ئەشکەوتی جاسەنە، پەناگەیەک بۆ شۆڕشی کورد و ڕۆژنامەگەریی کوردی


 

- سیپان سۆفیزادە

 

"ئەشکەوتی جاسەن"ە لە باشووری کوردستانە بە دووریی "٥٠" کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری سلێمانییەوە. ئەم ئەشکەوتە لە ناوچەی سورداش، لەسەر ڕێگای سلێمانی - دوکان، لە پشتی گوندی کانی خان، لە دامێنی بەرزایی "نەبی ئاغا"ی زنجیرە شاخی "سارا"، لە ناو بەندەنێکدا بە بناری چیایەکی گەورەوەیە و تاڤگەیەکی جوانیش لە نزیک ئەشکەوتەکە هەڵکەوتووە.

لەم ناوچەیەی کوردستان کە شوێنێکی گرینگ شۆڕشی باشووری کوردستان لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم بووە، ئەشکەوتێکی بەناوبانگ و دێیە‌کی وێرانکراوی بەجێماون. کوردەکان بە چاوی ڕێزەوە لە مێژووە پڕ لە شانازیی ئەو ئەشکەوتە دەڕوانن.

لە ساڵانی ڕابردوودا گوندەکە نزیکەی "٣٠٠" ماڵی تێدا نیشتەجێ بووه بەڵام دواتر لە لایەن حکوومەتی بەعسەوە وێران کراوە و چۆڵ بووە.

پێشتر جاسەنە ئەشکەوتێکی ئاسایی و جێی خۆحەشاردان و حەوانەوە بووە. بەڵام لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخ و هەلومەرجی سیاسی ئەو کاتە ئەرک و ناو و ناوبانگی ئەشکەوتەکەش گۆڕاو مێژوویەکی بەنرخی بۆ خۆی تۆمارکرد.

دەربارەی ئەشکەوتەکە:

دەروازەی چوونەوە ژوورەوە بۆ ناو ئەشکەوتەکە لە شێوەی سێگۆشەییە. ناو ئەشکەوتەکە نزیکەی "٤٠" مەتر درێژە و پانییەکەی 9 مەترە و بەرزیی بنمیچی ئەشکەوتەکەش "٧" مەترە. لەژوورەوەش لە دوو بەش پێکهاتووە؛ بەشی پێشەوەی لە ژوورێک پێکدێت و بەشی دواوەشی بچووکترە لەوەی پێشەوە.

ئێستا ئەشکەوتەکە بووەتە جێی سەرنجی گەشتیاران و هەندێک لەو گەشتیارانەی بە مەبەستی شاخەوانی سەردانی ناوچەکە دەکەن، شەوان لەو ئەشکەوتەدا ڕۆژ دەکەنەوە و بە گرینگییەوە لەو دەسکەوتە دەڕوانن.

 

گرینگیی ئەشکەوتی جاسەنە لە شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفیدەوە تا شۆڕشی نوێ

پاش هێرشی فڕۆکەی سوپای ئینگلیز لە ساڵی "١٩٢٣"، "شێخ مەحموودی" نەمر، ئەشکەوتی جاسەنەی کردە پەناگە و چاپخانەی تێدا دامەزراند و یەکەم ڕۆژنامەی بەناوی "بانگی حەق" تێدا بڵاوکردەوە.

کاتیک کە لە ڕێکەوتی ٣/٢/١٩٢٣ هێزەکانی سوپای ئینگلیز لە ڕێیی فڕۆکەوە شێخ مەحموودی حەفیدی مەلیکی کوردستانیان ئاگادار کردەوە کە خۆی بە دەستەوە بدات و لەگەڵ بەریتانییەکان رێک بکەوێت یان بە بۆمبارانکردنی شاری سلێمانی ناچاری دەکەن. بەڵام شێخ مەحموود خۆی بەدەستەوە نەدا و بۆ ئەوەی خەڵکی شارەکەشی زیانمەند نەبن، ناچار بوو ڕوو لە ناوچەیەکی تر بکات. چونکە لەوکاتەدا، هێزەکانی دوژمن بە دوو بۆردوومان چەند هاوڵاتییەکیان شەهید کرد. لەبەر ئەوە و بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان شێخ مەحموود لەگەڵ هاوەڵانیدا چاپخانەکەی برد و لە ئەشکەوتی جاسەنە گیرسایەوە.

هە ر لەو کاتەدا و لە ڕێکەوتی ٢٨/٣/١٩٢٣ لە ناو ئەشکەوتی جاسەنەدا یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی "بانگی حەق"ی بڵاوکردەوە کە یەکەمین ڕۆژنامەی شۆرشی کورده و وەک یەکەم ڕۆژنامەی سەردەمی شاخ و زمانحاڵی شۆڕشی کورد دادەنرێت لە مێژووی هاوچەرخی کوردا. سەرنووسەری ئەم ڕۆژنامەیە، کەسایەتیی ناودار و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس، "ئەحمەد خواجە" بووە.

ئەو ڕۆژنامەیە وەک یەکەمین ئۆرگانی فەرمیی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە مێژووی نوێدا هەڵدەسەنگێنرێت و دەرخستنی ڕوویەکی شارستانیی جوڵانەوەکەی شێخ مەحموودی حەفیده.

نیو سەدە دوای شۆڕشی شێخ مەحموود و لە سەردەمی شۆڕشی نوێی باشووری کوردستانیشدا، ئەشکەوتی جاسەنە بۆ "پێشمەرگە" گرینگییەکی زۆری هەبوو. ئەم ئەشکەوتە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا پەناگەیەکی گرنگی هێزەکانی پێشمەرگە بووە، لە ناوچەی سوورداش و دووکان و زنجیرە چیای پیرەمەگروون .

نۆژەنکردنەوی ڕێگای ئەشکەوتی جاسەنە:

ڕێکخراوی "یو پی پی" ئیتاڵی بە هەماهەنگیی لیژنەیەکی سەرپەرشتیاری لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی، وەک هێمای ڕێنیشاندان و جوانتر کردنی سیمای ئەشکەوتەکە و ئاسان کردنی هاتووچۆ بۆ گەشتیاران، بە بەردی سروشتیی ناوچەکە، پلیکانیان لەسەر ڕێگاکەوە تا ئەشکەوتە دروست کردووە.

ئەم ئەشکەوتە لە سەدەی ڕابردوودا و لە سەردەمی شۆڕشی باشووری کوردستاندا گرینگییەکی تایبەتی هەبووە بەڵام وەک ئەشکەوتێکی دێرین لەو ناوچەیە، ڕەنگە ئەگەر لە ڕووی مێژووییشەوە لێکۆڵینەوەی وردی لە سەر بکرێت، زۆر شتی سەرنجڕاکێش لە مێژووی کۆنی ئەو ئەشکەوتە دەرکەوێ.

KURDŞOP
1136 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!