شوورای دەربەندی بازیان قەڵغانی مەلیکی کوردستان


 

- سیپان سۆفیزادە

 

شوورای دەربەندی بازیان یەکێکە لە شوێنەوارە دێرین و مێژووییەکانی کوردستان، ئەم دەربەندە بە "دەربەندی ڕووتە یان دەربەندە وشکە" ناسراوە، لەبەرئەوەی ناوچەیەکی وشک و ڕووتەن و بێ دار و درەخت بووە.

ئەم شوورایە دەکەوێتە بەشی ڕۆژئاوای ناوچەی بازیان و لە نزیک ناحیەی تەکیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵە و لە نێوان هەردوو شاری سلێمانی و کەرکووکدا هەڵکەوتووە. دەربەندی بازیان "٤٥"کم لە سلێمانی و "٦٠"کم لە کەرکووکەوە دوورە. تا ئێستا نەزانراوە لە سەردەمی کام دەوڵەت یان کام دەسەڵاتدار و پادشایەکدا ئەم شوورایە یەکەم جار دروست کراوە. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان و وتەی شوێنەوارناسان، شوێنەواری دەربەندی بازیان مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ "٣٠٠٠" ساڵ پێش ئێستا.

 "ئاشوور بانیپاڵ" سەرکردەی ئەکەدییەکان کاتێک ویستوویەتی وڵاتی "زاموا" داگیر بکات، بەلای ئەم شوورایەدا تێپەڕێوە و باسی کردووە. هەروەها ئەم شوورایە لە مێژووی دەوڵەتی "بێزەنتی"دا بە "بابیت" ناوی هاتووە.

جوگرافیناس و مێژوونووسی ئیسلامی بەڕەگەز فارس "حەمدوڵلا مستەوفی" لە کتێبەکەیدا بەناوی "نزهە القلوب" باسی دەربەندی بازیانی کردووە و بە دەربەندی "خەلیفە" ناوی بردووە.

 لە لایەکی تریشەوە "کلۆدیووس جەیمس ڕیچ" گەڕیدەی بەناوبانگی ئینگلیزی لە کتێبە بەناوبانگەکەی "گەشتی ڕیچ بۆ کوردستان"دا، باسی ئەم دەربەندەی کردووە. مێژوونووسی فارس "میرزا مەهدی خان" لە کتێبی "مێژووی نادر شا" باسی دەربەندی بازیانی کردووە و بە "ئاق دەربەند" ناوی بردووە واتە "دەربەندی سپی"، ئەمەش بەهۆی ئەوە بووە کە دەربەندەکە بەردەڵانی سپی بووە.

لە سەردەمی میرنشینی "بابان"دا مێژووی ئەم شوورایە باشتر ڕوون دەبێتەوە. لە ساڵی "١٨٦٠"ی زایینی لە سەر شێوازە کۆنەکەی نوێ کراوەتەوە و کردوویانە بە شوورایەکی بەهێز بۆ پارێزگاریکردن لە شاری سلێمانیی پایتەختی میرنشینەکەی.

لە سەردەمی حکوومەتی "شێخ مەحموودی حەفید"دا، کاتێک ئینگلیزەکان ویستوویانە حکوومەتەکەی شێخ مەحموود لە ناو ببەن، (چونکە شێخ مەحموود ملکەچی خواستەکانی ئینگلیزەکان نەبووە) هێرشیان کردووەتە سەر شاری سلێمانی، جارێکی تر لەم دەربەندەدا داستانێکی تری قارەمانانە تۆمارکرا.

بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، هێزەکانی "١٨"ی پیادەی ئینگلیز کە "جەنەڕاڵ فرایزەر" سەرکردەی بەناوبانگ لە جەنگی جیهانیی یەکەم سەرپەرشتیی دەکردن، لە نزیکەی "٧٠" هەزار سەربازی پیادە پێکهاتبوو. ئەم هێزە کە جگە لە کەرەستەی جەنگی پێشکەوتوو، بە سەدان تانک و تۆپ و زرێپۆش پشتیوانییان لێ دەکرد و هەموو لەشکرەکەش لە لایەن هێزی ئاسمانیی بریتانیاوە پشتیوانیی لێ دەکرا، لە ناوچەی مووسلەوە بەرەو سلێمانی جووڵەی پێ کرا و لە دەربەندی بازیان لەگەڵ هێزەکانی شێخ مەحموودی مەلیکی کوردستان، ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.

شێخ مەحموودیش لە "١٩"ی حوزەیرانی "١٩١٩"دا دەربەندی بازیانی کردە سەنگەری ڕووبەرووبوونەوەی ئینگلیزەکان و داستانی بەردە قارەمانی تۆمارکرد و سەرئەنجام سەرکەوتن بۆ سوپای داگیرکەر بوو، داستانی دەربەندی بازیانیش بوو بە مێژوویەکی گەش و لە لاپەڕە خوێناوییەکانی مێژووی گەلی کوردا تۆمارکرا.

شێخ مەحموود و هاورێیانی لە بەرەکانی پێشەوەی نەبەرددا ئازایانە لە بەرانبەر هێرشی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستاندا دەجەنگان. لە ناکاو، مەلیکی کوردستان بە دەستی سەربازێکی مەغۆل بە دوو فیشەک بریندار کرا و کەوتە سەر زەوی. لەو شەڕەدا بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان زیاتر لە "٥٠٠" قارەمان و جەنگاوەری کورد شەهید دەکرێن و زیاتر لە "٢٠٠" تێکۆشەری قارەمان لە سوپا و لەشکری کوردستان بە دیل دەگیرێن و دوژمنانیش زیانێکی زۆریان بەردەکەوێت کە بە سەدان سەرباز مەزەندە کراوە.

نۆژەنکردنەوەی شوورای دەربەندی بازیان:

لەسەدەی "١٩"دا "عبدولرحمان پاشای بابان" دووجار شووراکەی نۆژەن کردووەتەوە. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان هەر لە هەزارەکانی پێش زایینەوە تا سەرەتای سەدەی ٢٠ی زایینی، ئەم شوورایە هێڵی بەرگریی دەوڵەت و میرە کوردییەکان بووە.

ئەم شوورایە کە یەکێکە لە شوێنەوارە دێرین و مێژوویەکانی میللەتەکەمان، چەند جارێکی تریش لە ساڵانی ڕابردوودا نۆژەن کراوەتەوە. بۆ کۆتا جار لە ٩/٥/٢٠١٣ بە سێ قۆناغ لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە نۆژەن کرایەوە و لە ڕێوڕەسمێکی جەماوەریدا نۆژەنکرانەوەی ڕاگەیاندرا.

KURDŞOP
889 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!