سیروان ناڕژێتە دەربەندیخانەوە: چەکی بەنداوی ئێران دژ به باشووری کوردستان

هەورام ئەحمەدی
 
«دەشتی بیارە، ئاوەکەی سیروان/گۆرانی عەشقە و ئاوازی ژیان». ئەمه بەشیک لە گۆرانیەکە بە ناو «سیروان»، یەکیک لە بەناوبانگترین گورانیەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. جیا لە هەر باسێکی دیکەی ئەم گۆرانیه، ئەوەی ئەتوانێت سەرنجڕاکێش بێت ئەوەیه که ڕووباری سیروان  بە خۆڕەی ئاوەکەی لە هەورامانەوە بۆ دەربەندیخان، هێماێکی بەهێزی یەکگرتنەوەی دوو بەشی کوردستانه: واته ڕۆژهەڵات و باشوور. کەوایه، ئەم ڕووباره نەک بەتەنها بۆ ڕژهەڵاتی  و بەتایبەت دەڤەری هەورامان بەلکوو بۆ باشووری کوردستانیش مانابەخشی ژیانه. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیه که لە 2018 بەدواوە، سیروان وەک جاران ناڕژێته دەربەندیخانەوە. بەڵام بۆ؟ وەڵامەکه لە سیاسەتی کۆلۆنیالیستی دەوڵەتی ئێرانه!
زۆرتر لە هەر وڵاتێكی دیکه، دابینکردنی ئاوی عیراق و باشووری کوردستان گرێدراوی ئەو سەرچاوە ئاویانەیە که لە دەرەوەی عێراق، بەتایبەت تورکیا و ئێران سەرچاوە ئەگرێت. لەڕاستیدا، سەرچاوە سەرەتاییەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان پێنج ڕووباری سەرەکین، کە ٧٥٪ ئاو بۆ مەبەستی خواردنەوە، کشتوکاڵ، پیشە‌سازی و کەرتە ئابووریه پێوەندیدارەکان دابین دەکەن. دوو لەو ڕووبارانە بە ناوەکانی سیروان و زێی بچووک لە ئێرانەوە بەرەو ناوچەکە دەڕژێن کە دەڵەتی ئێران لەم دوو دەیەی ڕابردووەدا لە پڕوژەی بەرفراوانی کۆکردنەوەی ئاوە سنووریه هاوبەشەکان لێشاوی ئاوەکان بۆ باشووری کوردستان سنووردار کردووه.


نەخشه: بەنداوەکانی ئێران لەسەر ڕووباری زێی بچووک

 

نەخشه: بەنداەکانی ئێران لەسەر ڕووباری سیروان


 

کۆماری ئیسلامی ئێران ئاوی وەک میتۆدێک بۆ زیادکردنی کاریگەری خۆی بەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا جێگر کردووە. حکوومەتی ئێران کۆمەڵێک بەنداوی لەسەر ڕووبارەکان دروستکردووە کە پێشتر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەڕژانە ناو دەشتەکانی باشوور. لەڕاستیدا، ئێستە زنجیرەیەک بەنداوی ئێران لەسەر ڕووبارەکانی «زێی بچووک»  و «سیروان» بوونیان هەیە کە ئاو و کارەبای ئاوی لە ئێران دابین دەکەن، بەڵام ڕۆیشتنی ئاو بۆ هەرێمی کوردستانیش سنووردار دەکەن. یەکێک لەوانه بەنداوی داریان لە سەر ڕووباری سیروان و پارێزگای کرماشانی ئێرانە کە کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر ڕۆیشتنی ئاو بۆ پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان. بە سەدان دێهات تەنها لە ڕێڕەوی ڕووباری سیروان و هەروەها دوو شاری کەلار و هەڵەبجە تووشی قەیرانی وشکەساڵی و کەم ئاوین. چەند ساڵێکه بەنداوی دەربەندیخان بە دەگمەن ئەتوانێ ئاوی کشتوکاڵی ناوچەکە دابین بکات. هۆکاری سەرەکی بەنداوی داریانه.

 

وێنه: بەنداوی داریان لە هەورامانی ڕۆژهەڵات

 

بە‌پێی زانیاریە بەردەستەکان، بە هۆی بەنداوی داریان کە لە ساڵی 2018 تەواو کراووه، لێشاوی ئاوی ڕووباری سیروان بۆ هەرێمی کوردستان تا 60% کەمی کردووە. ئەمەش کاریگەری لەسەر سەدان هەزار کەس لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەبێت. حاشاهەڵنەگره که کەمبوونەوەی لێشاوی ڕووبارەکان دەبێتە هۆی قەیرانی ئاوی خواردنەوە و کاریگەری زۆری لەسەر کەرتەکانی کشتوکاڵ، کارەبای ئاوی و ماسیگرتن لە هەرێمی کوردستان هەیه. بەپێی ئامارەکان، ئەگەر ئاو لە ئێرانەوە زیاتر کەم ببێتەوە زۆرتر لە سێ هەزار و دووسەد هێکتار زەوی کشتوکاڵ لە ناوچەکانی هەڵەبجە، سەیدسادق و دەربەندیخان لەدەست دەچێت. قەیرانی ئاو خەڵک ناچار دەکات پەنا بۆ ئاوی ژێر زەوی ببەن کە سەلامەت نییە بۆ خواردنەوە و ئەمەش لە بەرامبەردا دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی تەندروستی و زیادبوونی نەخۆشی.


وێنە: بەنداوی دەربەندیخان لە هەرێمی کوردستان 

 

هەروەها، کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە. نەبوونی ئاو جووتیارانی و وەرزێڕانی باشووری کوردستانی ناچار کردووە واز لە چاندنی بەروبوومی وەک وەک برێنج، تەماتە، شووتی/هەنی و هەروەها بەخێوکردنی ماسی بهێنن کە بۆ بەرهەمهێنانیان ئاوی زۆر پێویسته. ئەمەش دەبێتە هۆی نەبوونی ئاسایشی خۆراک لە عێراق و هەرێمی کوردستان، و هەروەها وایکردووە  کە هەرێم لە ڕووی ئابوورییەوە زیاتر پێبەستەی هەناردەکردنی ئەو پێداویستیانه لە ئێرانەوە بێت.
لەم ساڵانەی دواییدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو چین و توێژەکانی پارێزگای هەڵەبجە بە لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە درووستکردنی بەنداوی داریان لە ئێران دەربڕێوه. هەروەها نیگەرانییەکان پەیوەندییان بەو ڕابردووە دڵتەزێنەوه هەیە کە شاری هەڵەبجە کە لە ساڵی 1988 لە سەردەمی ڕژێمی سەدام حوسێن توشی کیمیاباران کرا، لادانی  ڕووباری سیروان لەسەر دەربەندیخان دەبیته قەیرانێکی دیکەی مرۆیی بەسەر دانیشتوانی ئەم شارەدا.


 
هەر بۆیه، تایبەتمەندی پڕۆژەی پیشەسازی بەنداوی ئێران لە کوردستان ئەوەیه که نەک تەنها کاریگەری نەرێنی هەژێنەر لە بواری ژینگەیی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان درووست کردووه، بەڵکوو لە ڕێگەی  قورخکردن و کەمکردنەوەی لێشاوی ئاو بۆ هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا وەک چەکێک دژ بە باشووری کوردستانیش بەکار هاتووه.
 

KURDŞOP
686 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!