە ئاستی دەریاوە ١٢٩٠ مەترە، درێژییەکەی ٨ کیلۆمەترە (باشوور- باکوور) و پانتاییەکەی (ڕۆژهەڵات- ڕۆژاوا) ٣ کیلۆمەترە.

گێڕانەوەی چیرۆکێک لەبارەی دروستبوونی زرێبار:

سەبارەت بە دروستبوونی زرێبار، لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا چیرۆکێک هەیە کە دەڵێن لە جێگای ئێستای زرێباردا شارێک هەبووە کە ناوی حاکمی ئەو شارە "فەیلەقووس" بووە. دەروێشێک لەگەڵ ژنە دووگیانەکەی بە سواری کەرەکەیانەوە دەچنە نێو شار. پیاوەکانی فەیلەقووس کلکی کەرەکەیان دەبڕن و ژنەکە دەکەوێتە خوارەوە و منداڵەکەی لەبار دەچێت. دەروێش دەچێتە لای حاکم و گلەیی و گازندەی خۆی دەکات. فەیلەقووس بە شێوەیەکی خراپ وڵامی دەداتەوە و بێگاریی پێ دەکات. دەروێش دەچێتە سەر بەرزاییی شاخێک و سەری دەخاتە سەر عەرز و لە خودا دەپاڕێتەوە و نزا دەکات. کاتێک سەری بەرز دەکاتەوە و سەیری خوارەوە دەکات، ئاو شارەکەی داپۆشیوە و بەم شێوازە گۆلی زرێبار دروست دەبێت. لە بەرزاییەکانی ڕۆژهەڵاتی زرێبار گۆڕێک هەیە کە دەگوترێت گۆڕی ئەو دەروێشەیە. ئەم چیرۆکە لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا بەم شێوازە بڵاو بووەتەوە و زۆر بەڵگەفیلم لەسەری دروست کراوە.

لە ڕاستیدا گۆلی زرێبار یەکێک لە گەورەترین گۆلەکانی ئاوی شیرینە لە جیهاندا، بەپێی لێکۆڵینەکان، مێژووی دروستبوونی ئەم گۆلە دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا. ئەم گۆلە گرینگترین شوێنی گەشتیاریی شاری مەریوان و پارێزگای سنەیە کە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە بیانی و ناوخۆیی سەردانی دەکەن.

شوێنە گەشتیارییەکانی گۆلی زرێبار:

یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم گۆلە دوورگەی گەڕۆک لەنێو گۆلەکەدایە؛ دوورگەی گەڕۆک کە لە پێچانی ڕەگی دارەکان پێک دێن، لەسەر ئاو دەجووڵێن و جاروبار بە با و شەپۆلی ئاو یەکتر دەگرن.

تایبەتمەندییەکی دیکەی شوێنە گەشتیارییەکانی ئەم گۆلە، چاولێکردنی باڵندەکانە. بە سەردانکردنی شاری مەریوان و ڕۆیشتن بۆ گۆلی جوانی زرێبار، مرۆڤ بینەری چەندین جۆر باڵندەی وەک "لەق لەق و مراوی" دەبن کە لەسەر ئاوی زرێبارن. "فلامینگۆ"ش یەکێک لەو باڵندە جوانانەیە کە لەو گۆلەدا بینراون و جوانییەکی تایبەتیان بەم گۆلە بەخشیوە.

هەروەها لەم ناوچەیەدا چەندین جۆری گیای تایبەت هەن و هەندێک گیا لە دەوروبەری دەریاچەکەدا دەڕوێت کە ناوەکانیان بۆ زۆر کەس نادیارە.

لەنێو گۆلی زرێبار چەندین جۆر ماسی و هەروەها گیانلەبەری وەک "سەگی ئاوی" هەیە. (سەگی ئاوی قازانجێکی زۆری بۆ ئاوی زرێبار هەیە و ئەو ماسییانەی کە بە نەخۆشی مردارەوە دەبن و دەکەونە سەر ئاو، دەیانخۆن). هەروەها پشیلەی وەحشی لە دەوروبەری زرێبار دەژین.

دەریاچەی زرێبار یەکێکە لە سەرچاوەکانی داهاتی شاری مەریوان و ڕۆڵێکی کاریگەری لە پاککردنەوەی کەش و هەوا هەیە.

چەند خاڵی سەرنجڕاکێش لەسەر گۆلی زرێبار

یەکێک لە شتە سەرنجڕاکێشەکانی دەریاچەی زرێبار بەلەمەوانییە و خەڵک بۆ بینینی سروشتی دەریاچەکە سواری بەلەمی ماتۆڕی و پێداڵی دەبن.

هەروەها "پاراگلایدێر" بۆ فڕین بەسەر دەریاچەکەدا هەیە و ئەگەر کەسێک بییەوێت بەسەر دەریاچەکەدا بفڕێت، سواری پاراگیلایدێر دەبێت و لە ئاسماندا سەیری جوانیی دەریاچەکە دەکات.

هەروەها برژاندنی ماسی لە زرێبار سەرنجی گەشتیاران ڕادەکێشێت و چەندین جۆر ماسیی خۆجێیی لە گۆلی زرێبار بۆ خواردن بەکار دەهێندرێت.

گۆلی زرێبار لە ساڵی ٢٠٠٩دا وەک پەناگەیەک بۆ ژیانی ئاژەڵە کێوییەکان و لە ساڵی ٢٠١٠دا وەکوو میراتی سروشتی لەلایەن ئێرانەوە تۆمار کراوە.

گۆلی زرێبار لە ناو ئەدەبیاتی کوردیدا:

شاعیری ناوداری کورد "ناری" لە شیعرێکیدا کە بۆ شێخ مەحموودی حەفید نووسیویەتی، باسی زرێباری کردووە کە بەشێک لە شێعرەکە وەهایە:

"کە من غەرقی زرێباری خەمی تۆ بم لە بێلوودا

لە ناڵە و شیوەن و دەرد و خەمی ئەغیار و یارم چی"

هەروەها شاعیر مەولەویی کورد لە شیعرێکی هەورامیدا باسی زرێبار دەکات:

ساتێک قافڵەکەت ساکن کە سەیر بۆ

یە عەرزێ دێرم ئۆغرت خێر بۆ

گێجی زرێبار ھەرسم مەوج وەردەن

سارای مەریوان تەمام ھەڕ کەردەن

بازش ھەناسەم ، سوب وەنەش دەرۆ

یەخ کەرۆ ، قەتار ئاسان بوویەرۆ

کۆتایی:

شایانی باسە کە ئەم گۆلە جوان و سەرنجڕاکێشەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە شوێنی گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتە، مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە. ئاوی ئاوەڕۆ کە دەڕژێتە نێو ئەم گۆلە مەترسییە بۆ سەر گیانی بوونەوەر و باڵندەکانی زرێبار. هەروەها لێدانی بیری ئاو لە دەوروبەری زرێبار بە مەبەستی کشتوکاڵ مەترسییەکی دیکەیە بۆ وشکبوونی کانیاوەکانی زرێبار، هەروەها کەسانی دژە ژینگەی کوردستان بە بەردەوامی قامیش و سروشتی دەوری زرێبار دەسووتێنن و هەر ساڵ زیانێکی گەورە وەبەر گۆلەکە دەکەوێت. ئەو چەند خاڵە و دەیان خاڵی دیکە هەن کە ئەگەر پێشیان پێ نەگیردرێت، بە دڵنیایەوە هۆکاری گرینگی وشکبوونی گۆلی زرێبار و نەمانی گیانلەبەرەکانین.

KURDŞOP
857 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!