گۆڕەپانی ژنی ئازاد لە کۆبانی

ئاراس حەسۆ

باوباپیرانمان ده‌یانگوت کە پێشتر شاری کۆبانی خاوەن دار، زەوی و کانی بووە و شار لەنێو سەوزاییەکی ناوازەدا بووە. بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ بەهۆی کەمیی کانی، سەوزاییەکانیش کەمیان کرد. شار بە شوێنە جوان و مێژووییەکانی ناسراوە و لە جیهاندا دەدرەوشێتەوە. کاتێک باسی کۆبانی دەکرێت، یەکسەر "مشتەنوور، قەرەبەرکەل، مکلەتێ و گۆڕەپانی ژنی ئازاد"، سەرنجی خەڵک ڕادەکێشن.

هەرچەندە ئەم شارە بچووکە شوێنی زۆر گەورەی نییە بۆ سەردانکردن، بەڵام هەمیشە شوێنێک بووە کە خەڵک یادەوەری و بەسەرهاتەکانی منداڵیی خۆیان دێتەوە یاد.

هەمیشە لە باوکمان دەپرسی بۆچی لە شارەکەماندا شوێنی گەشتیاری نییە؟ پێمانی دەگوت، ڕێژیمی بەعس لە سووریە هەلی کاریان بۆ گەنجەکان نەدەڕەخساند و گەنجەکان لە شارە گەورەکانی وەک دیمەشق و لوبنان پەرشوبڵاو بوون و بەدوای کاردا دەگەڕان، جگە لەوەش ئەم شارە سنوورییە کوردانەیان پشتگوێ خست و هیچیان بۆی نەکرد. هیچ شتێکی جوانیان تێدا دروست نەکرد، نە کارگە، نە فەرمانگە، نە باڵەخانە، نە هیچ، بەهۆی ئەمەوە ئەم شارە بێ خاوەن مایەوە.

ڕۆژ و مانگ و ساڵ تێپەڕی. هەمووان دەزانن لە شاری بەرخۆدان، لە کۆبانی، لە ساڵی ٢٠١٤دا، لەلایەن شەڕڤانان و چەتەکانی داعش شەڕ هاتە ئاراوە و هەزاران شەڕڤانی کورد شەهید و بریندار بوون. بۆ ئەو دەسکەوتە، زۆر شتی پیرۆز پێشکەشی ڕۆژاوای کوردستان و شار و نەتەوەکەی کرا.

لە ساڵی ٢٠١٦دا بەهۆی شەڕەوە ٧٠ لەسەدی بیناکانی شارەکە وێران بوون، زۆربەی خەڵک بە دەستی خۆیان خانووەکانیان دروست کردەوە. لە ڕۆژێکی بەهاردا، لە ١٦ی ئازاری ٢٠١٦، جارێک بینیمان بارهەڵگرێکی گەورە پەیکەرێکی گەورەی هێنایە شەقامی ٤٨، کۆمەڵێک منداڵیش بەدوای بارهەڵگرەکە کەوتبوون و بانگیان دەکرد. چووینە ئەو شوێنە، هێواش هێواش پەیکەرەکەیان داگرت و ژن و کچەکان دەستیان کرد بە دیلان. کاتێک پەردەی سپی لەسەر ئەو پەیکەرە لا درا، شانازی و ئازادیی وەسفنەکراوی خەڵک لە ڕووخساریانەوە دەرکەوت. ئەو ڕۆژە دەنگی ژن، منداڵ، لاو و گۆرانی تێکەڵ ببوون.

پاشان زیرەک میرە، ئەو پەیکەرتاشەی کە بە هاوکاریی دە هونەرمەندی دیکە پەیکەرەکەی دروست کردبوو، (ئەو هونەرمەندە بە ڕەچەڵەک خەڵکی باشووری کوردستانە)، دەستی بە وتارەکەی کرد و لە وتارەکەیدا ئاگاداری کردینەوە کە ئەم پەیکەرە دیارییە و سوپاسێکە بۆ شەڕڤانانی یەپەژە و بەرخۆدانی ژنان. ئەو ژنانەی کە ژیانی خۆیان بەخت کرد، بۆ ئەوەی ئازادی پێشکەش بە نەتەوەکەیان بکەن. لە تەنیشت ئەو پەیکەرە دوو تانکی چەتەکانی داعش دانرابوون کە لەلایەن شەڕڤانانەوە تەقێندرابوونەوە.

لەو کاتەوە ئەم پەیکەرە و ئەم شوێنە، هێما و مانایەکی نەتەوەییی هەیە. بە گوتەی حەسەن میرە، ئەم پەیکەرە ١٠ مەتر بەرزە و نوێنەرایەتیی ژنێکی شۆڕشگێڕی کورد دەکات. ئەم پەیکەرە، ڕووخساری لە ئاسماندایە، دەستێکی بۆ خۆر درێژ کردووەتەوە و دەستەکەی تری لەسەر دڵیەتی، دوو باڵە فڕیوەکەی لەسەر شانی هێمای ئازادییە و ڕەنگی سپی هێمای ئارامییە.

ئێستاش خەڵکی کۆبانی ناوی جیاوازیان بۆ ئەم شوێنە داناوە: "مەیدانی ژنی ئازاد، مەیدانی ئارین میرکان و مەیدانی بەرخۆدان". ئەمڕۆ تێدەگەین شارەکان چۆن جوان و دەوڵەمەند دەبن، شارەکان تەنیا بە خاوەنەکانیان دەدرەوشێنەوە. هەرکەسێک لە ماڵەکەی دەربچێت و بییەوێت پشوو بدات، یەکسەر ڕوو لەم شوێنە دەکات، ئەم شوێنە بووەتە شوێنی پشوودانی میللەتەکەی، ئەم شوێنە خوێنی تێدا ڕژاوە و ئێستاش منداڵانی شار ئەم پەیکەرە دەپەرستن.

KURDŞOP
687 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!