شاری دێرینی پەڕە، شوێنەواری سەردەمی شانشینی کۆماگەنە لە باکووری کوردستان

کوردشۆپ- یەکێک لە ٥ شارە سەرەکییەکەی شانشینی کۆماگەنە، شاری "پەڕە"یە کە دەکەوێتە نزیک سەمسوور لە باکووری کوردستان.

دوای ئەوەی لە شاری گورگوم (مەرعەش) لە باکووری کوردستان لە ٦ی شوبات دوو بوومەلەرزە ڕووی دا، کە ١١ پارێزگای باکوری کوردستان و تورکیا و هەروەها ڕۆژاوای کوردستانی گرتەوە، زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس گیانیان لەدەست دا و ناوەندەی شاری سەمسوور و ناوچەکانی دەوروبەری تەختی زەوی بوون. بەڵام شارە دێرینەکەی "پەڕە"، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانی پێ نەگەیشت؛ دیوارەکانی قەڵاکە، بیرەکەی و هەروەها ٢٠٠ گۆڕ و مەزارگەی بەردین هەروا لەسەر پێ مانەوە و ئێستا کاری توێژینەوە لە ناوچەکەدا دەستی پێ کردووەتەوە.

"ئەحمەد میسباح دەمیرجان" بریکاری وەزیری گەشتوگوزار و ڕۆشنبیری لە هەرێمەکە ڕایگەیاند، بۆ جارێکی دیکە هەنگاو دەنێین بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار.

دەمیرجان باسی لەوەش کرد، "ناوچە گەشتیارییە سەرەکییەکانی سەمسوور، بریتین لە چیای نەمروود و شاری مێژوویی و دێرینی پەڕە و ئەم دوو ناوچەیە زۆرترین گەشتیاریان پێ دەگات. چیای نەمروود و شاری پەڕە گرنگترین ناوچەی گەشتیارین و خۆشبەختانە لە کاتی بوومەلەرزەکەدا هیچ زیانێکیان پێ نەگەیشتووە."

"ئەحمەد میسباح دەمیرجان" وتی، هەواڵە نوێیەکەمان سەبارەت بە شاری دێرینی پەڕە ئەمەیە: تیمێکی نوێمان بۆ هەڵکۆڵینی نوێ پێکهێناوە و لە چەند شوێنێک دەستمان کردووە بە هەڵکۆڵین؛ شوێنە مێژووییە دێرینەکان دێنە دەرەوە و ناوچەکە جوان دەبێت و ئەم شوێنەوارە زیاتر خۆی دەردەخات.

هەروەها ڕایگەیاندووە "ساڵی ڕابردوو ٤٠ هەزار گەشتیار سەردانی شاری دێرینی پەڕەیان کردووە و پێشبینی دەکەین ئەمساڵ میوانداری لە ٧٠ بۆ ١٠٠ هەزار کەس بکەین. ئێمە دەمانەوێت جارێکی دیکە گەشتیاری لە سەمسوور زیندوو بکەینەوە."  گوتیشی: "ئێمە بە تیمێکی نوێ و بە جۆش و خرۆشێکی نوێوە جارێکی دیکە هەڵکۆڵینەکان لە شاری دێرینی پەڕە دەست پێ دەکەینەوە".

دەمیرجان ڕوونیشی کردەوە، ئێمە هەم گەشتیار وەرئەگرین، هەم کاردەکەین بۆ باشترکردنی دیمەنی ئەم ناوچەیە و هێنانی شوێنەواری نوێ بۆ سەر ڕووی زەوی بە هەڵکۆڵینی نوێ. وەک چۆن دوای بوومەلەرزەکە هەڵکۆڵین لە هەموو ناوچەکان بەردەوامە و ئەوەی ئەرکی ئێمەش بێ جێبەجێی دەکەین.

کارەکانی هەڵکەندن لە شاری دێرینی پەڕە لە ساڵی ٢٠٠١ دەستی پێ کرد، ساڵی ڕابردوو نافوورەیەکی مێژوویی ڕۆمانی و بەردی دیواری گەورە و کەناڵی ئاو و هەندێک پێکهاتەی تەلارسازیی جۆراوجۆر دۆزرانەوە.

پەڕە، یان پیرین، دەکەوێتە سنووری ناوەندی شاری سەمسوور و ئەو شوێنەی ئێستا گەڕەکی پیرینە، 5 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەوە دوورە.

لە ڕووی مێژوویییەوە شاری پەڕە یەکێکە لە ٥ شارە سەرەکییەکانی شانشینی کۆماگەنە. ناوی ئەو شارە دێرینە لە زۆرێک لە تۆمارە مێژووییەکاندا هاتووە. بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوە، پەڕە بە هیراپۆلیس (شاری پیرۆز) پێناسە دەکرێت. شاری پەڕە، جیاواز لە شارەکانی تر، لەسەر گردێکی بەردین هەڵکەندراوە و بەو شێوەیە زنار و گابەردەکانیان تاشیوە و کردوویانەتە شوێنی نشتەجێبوون و لە هیچ شوێنێکی دیکەوە، بەردی وەک بلۆکیان نەهێناوەتە ئەو شوێنە. بەڵکوو و لەسەر زنار و گابەردی ناوچەکە و لە لایەن خەڵکی ئەو ناوچەیە واتە خەڵکی شارەکەوە موتیڤەکان و نەخشاندنی بەردەکان  و تەلارسازیی شارەکە جێبەجێ کراوە.

KURDŞOP
752 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!