تاڤگەی بێگر لە باکووری کوردستان، بە فەرمی وەک ناوچەیەکی پارێزراو دەستنیشان کرا

کوردشۆپ - تاڤگەی بێگر (مورادیە) کە دەکەوێتە پارێزگای وان لە باکوری کوردستان، بەو دیمەنە سروشتییە جوانەی هەیەتی، بووەتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش.

تاڤگەی بێگر 18 مەتر بەرزە. نەک تەنها لەبەر جوانیی تاڤگەکە، بەڵکوو بە هۆی جوانیی دەوروبەریشی زۆر سەرنجڕاکێشە. ئەم تاڤگەیە ٨ کیلۆمەتر لە ناوەندی شارۆچکەی بێگر(مورادییە)ی سەر بە پارێزگای وان و ٨٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری وانەوە دوورە.

سەرچاوەی تاڤگەی بێگر چیای تەندوورەکە، هەروەها لەو ئاوەی لە دەشتی چاڵدیران کۆدەبێتەوە و لە ڕێگای ڕووباری بەندیماهییەوە دەگاتە دەشتی بێگر. ئاوەکە لە بەرزاییی جیاوازەوە دەڕژێتە خوارەوە، بەڵام بەرزترین خاڵ ١٨ مەتر و لای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ١٥ مەتر بەرزە.

 لە چوار وەرزی جیاوازدا تاڤگەی بێگر دیمەنی تایبەت و جیاوازی هەیە و دیمەنە ناوازەکەی هەموو گەشتیاران بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. لە مانگەکانی بەهاردا ئاوەکە زۆر و بەخوڕ دادەڕژێت، بەڵام لە مانگەکانی زستاندا ئاوەکە دەیبەستێ و دەبێتە سەهۆڵبەندان و چەندین دیمەنی سەرنجڕاکێش دەخوڵقێنێ. لە مانگەکانی هاویندا ناوچەی دەوروبەری تاڤگەی بێگر پڕ دەبێت لە گەشتیار و کەسانێک کە بۆ سەیران ڕوویان لەم شوێنە کردووە.

تاڤگەی بێگر، سەر بە پارێزگای وان لە باکوری کوردستان، بەو بڕیارەی کە لە ڕۆژنامەی فەرمیی دەوڵەتی تورکیادا بڵاوکرایەوە، وەک "ناوچەیەکی سروشتیی پارێزاراو و وەک ناوچەیەک کە دەبێت کۆنترۆڵ بکرێ و بپارێزرێت" دەستنیشان کراوە. ئەم بڕیارە لە لایەن خەڵکی شارۆچکەی بێگرەوە پێشوازیی لێ کرا. لەبەر ئەوەی ئەم تاڤگەیە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی شوێنێکی سەرنجڕاکێشە و گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێ دەکەن.

هاروون ئاڵتون، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و دارستانی شارۆچکەی بێگر ڕایگەیاند، ناوچەی بێگر بەهۆی مێژوو و سروشت و کولتوورەکەیەوە شوێنێکی سەرنجڕاکێشە بۆ گەشتیاران. ڕاشیگەیاند: "تاڤگەی بێگر یەکێکه له گرنگترین و سەرنجڕاکێشترین شوێنەکانی شارۆچکەکەمان".

هاروون ئاڵتون گوتیشی: "تاڤگەی بێگر لەسەر ڕێگایەکی نێودەوڵەتییە و هەر بۆیە گەشتیارێکی زۆر ڕوو لەم شوێنە دەکەن. لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانەوە، لە 13.04.2023 بەدواوە ئەم تاڤگەیە وەک ناوچەیەک وەرگیرا کە پێویستە پارێزراو بێت و ئەو بڕیارە فەرمییەش زۆر گرنگ بوو.

بە گوتەی هاڕوون: "ئەم بڕیاره سوودی بۆ هاووڵاتیانمان دەبێت و هیچ بینایەک یان هیچ شتێکی تر لەم ناوچەیه دروست ناکرێت و هەر شتێک زیان بەم ناوچەیه بگەیەنێت، به فەرمی قەدەغەیە." گوتیشی "سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە کاریگەرییان لەسەر ئەم بڕیارە هەبووە و هیوادارم ئەم بڕیارە سوودی هەبێت بۆ گەلەکەمان."

KURDŞOP
725 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!