جوگرافیای باشووری کوردستان لە چەند سەرچاوەیەکی مێژوویدا

بە سەرنجدان بەوەی حکوومەتە دەسەڵاتدارەکان لە عێراق تا بەر لە ڕووخانی ڕێژیمی بەعس، ناوچە کوردستانییەکانی عێراقیان تەنیا بە سێ پارێزگای سلێمانی، هەولێر و دهۆک سنووردار دەکردەوە و بەپێی ڕێککەوتننامەی یەکلایەنەی ۱۹۷۴، چوارچێوەی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عێراقیان بەو سێ پارێزگایەی ناومان برد، سنووردار دەکردەوە، بۆیە مەزەندەکردنی وردی ڕووبەری باشووری کوردستان دژوارە. لەم نووسراوەیەدا و لەسەر ئەم بابەتە، باس لە چەند ڕوانگەی جیاواز دەکەین.

- ڕۆژ قادری


 

باشووری کوردستان

بەگشتی کاتێک باسی کوردستانی ناو جوگرافیای وڵاتی عێراق دەکرێت، وەک باشووری کوردستان ناوی دەبرێت، بەڵام ئەم بەشەی کوردستان لە ڕاستیدا شوێنگەیەکی ناوەندیی هەیە و لە ڕاستیدا خاڵی پەیوەندیی نێوان باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستانە. ئەم بەشەی کوردستان لە بواری سەرچاوەی سروشتی و ژێرزەوییەوە زۆر دەوڵەمەندە. بەرزترین لووتکەی ئەم هەرێمە "حەسارۆست"ە کە لە زنجیرەکێوی هەڵگوردە و دەکەوێتە سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان. ئەم لووتکەیە ٣٧٢٧ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. لەلایەکی ترەوە زنجیرەکێوێکی نزم و بێبەری لە دار بە ناوی "جەبەلولحەمرین"، سنووری سروشتیی نێوان مەڵبەندەکانی کورد و عەرەب پێک دەهێنێت.

ئاو و هەوای باشووری کوردستان جۆراوجۆرە، لە بەشەکانی باشوور و باکووری ئەم هەرێمە نێونجی گەرما و بارین پێکەوە زۆر جیاوازە. گرینگترین سەرچاوەی بارانزای ناوچەکە، لۆدەهەوای نمداری ڕۆژاواییە کە نمی دەریای ناوەڕاست لە وەرزەکانی پاییز، زستان و بەهاردا بە شێوەی بارینێکی باش دەهێنێت.

زستان پڕبارانترین وەرزی ساڵ لە کوردستانە و وشکترین وەرزیش هاوینە. نێونجی بارینی باران لە باشووری کوردستان، ٦٠٠ میلیمەترە.

ڕووبەری باشووری کوردستان

بە گۆڕانکاریگەلێک لە دوای ڕێککەوتننامەی ۱۱ی مارسی ۱۹۷۰ لە سنووری هەندێک لە یەکەکانی دابەشکاریی عێراق هاتە ئاراوە، عێراق دابەش کرایە سەر ۱۶ پارێزگا کە چوار پارێزگایان بەتەواوەتی لە خاکی کوردستاندا بوون کە بریتین لە: هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک.

بە سەرنجدان بەوەی کە حکوومەتە دەسەڵاتدارەکان لە عێراق تا بەر لە ڕووخانی ڕێژیمی بەعس، ناوچە کوردستانییەکانی عێراقیان تەنیا بە سێ پارێزگای سلێمانی، هەولێر و دهۆک سنووردار دەکردەوە و بەپێی ڕێککەوتننامەی یەکلایەنەی ۱۹۷۴، چوارچێوەی کوردستانی عێراقیان بەو سێ پارێزگایەی ناومان برد، سنووردار دەکردەوە، بۆیە مەزەندەکردنی وردی ڕووبەری باشووری کوردستان، دژوارە. لەم نووسراوەیەدا و لەسەر ئەم بابەتە، باس لە چەند ڕوانگەی جیاواز دەکەین.

ئێنساکلۆپێدیای ئیسلام، یەکێک لە گرینگترین سەرچاوەکانی ڕۆژهەڵاتناسی، باشووری کوردستان بەم شێوەیە پێناسە دەکات: لە عێراق، شارە کوردییەکان بریتین لە دهۆک، زاخۆ، مزووری، جیز، ئامێدی، ئاکرێ، شنگال، کەرکووک، هەولێر، سلێمانی، دیالە، خانقین و مەندەلی.

"ئێدمۆندس" لەبارەی سنووری باشووری کوردستان لە بەشی باشوورییەکەی وتوویەتی: سنووری باشووریی کوردستان، بە درێژایی داوێنی کوێستانەکان هەتا کاناراوی ڕووباری دیجلە کێشراوە و پاشان بە ئاراستەی بەستێنی ڕووبارەکە هەتا کێوی حەمرین و لەوێوە هەتا خاڵی سیفری سنووریی عێراق و ئێران لە نزیکیی مەندەلی کێشراوە.

"مینۆرسکی" باوەڕی وایە کە سنووری باشووری کوردستان هەتا باکووری دەشتی مێزۆپۆتامیا کێشراوە. لە حاڵێکدا کە "م. لیخۆتێن" باوەڕی وایە کوردەکان لە ناوچە کوێستانییەکان دەژین و عێراقییەکان لە دەشتەکانی هەر دوو ڕووباری دیجلە و فورات دەژین.

 لەم نێوانەدا "دەبڵیوو. ئارهی" وتوویەتی: بەگشتی، هەموو زەوییەکانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە و باکووری هێڵی مەندەلی و بیاڤی ئاوڕێژگەی زابی بچووک، مەڵبەندی کوردەکانە، هەر بۆیە دوو ناوچەی گرینگی باشووری زابی بچووک، کەرکووک و سلێمانین.

ڕووبەری باشووری کوردستان نزیکەی ۸۵۰۰۰ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و ۳۷ شارستان (قەزا) لەخۆ دەگرێت کە لە پارێزگاکانی خوارەوە هەڵکەوتوون:

۱- پارێزگای دهۆک: دهۆک، ئامێدی، زاخۆ و سێمێل.

۲- پارێزگای هەولێر: هەولێر، مەخموور، کۆیە، ڕەواندز، شەقڵاوا و چۆمان.

۳- پارێزگای سلێمانی: سلێمانی، پێنجوێن، شارباژێڕ، پشدەر، ڕانیە، دەربەندیخان، چەمچەماڵ و کەلار.

۴- پارێزگای هەڵەبجە.

۵- پارێزگای کەرکووک: کەرکووک، حەویجە و دوبز.

۶- پارێزگای سەلاحەدین: لەم پارێزگایە شاری توزخورماتوو هی کوردستانە.

۷- پارێزگای موسڵ: مووسڵ، حەمدانیە، تلکیف، شنگال، شێخان، ئاکرێ و تەلەعفەر.

۸- پارێزگای دیالە: خانەقین، مەندەلی، شارەبان و کفری.

۹- پارێزگای واست: لەم پارێزگایە شاری بەدرە هی کوردستانە.

پارلەمانی باشووری کوردستان، ڕووبەری هەرێمی کوردستان بە ۷۸۷۳۶ کیلۆمەتری چوارگۆشە دەزانێت کە نزیکەی ۱۸ لەسەدی ڕووبەری عێراق لەخۆ دەگرێت.

KURDŞOP
685 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!