تاڤگەی خەلەف لە چەولیگی باکووری کوردستان

شادی

کوردشۆپ- تاڤگەی پارمووک کە بە ناوی تاڤگەی خەلەفیش دەناسرێت، یەکێکە لە تاڤگەکانی چەولیگ کە هەم بەسەرهات و چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی هەیە و هەم ساڵانێکە بێ ڕاوەستان دادەڕژێت.

ئەو تاڤگەیە لە هاویندا شوێنێکی جوان و دڵڕفێنە بۆ گەشتکردن و وێنەگرتن و لە زستاندا دەبەستێت و لەگەڵ ئەو بەستەڵەکەدا دیمەن و جوانییەکی دیکەی لێ دەردەکەوێت.

جگە لەوەش دانیشتووانی گوند و ئاشقانی دەرەوەی وڵاتیش، بە جوانییەکانی سەرسامن. بەڵام لەگەڵ ئەم دیمەنە جوانانەشدا، لە ڕاستیدا چیرۆکێکی خەمباری هەیە.

ئەم تاڤگە جوانە کە ماوەیەکی زۆرە بە ناوی گوندەکە ناسراوە، بەڵام دوای مردنی کەسایەتییەک، ناوەکەی گۆڕدراوە. چیرۆکەکە لە زاری خەڵکەوە بەم شێوەیەیە: "ڕۆژێک کەسێک بە ناوی خەلەف بۆ ئەوەی لە شوێنێکی فێنکدا بحەسێتەوە و مەلە بکات، دەچێتە سەر تاڤگەکە، بەڵام خەلەف لە تاڤگەکەوە دەکەوێتە خوارەوە و دەخنکێت. تەرمی خەلەف کە دەیان مەتر دەچێتە خوارەوە، دواتر لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە دۆزراوەتەوە. دوای ئەم ڕووداوە ئەم تاڤگەیە بە تاڤگەی خەلەف ناسراوە".

هەڵکەوتەی تاڤگەکە

ئەم گوندە سەر بە شاری چەولیگ لە باکووری کوردستانە و نزیکەی ٢٠ کیلۆمەترمەتر لە ناوەندی شارەوە دوورە. لەناو شاردا گەشتیاران و دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بە ترۆمبێلی گوند و هەروەها بە ترۆمبێلی خۆیان دەچنە گوندی پارمووک و دەچنە تاڤگەی خەلەف، بۆ ئەوەی لە جوانییەکانی بێبەری نەبن. بژێویی گوندی پارمووک لەسەر ئاژەڵداری و کشتوکاڵە.

دانیشتووانی ئەو گوندە زۆرتر بە زاراوەی کوردیی زازاکی قسە دەکەن و بەشێکی زۆریان بە باشی بە زاراوەی کوردیی کرمانجی قسە دەکەن.

هاوکات لەو گوندەدا، لە دەرەوەی تاڤگەی خەلەف، هەندێک شوێنی تری سەرنجڕاکێش هەن کە بریتین لە: گردی کەچەڵ، ئاوی سەرکانی و ئاشی کەڤر، کە شایەنی سەردانکردنن. واتە دەکرێت بڵێین، ئەو گوندە بە دیمەنە سروشتی و جوانەکەی، سەرنجی هەمووان ڕادەکێشێت و یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییە گرینگەکان.

KURDŞOP
696 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!