تاڤگەی خوڕخوڕە لە شاری سەلماسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 

ئەدیب

 

کوردشۆپ - تاڤگەی خوڕخۆرە یان بە ناوەکەی تری تاڤگەی مەمەکان یەکێکە لە شوێنە سەرنجڕاکێشە سروشتییەکانی شاری سەلماس کە دەکەوێتە پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەگەر لە سەلماسەوە بەرەو ورمێ بچن، دوای مەودای ١١ کیلۆمەتر، لە لای ڕاستەوە ڕێگایەک هەیە کە لەوێ تابلۆی گوندی تەمەر بەرچاو دەکەوێت. دوای تێپەڕین بە تەمەر و شۆرگۆل و تێپەڕین بە مەودای نزیکەی 20 کیلۆمەتر، دەگەنە دۆڵی خوڕخۆڕ.

ئەو تاڤگە جوانە کە لە قوڵایی دۆڵەکەدایە و ٣٢ کیلۆمەتر لە شاری سەلماسەوە دوورە، دەکەوێتە نێوان شۆرگۆل و مەمەکان. بۆ گەیشتن بە خاڵی ژێرەوەی تاڤگەکە پێویستە 80 مەتر بەرەو خوارەوە داگەڕێن. ئاوی تاڤگەکە لە ژێرەوە دەڕژێتە ناو حەوزێکی بچووکەوە و دواتر وەک ڕووبارێکی بچووک بەرەو خوار دەچێت.

ئاوی تاڤگەکە لە وەرزی بەهاردا و دەستپێکردنی باران و توانەوەی بەفر، دەگاتە زۆرترین ئاستی خۆی.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی تاڤگەی خوڕخۆڕە لە وەرزی بەهار و مانگەکانی نیسان و ئایاردایە. ئاستی ئاوی تاڤگەکە لە وەرزی هاویندا دەگاتە نزمترین ئاست. ئەم تاڤگەیە لە وەرزی زستاندا بەهۆی بەستەڵەک و سەهۆڵبەندان و بەستنی ئاوەکەی، گەشتیارێکی زیاتر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. بەهۆی نزیکی لە گوندی مەمەکانەوە، ئەو تاڤگەیە بە ناوی مەمەکانیش ناسراوە.

KURDŞOP
505 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!