مەچکۆ، بەناوبانگترین چایخانەی پایتەختی هەرێمی کوردستان

 

- سیپان سۆفیزادە

     

چایخانەی مەچکۆ بەناوبانگترین چایخانەی هەولێرە و دەیان ساڵە بنکەی نووسەران و هونەرمەندانی شارەکەیە، سەرەتا چایخانەکە لەناو بازاڕدا بووە، بەڵام دواتر گوازراوەتەوە بۆ دامێنی قەڵای هەولێر، وێڕای جوانییەکانی، ڕەخنەش لە ئیدارەدانی چایخانەکە دەگیرێت و دەوترێت وەک شوێنێکی بازرگانیی لێهاتووە.

چایخانەی مەچکۆ لە ساڵی "١٩٤٠" لەلایەن "مەجید مەچکۆ" کراوەتەوە. لە پاش کۆچی دواییی مەجید مەچکۆ، لە ساڵی "١٩٦٣" "تەحسین مەچکۆی" کوڕی چایخانەکە بەڕێوەدەبات. پاش مردنی ئەویش لە ساڵی "١٩٩١"ەوە چایخانەکە لەلایەن "موحسین مەچکۆی" برا بچووکیانەوە بەڕێوەدەبرێت.

ئێستا تەمەنی چایخانەکە کە دەکەوێتە نزیک قەڵات لە شاری هەولێر، "٨٠" ساڵە و ڕۆژانە گەشتیاران، هونەرمەندان، ڕۆشنبیران، قوتابییان و خەڵکی هەولێر سەردانی دەکەن.

 

ئەو کەسانەی لە کۆندا زیاتر سەردانی چایخانەی ماچکۆیان کردووە

زۆر لە نووسەر و شاعیر و هونەرمەندان دەربارەی مەچکۆ نووسیویانە، "کەریم دەشتی"ی شاعیر وتوویەتی "مەچکۆ تایتانیکی هەولێرە". دروستبوونی پەیوەندیی نێوان نووسەران و ڕۆشنبیران بە چایخانەی مەچکۆوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مەجید مەچکۆ کە خودی خۆی دۆستایەتیی لەگەڵ ئەدیب، نووسەر، ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی ئەو سەردەمەدا هەبووە. تەنانەت هونەرمەندانی وەک "تایەر تۆفیق، محەمەد عارف جزیری، ڕەسول بێزار گەردی" و زۆری تریش هاتووچۆی مەچکۆیان کردووە.

زۆربەی هونەرمەندان لەچایخانەی مەچکۆ گۆرانییان وتووە و تۆماریشیان کردووە، کە حەیرانبێژی میللی کورد "حەسەن سیساوەیی" یەکێک بووە لەو هونەرمەندانەی لەم شوێنە حەیرانی وتووە و تۆماری کردووە.

 

مەچکۆ لە کۆنەوە تا ئێستا شوێنێکی ڕۆشنبیری بووە

سەرەتای درووستکردنی چایخانەی مەچکۆ بە چەند کەرەستەیەکی سادە بووە، بەڵام دواتر وردە وردە فراوان بووە و کەلوپەلی کوردەواری و کەلەپووری کوردەواریی تێدا دانراوە. دواتر کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەی تێدا دانراوە و ئێستا کتێبخانەیەکی مامناوەندیی لێ دامەزراوە. بەشێکی زۆر لەو هاووڵاتیانەی ڕووی تێ دەکەن سوود لەو کتێبانە دەبینن و لەوێ کاتەکانیان بەدەم خوێندنەوەی کتێب و خواردنەوەی قاوە و چاوە بەسەردەبەن.

نووسەران، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، ئەدیبان، خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ کە بە ئەهلی کتێب و عیلم و مەعریفە دەناسرێن، مەچکۆ بە هەوارگەیەکی ئەدەبی دەزانن. دار و دیوارەکانی مەچکۆ تا ئاستێک بۆنی ڕەسەنایەتییان لێ دێت. کەلەپووری کوردی و وێنەی هونەرمەندان و شاعیران و نووسەرانی لێ هەڵواسراوە. تێیدا گۆرانییە ڕەسەنەکانی هونەرمەندانی وەک "عەلی مەردان، تایەر تۆفیق، حەسەن زیرەک و ماملێ" بۆ سەردانکەران بڵاو دەبێتەوە.

 

جیاوازیی سەردانیکەران لە ئێستادا بەراورد بە ڕابردوو

جاران تەنها پیاوان سەردانی مەچکۆیان دەکرد، بەڵام ئێستا ژنانیش سەردانی دەکەن. هەم شوێنی تایبەتیان هەیە و ئەوانەشی بیانەوێت بە هاوبەشی و لەگەڵ پیاواندا دادەنیشن. کونسوڵ و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و بازرگانان و گەشتیارنی عەرەب و وڵاتانی تر کە دێنە هەولێر سەردانی مەچکۆ دەکەن.

وێڕای چا و قاوە، جۆرەها خواردنەوەی دیکە لە مەچکۆ هەیە. ئێستا ئەم چایخانەیە وای لێ هاتووە، بووەتە ڕەمزی شاری هەولێر و هەرکەسێک سەردانی ئەو شارە بکات، تا سەرێک لە مەچکۆ نەدات لەو شارە ناڕواتە دەرەوە.

جاران خەڵک کە دەهاتن بۆ مەچکۆ هەموو کەسێک جلی ڕەسەنی کوردیی لەبەربوو، بەڵام ئێستا پێچەوانەکەی ڕاستە. جگە لە پیاوانی بەتەمەن خەڵک بە دەگمەن جلی کوردی دەپۆشن و گەنجەکان کەمتر بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردییەوە دەبینرێن. پیاوانی بەتەمەن لەم چایخانەیە دادەنیشن و بەدەم خواردنەوەی چای شیرینەوە یاد و یادگاری مەچکۆی جاران بیری خۆیان دەهێنەوە.

لەگەڵ هەموو جوانی و ڕەسەنایەتییەکاندا، ڕەخنەی ئەوە لە چایخانەکە دەگیرێت کە نرخەکانی هێندە گرانن، ڕەنگ و ڕووی ناوەندێکی بازرگانیی لێ نیشتووە، بۆ نموونە چایەک لە بازاڕدا بە "٢٥٠" دینارە، لە مەچکۆ بە "١٠٠٠" دینارە، ئاوێکی خواردنەوە بە "٥٠٠" دینارە. هەروەها هەبوونی یاریکردنی تاوڵە و دۆمینە و دانانی نێرگەلە، ڕوخساری ڕۆشنبیریی مەچکۆی داپۆشیوە و ئەمەش بەشێکی زۆری سەردانیکەرانی نیگەران کردووە.

KURDŞOP
645 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!