مۆزەخانەیەک لە گوندی "نێ"ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

گوندی نێ بەهۆی هەڵکەوتەی ستراتیژیکی خۆیەوە و بەهۆی ئاوی زۆر، دەشتی بەربڵاو، کوێستان و دارستانی چڕوپڕ بۆ خۆ حەشاردان و کاری ئاژەڵداری و... لەمێژە ئاوەدانە. هەروەها قەڵا و ئاسەوارە کۆنەکانی وەکوو: "قەڵا گوان، وڵە گەور، قەبرە بەگزادە، گردە خەزێنە، ئاسنگەران، ئەسحاب، گرد و زیارەت، براکوژاو و کەپر حاکم و..."، نموونەی سەلماندنی ژیانی لەمێژینە لەو گوندەدایە.

 

شاری مەریوان

شاری مەریوان یەکێکە لە شارە گرینگەکانی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە مەودای ١٢٥ کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگاوە (شاری سنە) دوورە. ئەم شارە لە باکوورەوە لەگەڵ بانە و سەقز و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ سنە، لە باشوورەوە لەگەڵ هەورامان و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ شاری پێنجوێنی باشووری کوردستان، هاوسنوورە.

مەریوان خاوەنی سروشتێکی دڵڕفێن و ڕازاوەیە، بەتایبەت لە وەرزی بەهار و مانگی گوڵاندا سەرنجی زۆربەی خەڵکی ناوچەکانی دیکە ڕادەکێشێت و چەندین شوێنی سروشتی و مێژوویی و گەشتیاری لەم شارەدا بوونیان هەیە.

لە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری مەریوان، گوندەکانییەتی، بەتایبەتی گوندی "نێ" کە لە پێنج کیلۆمەتریی باشووری ئەو شارە و گۆلی زرێبار هەڵکەوتووە.

گوندی "نێ"

گوندی "نێ" یەکێک لە گوندە گەورەکانی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە پێنج کیلۆمیتریی باشووری شاری مەریوان و گۆلی زرێبار هەڵکەوتووە. ئەو گوندە دەروازەی هاتوچۆی هەموو گوندەکانی بەری بەگزادە و بناری سورێنە. لە ۹۰۰ ماڵ پێک هاتووە و نزیکەی ٣ هەزار کەس حەشیمەتیەتی.

ئەم گوندە خاوەن سروشتێکی دڵڕفێنە و چەندین سەیرانگەی خۆشی هەیە کە ساڵانە گەشتیارگەلێکی زۆر سەردانی دەکەن.

پیشە و کاری خەڵکی نێ بەهۆی زەوی و باخاتی زۆرەوە، وەرزێڕی، ئاژەڵداری و باخدارییە و بەشێکی دیکەشی کە خاوەن زەوی نین بە کرێکاری، دووکانداری و کاری دیکەوە خەریکن. هەروەها بەپێی ئەوەی کە لە نزیک سنوورەکانی کوردستان هەڵکەوتووە، کاروباری سەر سنووریش پیشەی بەشێکی دیکە لە خەڵکی ئەم گوندەیە.

بەپێی وتەی خەڵکی ئەم ناوچەیە، ناوی "نێ" وێدەچێت سێ مانای هەبێت: "یەکەم، قامیش؛ دووەم، نێی ئاش کە کەرەستەیەکە لە ئاشدا و سێیەم، وشەیەکی دێرین و مێژووییە کە واتای گۆمی خوێن دەدات."

ئەم گوندەیە بەهۆی هەڵکەوتەی ستراتیژیکی خۆیەوە و بەهۆی ئاوی زۆر، دەشتی بەربڵاو، کوێستان و دارستانی چڕوپڕ بۆ خۆ حەشاردان و کاری ئاژەڵداری و... لە مێژە ئاوەدانە. هەروەها قەڵا و ئاسەوارە کۆنەکانی وەکوو: "قەڵا گوان، وڵە گەور، قەبرە بەگزادە، گردە خەزێنە، ئاسنگەران، ئەسحاب، گرد و زیارەت، براکوژاو، کەپر حاکم و..." نموونەی سەلماندنی ژیانی لەمێژینە لەو گوندەدایە.

گوندی نێ بە درێژایی مێژوو دەیان جار سوتێندراوە و خەڵکەکەی پەنایان بۆ شوێنی دیکە لە پشت ئەو گوندەوە بردووە، وەکوو شوێنەکانی: "دێ کۆن، برا کوژاو، چاوگ و ئەسحاب"، کە لەو شوێنانەدا هەتا ئێستاش ئاسەواری ژیان ماوەتەوە. هەروەها بەپێی بەڵگە مێژووییەکان، لە نێوەڕاستی دەسەڵاتی قاجاڕەکاندا خەڵکی نێ لە دێ کۆنەوە هاتوونەتە ئەو شوێنەی ئیستا و لەگەڵ چەند بنەماڵەیەکی دیکەی کۆچەریدا گوندی "نێ"یان ئاوەدان کردووەتەوە.

