سەدەیەک تاڵان: کۆڵان، خانوو و وەبیرهێنانەوەی سێورەگ

خانووەکانمان کە زۆربەیان لەلایەن ئەرمەنی و جولەکەکانەوە دروست کرابوون، ئێستا یەک بە یەک خەریکە لەنێو دەچن.

مەم ئال

هەرچەندە ئەم بەردانە بۆ چاندنی زەوی، دروستکردنی ڕێگاوبان و... زیانیان هەبووە، بەڵام سوودیشی هەبووە. بەهۆی زیادبوونی ئەو بەردە ڕەشانە، خەڵکی سێورەگ لە دروستکردنی خانووەکانیان زۆر بەکاریان هێناون.

زۆرێک لە خانووە کۆنەکانی سێورەگ لە بەردی ڕەش دروست کراون. دوای ئەوە بە تەختە و دار داپۆشراون، ئەو قوڕەی کە بە تایبەتی بۆ خانووەکە ئامادە کرابوو لەسەر تەختە و دارەکان دەڕێژران. بۆ ئەوەی بەردەکان بە توندی یەک بگرن و لە زستاندا لێک نەبنەوە، لەو قوڕە کەڵک وەردەگیرا. کا و خوێی تێ دەکرا، بەم شێوەیە قوڕەکە باشتر یەکتری دەگرت و خانووەکان قاییمتر دەبوون. تەنیا لە زستاندا دەبوو چەند جارێک ئاو بدرێن. بێگومان هەموو منداڵان لەبارەی خانووەکان کونجکۆڵ بووین و کە لە زستاندا سەیرمان دەکردن، چێژی پێ دەبەخشین.

با بێینە سەر بابەتە سەرەکییەکەمان، خانووە کۆنەکانی سێورەگ و تاڵانکردنیان.

ئەم خانووانە کە بەشێکن لە یادەوەرییەکانی منداڵیمان، بە کۆڵانە کۆنەکانیان، دەرگا دارە نەخشێنراوەکانیان، ئێستا یەک بە یەک ماڵاواییمان لێ دەکەن. لە کۆڵانێکدا هەمووان وەک خێزانێک بوون. باش لەبیرمە، هەندێک دراوسێی نزیکمان هەبوو، هەموو ڕۆژێک لە ماڵی یەکتر بووین. چونکە ئێمە پێکەوە گەورە بووین، بەم شێوەیە فێر کراین. ئێستا هەموو بنەماڵەکەمان زاراوەی دملی (زازاکی) دەزانن، ئەوانیش کورمانجی دەزانن. لە ڕاستیدا هەرکەسێک لە سێورەگ گەورە بووە، زۆربەیان هەم دملی و هەم کورمانجی دەزانن.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو سەردەمە و ئەو خانووانە ئەوە بوو کە لە کۆڵانێکدا تێدەگەیت لە کام ماڵدا حاجی هەیە. لەو کاتەدا ئەو کەسانەی دەچوونە حەج، دوای گەڕانەوەیان، دەرگاکەیان یان دیواری خانووەکەیان بە سەوز بۆیاخ دەکرد. لە ناوەندی شاری ڕحا نموونەی جیاوازی هەیە، بەڵام لەبری ڕەنگی سەوز، وێنەی حەج و ناوی حەزرەتی محەممەدیان دەکێشا. بەم شێوەیە گوتیان دەرگامان بەڕووی هەموو لایەکدا کراوەیە.

چوار پێنج ساڵ لەمەوبەر جارێکی تر بەدوای ئەم کۆڵانە دێرینانەدا دەگەڕام تا خۆم دڵخۆش بکەم. ئەوە بوو بینیم دەرگای خانووەکان هێدی‌هێدی دەگۆڕدرێن. تەختە نەخشێنراوەکان بەهۆی دەرگا ئاسنییە ڕووتەکانەوە داخراون. بەم شێوەیە خانووەکانمانیان پینە کردووە. ئەو کاتە زۆر دڵتەنگ بووم، نەمدەزانی چی بکەم. دەمویست یەک بە یەک ئەو کەسانە ببینم کە لەو خانووانەدا دەژین و جوانیی ئەو خانووانە و ئەو کۆڵانەیان بۆ باس بکەم، بەڵام بەداخەوە ئەوەندە بەهێز نەبووم. تەنیا من و کامێراکەم هەبوون، تەنیا دەمتوانی وێنەی ئەم جوانییە بگرم، ئەوە تاکەڕێگە بوو کە دەمتوانی بیپارێزم.

لە سەری کۆڵانەوە دەستم پێ کرد و تا کۆتایی کۆڵانەکە سەیری دەرگا و خانووەکانم کرد، ڤیدیۆیەکی جوان و بچووکم تۆمار کرد. پاشان گۆرانییەکم بەسەر ڤیدیۆکەدا دا و لە پەیجی یووتیووبەکەمدا شەیرم کرد. گوتم ئەگەر مردم با ئەمە لێرە بمێنێتەوە و لەنێو نەچێت. دوای چەند ساڵێک جارێکی تر لە هەمان کۆڵاندا گەڕام، بەڵام جگە لەو کۆڵانەی کە ڤیدیۆکەم لێ گرتووە، هیچی نەما. جاری پێشوو تەنیا دەرگاکان گۆڕدرابوون، بەڵام ئەمجارە هەموو خانووەکە پێکەوە وێران ببوون. داگیرکەران وێرانیان دەکرد و شوقەی ڕووتیان لە شوێنی دانا.

خانووەکانمان کە زۆربەیان لەلایەن ئەرمەنی و جولەکەکانەوە دروست کرابوون، ئێستا یەک بە یەک خەریکە لەنێو دەچن. دوای ئەوەی ئەم شوێنانەیان بەجێ هێشت، تەنیا ئەم خانووانە مانەوە کە بە دەستی خۆیان دروستیان کردبوو. ئێستا یەک لە دوای یەک لەنێو دەچن. نازانم بۆ کەس ڕێگریی لەم کارە نەکرد، بۆ کەس دەنگی بەرز نەکردەوە. بەڵام دەزانم تەنیا من نەبووم لەم دۆخە ناڕەحەت بووم، ئەو کەسانەی تەمەنی منداڵی و ژیانی خۆیان لەم کۆڵانە بەسەر دەبرد، زۆر دڵتەنگ بوون. بەڵام بەداخەوە کەس نەیتوانی هیچ بڵێت، چونکە ئەوە خەمی سەردەستانی ئەم سەردەمە نەبوو.

KURDŞOP
721 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!