گوندی "تاجاوا"ی هەمەدان و کاروانسەرای شا عەباس

- ڕۆژ قادری

 

گوندی "تاجاوا"، گوندێکی کوردستانە کە سەر بە شارستانی "بەهار"ی پارێزگای "هەمەدانـ"ـی وڵاتی ئێرانە. زمانی خەڵکی ئەم گوندە کوردییە و کاروانسەرای "شا عەباسی تاجاوا" لە تایبەتمەندییە گەشتیارییەکانیەتی.

هەمەدان

هەمەدان یەکێک لە شارە گەورەکانی ئێرانە و ناوەندی شارستان و پارێزگای هەمەدانە. ئەم شارە لە داوێنی کێوی ئەلوەند و ١٧٤١ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. ئەم شارە بە یەکێک لە کۆنترین شارەکانی ئێران و جیهان دێتە ئەژمار.

بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، ئەم شارە کاتی خۆی پێتەختی مادەکان بووە.

گوندی تاجاوای هەمەدان

گوندی "تاجاوا"، گوندێکی کوردستانە کە سەر بە شارستانی "بەهار"ی پارێزگای "هەمەدانـ"ـی وڵاتی ئێرانە. حەشیمەتی ئەم گوندە، بەپێی ئاماری ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی، ١٨٥٥ کەس بووە کە تا ئێستا حەشیمەتی ئەم گوندە گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.

گوندی "تاجاوا" لە ڕۆژاوای پارێزگای هەمەدان و شارستانی بەهار و لە ڕۆژهەڵاتی گەردەنەی "ئەسەدئاوا" و لە نزیکی جادەی هەمەدان- کرماشان و لە داوێنی کێودا هەڵکەوتووە. زمانی خەڵکی ئەم گوندە کوردییە و کاروانسەرای "شا عەباسی تاجاوا" لە تایبەتمەندییە گەشتیارییەکانیەتی.

چەند شتی گرینگ و تایبەت لە گوندی تاجاوادا بوونی هەیە کە ئەم گوندەی زۆر بەناوبانگ کردووە، یەکێکیان ئەوەیە کە ناوی کۆڵانەکانی ئەم گوندە، ناوی کتێبە گرینگەکانی جیهانی بە سێ زمانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی، لەسەر نراوە. وێڕای ئەوەی کە ئەم گوندە لە پارێزگایەکی بەگشتی فارسنشین و تورکنشیندا هەڵکەوتووە و وێڕای فەرهەنگی زاڵی ئەو نەتەوانە لە ناوچەکەدا، خەڵکی ئەم گوندە هێشتا بۆ پارێزگاری لە فەرهەنگ و زمانی دایکیی خۆیان، لە هەوڵ و چالاکیدان.

هەروەها تاجاوا کتێبخانەیەکی هەیە کە ٦ هەزار بەرگ کتێبی تێدایە و لەلایەن ڕێکخراوەیەکی مەدەنییەوە دامەزراوە. ئەم تایبەتمەندییانە و چەندین تایبەتمەندیی دیکە کە لە درێژەدا باسی لێوە دەکەین، ئەم گوندەی کردووە بە گوندێکی گەشتیاری.

تاجاوا لە ڕابردوودا، ناوەندی مۆسیقای ناوچەکە بووە و ژەنیار و گۆرانیبێژی ناوداری زۆری تێدا دەرکەوتووە. ئەو شێعرانەی کە ئێستا لەو ناوچەیەدا بە زمانی کوردی ماوەتەوە، پیشاندەری گرینگیی ئەم هونەرە لەوێدا بووە. لە ڕابردوودا، هونەرمەندانی تاجاوا لە زۆربەی ناوچە کوردستانییەکاندا کەسانێکی ناسراو بوون و لە زۆربەی ڕێوڕەسمەکانی ئەو کاتدا بەشدار بوون. ڕێوڕەسمەکانی "زەماوەند و جەژنی ترێ" و چەندین ڕێوڕەسمی تر کە لەیاد براون، بیانووگەلێک بوون بۆ خۆدەرخستنی هونەرمەندانی ئەو کات. لە هەنووکەدا، بەداخەوە مۆسیقای تاجاوا لە یادەکان نەماوەتەوە!

زۆربەی خەڵکی گوندی تاجاوا، سەرقاڵی کاروباری جووتیاری و ئاژەڵدارین. هەروەها تا دەیەی ٨٠ی هەتاوی، زۆرتر لە ١٠٠ "تەون" لە گوندەکەدا چالاک بووە کە بەپێی نەخشە خۆجێییەکانی ناوچەکە، فەڕشیان دەچنی. بەڵام لە ئەمڕۆدا ئەم ١٠٠ تەونە بۆ کەمتر لە ٢٠ تەون دابەزیوە و فەڕشە نوێیەکان بەپێی نەخشگەلێکی بێگانە کە لە شاری "تەورێز"ەوە هاتووە، دادەبەسترێن و نەخشە خۆجێییەکان لەنێو چوون. هەروەها دەستچنەکانی دیکە لەم گوندەدا لەنێو چوون و دانیشتووانی لێی دوور کەوتوونەتەوە.

