ئامێدی 24ەمین شاری جوانی جیهان

 

هانی موڕتەزا

 

شارۆچکەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆکی باشووری کوردستان هەڵکەوتووە و ٩٠ کیلۆمەتر لە باکووری خۆرهەڵاتی دهۆکەوە دوورە. هەڵکەوتەی ئەم شارۆچکەیە زۆر جیاوازترە لە شارەکانی دیکەی کوردستان، چونکە بە شێوەیەکی ئەڵقەیی و لەسەر شێوەی قەڵایەک دروست بووە. ئەم شارۆچکەیە لەسەر تاشە بەردێکی گەورە، لەسەر لووتکەی شاخێک هەڵکەوتووە.

ئامێدی شارۆچکەیەکی دێرینی باشوری کوردستانە و بە دەروازەی بادینان دەناسرێ. مێژووی دروست بوونی ئامێدی دەگەرێتەوە بۆ ٣٠٠٠ ساڵ پێش زایین و لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا لە ژێر دەسەڵاتی ئاشووری و ساسانی و ئەشکانییەکان و چەند شارستانییەتی دیکە بووە و ماوەیەکیش ناوەندی میرنشینی بادینان بووە.

هەڵکەوتەی جوگرافیاییی شارۆچکەی ئامێدی وایە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە هاوسنووری شارۆچکەی مێرگەسوورە، لە باشوورەوە هاوسنووری شاری ئاکرێیە، لە باکوورەوە لەگەڵ تورکیا هاوسنوورە و لە خۆرئاواوە بەستراوەتەوە بە پارێزگای دهۆکەوە.

ئەم شارە درێژییەکەی یەک کیلۆمەتر و پانییەکەی 500 مەترە و کۆی ڕووبەرەکەی 1.5 کیلۆمەتری دووجایە لەبەر ئەوەی لەسەر شاخێک هەڵکەوتووە کە لە ئاستی دەریاوە 1185 مەتر بەرزە، ڕووبەری ئەو شارە ناتوانێ زیاد بکا.

 ئەم شارۆچکەیە لە ناوچەیەک هەڵکەوتووە کە هاوینێکی مەیلەو فێنک و زستانێکی سارد و باراناویی هەیە. بە هۆی جوانیی سروشتی ناوچەکە و بوونی شوێنەواری مێژوویی وەک مەدرەسەی قوبەهان و شوێنی سروشتیی وەک هاوینەهەواری سۆلاڤ، لە ڕووی گەشتیارییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە.

زۆرێک لە خانووەکانی ئامێدی بە بەکارهێنانی بەردی ناوچەکە دروست کراون.

شارۆچکەی ئامێدی یەکێکە لە ٣٠ شارە جوانەکانی جیهان لە ڕێزی ٢٤ـەمدایە.

ژمارەی دانیشتووانی ئامێدی ٦٠٠٠ کەسە و  لە ١٢٠٠ خانوی ئەم شارەدا دەژین.

لەم شارۆچکە بچووکە چەند نەتەوە و باوەڕمەندانی چەند ئایین دەژین، کە لە مێژە بە شێوەی ئاشتیانە پێکەوە دەژین.

KURDŞOP
1432 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!