ئەو گوندە بە درێژایی مێژوو تاڵی و سەختیی زۆری بینیوە. هێزەکانی "ڕەزا شا" بۆ ڕێفۆرمی حیجاب سەرەتا ڕوو دەکەنە ئەو نێ و بەهۆی شەڕ و پێکدادانەوە ژنێک دەمرێت و بە دەیان بنەماڵە بەرەو باشووری کوردستان هەڵدێن.

هەروەها لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران، بە چەندین جار هێرش کراوەتە سەر نێ و تۆپباران کراوە. لەلایەکی ترەوە، بەهاری ساڵی ٦٧ی هەتاوی لەلایەن ڕێژیمی ڕووخاوی بەعسی عێراقەوە نێ کیمیاباران کراوە و بە سەدان کەس لە خەڵکی بێتاوان شەهید و بریندار بوون.

ئەو گوندە لە خەباتی گەلی کورددا ڕۆڵی کارای هەبووە و ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، چەندین کەس لەگەڵ محەممەد خانی کانیسانان بەرەو پێشوازیکردن لە کۆماری کوردستان بەرەو مەهاباد ڕۆیشتوون.

خەڵکی نێ خاوەن هەستی نەتەوایەتیی بەهێزن و ساڵانە بۆنە نەتەوەییەکانی وەک نەورۆز و دووی ڕێبەندان، بەبێ گوێدان بە هێزەکانی حکوومەت، بەڕێوە دەبەن. نەورۆزی نێ، بەهۆی شێوەی تایبەتی بەڕێوەچوونییەوە، لە هەموو کوردستاندا بەناوبانگە.

مۆزەخانەی "نێ"

نێ خاوەن مۆزەخانەیەکە کە سەدان نموونەی ئاسەواری کۆنی تێدایە و ڕۆژانە بە سەدان کەس سەردانی دەکەن. "فاتێح ئەرژەنگی"، خاوەن ئەم مۆزەخانەیەیە. ناوبراو لەبارەی ئەم مۆزەخانەوە دەڵێت: "ساڵی ٧٥ی هەتاوی، بە سەرنجدان بە باکگراوەندی فیکریی خۆم کە هۆگرییەکی زۆرم بە هونەر، بەتایبەت خۆشنووسی، وێنەکێشان و شێعر هەبوو، هەستم بە گرینگیی دانانی مۆزەخانەیەکی خەڵکناسی کرد. چه‌ند ساڵ تێپەڕی و من لەم کۆڵان، لەو ئاوایی و لەژێر کەلاوە ڕووخاوەکاندا بۆ کەرەستەی کۆن و مێژوویی کە نیشاندەری شوناسی نەتەوەکەم بێت، دەگەڕام. کەرەستەگەلێک کە لایەنی خەڵکناسیی هەبوو، لە ژوورێکی ماڵەکەی خۆمدا کۆم کردنەوە و بە خۆمم دەگوت، ئاخۆ ڕۆژێک بێت خەڵک سەرنجیان بە لای ئەم کەرەستانەدا ڕابکێشرێت؟"

ئەم مۆزەخانەیە لە بەشگەلی جیاواز پێکهاتووە کە بریتین لە: "خەڵکناسی، وەرزێڕی، جلوبەرگناسی، سفاڵەکان، پەیکەرەکان، کەرەستەی ڕاو، جۆرەکانی خۆمرە، بەرد و پێداویستیی کۆنی ژیان". نزیک بە ٢٥٠٠ پارچە کەرەستەی خەڵکناسیی تایبەت بە خەڵکی کوردستان لەم مۆزەیەدا کۆ کراوەتەوە کە وێدەچێت ئەمە یەکەمین مۆزەی گوندی بێت بەم تایبەتمەندییانەوە.

خاوەنی ئەم مۆزەخانەیە هەروەها وتوویەتی: "ئەم مۆزەخانەیە بەبێ بەرانبەر و بەوپەڕی پێشوازیی گەرمەوە ئامادەی سەردانی هۆگرانیەتی. هەر شێوە کەرەستەیەکی کۆن وەک دیاری لەلایەن خەڵکی دڵسۆزەوە دەتوانێت یارمەتیدەری دەوڵەمەندکردنی مۆزەخانەکە بێت."

 

KURDŞOP
571 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!