ئاژەڵداریی گوندی تاجاوا بەخێرایی لە حاڵی لەنێوچووندایە، تا شوێنێک کە لە ساڵی ٨٦ تا ٨٨ی هەتاوی، ئاژەڵە ماڵییەکانی ئەم گوندە، لە ٦ هەزار سەرەوە بۆ کەمتر لە ٨٠٠ سەر دابەزیوە. ڕێژەیەکی زۆر کەم لە دانیشتووانی ئەم گوندە لە ڕێگای ئاژەڵداری و جووتیارییەوە، بژێویی ژیانیان دابین دەکەن. بەرهەمی سەرەکیی ئەم گوندە، گەنم و جۆیە. هەروەها ترێ، نۆک، بادام، سێو، قۆخ و نیسک، لە بەرهەمەکانی تریانە.

خەڵکی ئەم گوندە کوردستانییە، وێڕای کاروباری ئاژەڵداری و جووتیاری، بۆ کرێکاری و کاروباری دیکە، وەکوو زۆربەی ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕوو دەکەنە شارەکانی دیکەی ئێران، لەوانە شارە گەورەکانی وەک تاران و ئیسفەهان.

گوندی تاجاوا پۆتانسییەلێکی باشی تری گەشتیاریی هەیە: "کاروانسەرای تاجاوا، لە ناوازەترین کاروانسەرا بازنەییەکانی کوردستان و ئێران".

 

کاروانسەرای تاجاوا

ئەم کاروانسەرایە ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی، بە ژمارەی ١٨٧٢، وەکوو میراتێکی نیشتمانیی ئێران، ناوی تۆمار کراوە. کاروانسەراکان لە هەموو سەردەمی مێژووی کوردستان و ئێراندا، ڕۆڵێکی گرینگیان هەبووە. لە درێژایی مێژوودا کەسانێک هەبوون کە لەم کاروانسەرایانە، بۆ مانەوەی خۆیان و ئاژەڵانی خۆیان – کە ئەو کات کەرەستەی هاتوچۆیان بووە – کەڵکیان وەرگرتووە کە ئەو کات ناوی "ڕبات"ی لەسەر بووە.

دابونەریتی دروستکردنی کاروانسەرا، چ پێش ئیسلام و چ پاش ئیسلام، لە ئێراندا باو بووە و پاش ئیسلامیش کاروانسەراگەلێکی جێگای سەرنج لە ئێراندا ساز کراون. کاروانسەرای تاجاوایش یەکێک لە کاروانسەرا جوان و تایبەتەکانی پاش ئیسلامە کە لە سەردەمی حکوومەتی سەفەوییەکاندا و بە فەرمانی "بانوو جیهانی قاجاڕ"، لە نەوەکانی "فەتحعەلی شا" و "حاجی میرزا عەلی نەقی کەوسەری هەمەدانی"،  لە گوندی تاجاوای هەمەداندا ساز کراوە.

ئەم کاروانسەرایە لە بەشی ناوەندیی گوندەکەدایە. کاروانسەرای تاجاوا لە ڕاستیدا "ڕەبات"ێک بووە و بەپێچەوانەی زۆربەی کاروانسەراکانی ئێران کە نەخشەیەکی "لاکێش"یان هەیە، ئەم کاروانسەرایە نەخشەیەکی "بازنەیی"ی هەیە. ئەم جۆرە نەخشەیە لەنێوان کاروانسەراکانی ئێراندا، زۆر ناوازەیە و لە ناوچەی ڕۆژاوای ئێراندا، بە یەکێک لە گرینگترین کاروانسەراکان دێتە ئەژمار.

دەرگای چوونەژوورەوەی ئەم بینایە لەلای ڕۆژهەڵاتیەوە، دیمەنێکی مۆدێڕنی هەیە و ڕێگایەکە بۆ چوونە نێو تەویلەکان و حوجرەکانی خوارەوەی بیناکە. لە بەردەم کاروانسەراکەدا، ٢٦ حوجرە بوونی هەیە. هەروەها حەوشەکەی سەنگفەڕش کراوە و دوو بیرە ئاوی تێدایە. بۆ دروستکردنی ئەو کاروانسەرایە، لە "خشتی سوور و سارووج" کەڵک وەرگیراوە.

لە ساڵی ١٣٨٨دا، فەرمانی نۆژەنکردنەوەی کاروانسەرای تاجاوا دەرکرا. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەو کات و گەورەیی ئەم کاروانسەرایە، بودجەیەکی زۆر پێویست بوو، بەڵام حکوومەتی ئێران بودجەیەکی ٧٠ ملیۆن تمەنیی بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەم بینایە تەرخان کرد! بەهۆی کەمیی ئەم پارەیە، تەنیا بەشگەلێک لە پێکهاتەی خشتیی دەرەوەی ئەم بینایە، نۆژەن کرایەوە.


 

KURDŞOP
685 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!