گەڕەبان؛ گوندێکی کوردستان بە تەلارسازیی ئەورووپی و خاوەنی برەندی جیهانی

 

گەڕەبان یەکێک لە جوانترین گوندەکانی کوردستانە کە لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە. ئەم گوندە کە سەر بە شارۆچکەی هەرسینی کرماشانە، وەک یەکێک لە ناوەندە پیرۆزەکانی پەیڕەوانی ئایینی یارسان دێتەوە ئەژمار و 62 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری کرماشانەوە دوورە.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوە و توێژەنەوە شوێنەوارناسییەکان، ژمارەیەک ئاسەواری مێژوویی و لەوانەش چەند تەوری بەردین لەم ناوچەیە دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ دووسەد هەزار ساڵ و ئەمەش نیشانەی کۆن بوونی ژیان لەم ناوچەیەیە. دانیشتوانی گوندی گەڕەبان سەر بە هۆزی ئاتەش بەیگی یا موشەعشەعین کە یەکیک لە هۆزە دیارەکانی سەر بە ئایینی یارسانە.

 خاکی بەپیتی ئەو ناوچەیە کە بۆ پەروەردە کردنی هەموو جۆر گوڵ و ڕووەکێک زۆر گونجاوە، گەڕەبانی کردووەتە یەکێک لە ناوەندەکانی بەرهەم هێنانی گوڵاو و هەروەها هەموو جۆرە ئارەقی ڕووەکەکان و لەوانەش ئارەقی نەعنا. ئەم بەرهەمانەی گڕەبان بۆ زۆر وڵاتی جیهان بە تایبەت وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا هەناردە دەکرێن.

گوندی گەڕەبان جیا لەو بەرهەمانە بە تەلارسازییە ناوازەکەی و خاوێنیی گوندەکە بەناوبانگە. بیناکانی ئەم گوندە لەسەر شێوازی تەلاسازیی ڕووسی و ئەورووپای ڕۆژهەڵات دروست کراون و لەم گوندەدا هیچ خانوویەکی بچووکی دروستکراو بە بەرد و قوڕ لە شێوازی گوندەکانی دیکەی کوردستان وەبەرچاو ناکەوێ. ئەم بینا و باڵەخانانە هەمووی لەسەر ئەرکی پەیڕەوانی ئایینی یارسان لەم شوێنە دروست کراون و سەرۆکی هۆزی موشەعشەعیی سەر بە ئایینی یارسان هەر لەم گوندە نشتەجێیە.

بوونی وەجاخی حەزرەتی ئاغابەخش، ئەم گوندەی بۆ پەیڕەوانی ئایینی یارسان کردووەتە ناوەندێکی ئایینی و پەیڕەوانی لقی موشەعشەعیی ئایینی یارسان، لەم شوێنە پیرۆزە ڕێوڕەسمی ئایینیی خۆیان بەڕێوە دەبەن. یەکێک لەو ڕێوڕەسمە ئایینییانەی لەم گوندە بەڕێوە دەچێ، جێژنی شاهییە کە لە وەرزی زستاندا و بۆ ماوەی پێنج شەو و ڕۆژ جێژن و ئاهەنگی خۆشی بەڕێوە دەچێت. ئەم جێژنانە بە یادی پێنج کەسایەتیی پیرۆزی ئایینی یارسان بەڕێوە دەچن. شەوی یەکەم بە یادی پیر داود، شەوی دووهەم بە یادی پیر بنیامین، شەوی سێهەم بە یادی حەزرەتی مەولا، شەوی چوارەم بە یادی پیر مووسا و شەوی پێنجەم بە یادی خاتوو ڕەزبار.

جوانیی سروشت و تەلارسازیی تایبەتی ئەم شوێنە لە لایەک و بوونی "وەجاخی حەزرەتی ئاغا بەخش"، گەڕەبانی کردووەتە شوێنێکی گەشتیاریی گرینگ لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە ساڵانە هەزاران گەشتیار رووی تێ دەکەن.  یەکێک لە تایبەتمەندیی ناوازەکانی دیکەی ئەم گوندە ئەوەیە کە گەشتیارانیش هەموو ڕۆژانی ساڵ جگە لە ڕۆژانی هەینی، هەر وەک زیارەتکارانی پەیڕەوی ئایینی یارسان، خواردنیان بەخۆڕایی بۆ دابین دەکرێ و ئەمەش میوانپەروەریی و دڵئاوەڵایی خەڵکی ئەم گوندە پێشان دەدا.

پیشەی سەرەکیی خەڵکی ئەم گوندە، کشتوکاڵ، باخداری، ئاژەڵداری و دروستکردنی گوڵاو و عەتر و بەرهەمهێنانی دەرمانی سروشتی و ...  لەو ڕووەکانەیە کە خۆیان بەرهەمیان دێنن. "گوڵا و عەرەقی نەعنای گڕەبان" ئێستا برەندێکی جیهانییە کە هەر بەم ناوە بۆ زۆر وڵاتی جیهان هەناردە دەکرێ و گوڵاوی تایبەتی گەڕەبان یەکێک لە سەرچاوەکانی دابین کردنی مەوادی خاو بۆ پیشەسازیی عەتر و بۆنی فەڕەنسییە.

 

KURDŞOP
1851 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!