کوێستانی فەراشین، هەوارێکی سەرسەوز بە لووتکەی بەفرینەوە لە باکووری کوردستان

فەراشین ١٢٠ هەزار دۆنم زەویی هەیە و کاتێک بەهار دەست پێدەکات کۆچەرییەکانی مێردین و سێرت و بەدلیس و ناوچەکانی دیکەی باکووری کوردستان، دەچنە بناری فەراشین و تا پاییز لەوێ دەمێننەوە و ئاژەڵەکانیان دەلەوەڕێنن. دوای ماوەیەک، لە پاییزدا بەشێک لە هەوارچییەکان دەگەڕێنەوە و بەشێکی دیکەیان کە دانیشتووی ئێلیک و شرناخن ١٠-١٥ ڕۆژ درەنگتر دەگەڕێنەوە و فەراشین بۆ وەرزی زستان بەجێ دەهێڵرێت و تا بەهارێکی تر بە بەتاڵی دەمێنێتەوە.

کوردشۆپ - کوێستانی فەراشین کە دەکەوێتە نێوان پارێزگای جۆلەمێرگ، وان و ناوچەی ئەلکی شرناخ لە باکوری کوردستان، بە ڕووبەری سەوز و سەوزەڵانیی خەمڵاو و ئەو شاخانەی لووتکەیان بە بەفر داپۆشراوە و بەفراو و دۆڵ و گەلیی بەسام و گەورە، میهرەجانێک لە دیمەنی جوان و ناوازە پێشکەش دەکات

لە ناوچەی ئەلیک (بەیتوشەباب)ی سەر بە شرناخ، دەشتی فەراشین کە دوو هەزار و ٦٢٥ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار دوای زستانێکی درێژ، جوانییەکی جیاواز بە شاخە بەفراوییەکان دەبەخشێت. لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، مرۆڤەکان دەتوانن جوانیی وەرزی بەهار و زستان پێکەوە ببینن.

دوای بارینی بارانی بەخوڕ لەو کوێستانەی هەموو جۆرە گوڵێکی تێدایە، گوڵ و گوڵزاری بەهاری، دیمەنێکی بێ هاوتا دەخەنە بەر چاوان. لەم کوێستانە کە لە هەر وەرزێکدا جوانییەکی جیاواز دەهێنێتە ئاراوە، ڕووبارەکان بە خوڕ دەڕژێن و پشکووتنی گوڵی جیاواز لە گوڵزارەکان و شاخە بەفراوییەکان، دیمەنێک دەخوڵقێنن کە مرۆڤ لێی تێر نابێت.

فەراشین ١٢٠ هەزار دۆنم زەویی هەیە و کاتێک بەهار دەست پێدەکات کۆچەرییەکانی مێردین و سێرت و بەدلیس و ناوچەکانی دیکەی باکووری کوردستان، دەچنە بناری فەراشین و تا پاییز لەوێ دەمێننەوە و ئاژەڵەکانیان دەلەوەڕێنن. دوای ماوەیەک، لە پاییزدا بەشێک لە هەوارچییەکان دەگەڕێنەوە و بەشێکی دیکەیان کە دانیشتووی ئێلیک و شرناخن ١٠-١٥ ڕۆژ درەنگتر دەگەڕێنەوە و فەراشین بۆ وەرزی زستان بەجێ دەهێڵرێت و تا بەهارێکی تر بە بەتاڵی دەمێنێتەوە.

هەرچەندە کوێستانی فەراشین هەوارگەی خێڵەکانە، بەڵام شوێنی گەشت و سەیرانیشە. بەهۆی جوانی و سەرنجراکێشبوونی سروشتی ناوچەکە، لەگەڵ دەستپێکی بەهاردا، جیا لە هەوارچییەکان خەڵکێکی زۆر ڕوو لەو ناوچەیە دەکەن.

فەراشین باخچەیەکی جوانی بێ وێنەیە کە بە جوانییە ڕەنگاوڕەنگەکانی و گوڵە جوانەکانی و گیا سوودبەخشەکانی هەمووان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.

 

KURDŞOP
952 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!