تاڤگەی قەوال یا سینەبەر، بەهەشتی شاراوەی جۆلەمێرگ

کوردشۆپ - تاڤگەی قەواڵ لە شاری جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان کە دیمەنێکی سەوز و جوانی سروشتی دەنوێنێ، لەگەڵ دەستپێکردنی گەرما، سەرنجێکی زۆری گەشتیارانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.

لە تاڤگەی سینەبەر کە ٥٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری جۆلەمێرگەوە دوورە و لە هەموو وەرزێکدا دیمەنی جیاواز پێشکەش بە سەردانکەران دەکات، ئاو تازە خەریکە  بەخوڕ دەبێ.

ئەو کەسانەی دەچنە تاڤگەی سینەبەر، بەو ئاوەی بە شێوەی سروشتی لە بەرزیی 20 مەترەوە دەڕژێتە خوارێ، سەرسام دەبن. ئەو تاڤگەیە دەکەوێتە گوندی قەوال کە ٥٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری جۆلەمێرگەوە دوورە.

تاڤگەکە کە بە بەهەشتی شاراوەی ناوچەکە ناودەبرێت، زۆرجار لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی گەرما دەبێتە شوێنێک بۆ هۆگرانی سروشت.

ئەو ئەویندارانەی سروشت کە دەچنە تاڤگەی سینەبەر سەرنجی خەڵک بۆ ئەو ڕاستییە ڕادەکێشن کە چەندین شوێنی نەدۆزراو لە پارێزگای جۆلەمێرگ هەیە و هەموو سروشتدۆستان بانگهێشتی ئەو ناوچەیە دەکەن.

یەکێک لەو هاووڵاتیانە بەناوی کەرەم ئۆنای کە حەزی لە سروشتە و نزیکەی 10 ساڵە خەریکی شاخەوانییە و دەڵێت، پارێزگای جۆلەمێرگ هەم بۆ وەرزشی زستانە و هەم بۆ وەرزشی سروشتی زۆر گونجاوە.

کەرەم ئۆنای بە ئاماژەکردن بەوەی تاڤگەی سینەبەر یان قەوال، یەکێکە لە هێماکانی شارەکەیە و دەڵێت: "ئێمە تاڤگەی سینەبەر وەک ناوەندی گەشتیاریی جۆلەمێرگ دەبینین. ئەم شوێنە ٤-٥ ساڵە ناسراوە. کاتێک کەسێک دێتە ئێرە، ماندوویەتی لە جەستەیدا نامێنێ".

ژمارەیەکی زۆر گەشتیار، هەم بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و هەم بۆ چوونە ناو ئاوی تاڤگەی سینەبەر ڕوو لەم شوێنە دەکەن.

هاووڵاتیان نیگەرانن لەوەی ئەگەر ڕێگایەکی قیرتاو دروست بکرێت، ڕەنگە زیان بە سروشت و ژینگە بگەیەنێت، هەر بۆیەش پێشنیار دەکەن سروشتەکە پارێزراو بێت و هەموو لایەک ئاگاداری بن.

ئەو سەردانکەر و گەشتیارانەی دێنە دۆڵی قەوال، بە شێوەی گرووپی دێن و وەک نەریتێک گۆرانی "دۆڵی قەوال" دەڵێنەوە و لەگەڵ گۆرانییەکەشدا سەما دەکەن.

 

KURDŞOP
568 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!