قەڵایچی، ئەشکەوتێک لە تەنیشت پایتەختی شارستانییەتێکی دێرین

 

کوردشۆپ - ئەشکەوتی قەڵایچی لە 12 کیلۆمەتریی باکووری رۆژهەڵاتی شاری بۆکان لە ناوچەی موکریان و لە باشووری پارێزگای ورمێ هەڵکەوتووە. ئەم ئەشکەوتە لە نزیک گردی قەڵایچی هەڵکەوتووە کە شوێنەواری ئیزیرتوو، پێتەختی شارستانییەتی ماناییی لێ دۆزراوەتەوە.

ئەشکەوتی قەڵایچی یەکێک لە قووڵترین و گەورەترین ئەشکەوتەکانی کوردستانە. دەروازەی ئەشکەوتەکە بازنەیەکی 8 مەترییە لە بەرزاییی 1750 مەترسی شاخی قەڵایچی هەڵکەوتووە. ئەشکەوتەکە لە چەند چاڵ و تالار پێکهاتووە و تا ئێستا مەودای 400 مەتر لەو ئەشکەوتە دۆزراوەتەوە. چاڵی یەکەم کە بە شێوەی ئەستوونییە، تا دەگاتە ئەرزی تالاری یەکەم 110 مەترس قووڵە.

ئەم ئەشکەوتە تا ساڵی 2002 یەکێک لە شوێنە ڕازاوی و نەناسراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو و خەڵکی ناوچەکە دەیان چیرۆک و ئەفسانەیان سەبارەت بەم ئەشکەوتە ساز کردبوو. لە ساڵی 2002 دا بۆ یەکەم جار گرووپێک لە شاخەوانانی بۆکان توانیان لە چاڵی یەکەمی ئەشکەوتەکە بە قووڵاییی 110 مەترس بچنە خوارەوە و بگەنە تەلاری یەکەم. شاخەوانانی بۆکان ئەم تەلارەیان ناوناوە کازیوە لەبەر ئەوەی ڕووناکایی خۆر لە چاڵی یەکەمەوە ئەم تەلارە رووناک دەکاتەوە.

لە ساڵانی دواتردا شاخەوانانی بۆکان چەندین جار تا ئەم بەشەی ئەشکەوتەکە چوونە خوارەوە؛ تا سەرئەنجام ڕەوەزەوانانی بۆکان بە سەرپەرشتیی شاخەوانی ناوداری کورد، "موقبیل هونەرپەژووهـ" توانیان زیاتر بە ناو ئەشکەوتەکەدا داگەڕێن و بگەنە تەلارەکانی دووهەم و سێهەم و چوارەمیش. تەلاری دووهەم بە یادی موقبیل هونەرپەژوه کە دواتر لە کاتی شاخەوانیدا گیانی لەدەستدا ناو نراوە "تەلاری موقبیل".

بە گەیشتن بە تەلاری سێهەم کە ناوی "تەلاری کوردستان"ی لەسەر دانراوە، دیمەنەکە زۆر سەرنجڕاکێش دەبێ. دەریاچەیەکی زۆر بەرین بە ئاوێکی زۆرەوە لەگەڵ دەیان قەندیل و دیمەنی جوانی ناو ئەشکەوتەکە کە لە داشۆرانی قسڵ و ئاهەک لە ناو ئەو بەردانەدا دروست بوون.

 تەلاری چوارەمیش لە چەندین داڵان پێکهاتووە و دوو دەریاچەی بچووکیش لەخۆ دەگرێت و رێڕەوێک بە نێوان دوو دەریاچەکەدا تێپەڕ دەبێ. شاخەوانانی بۆکان، ئەم تەلارەیان بە یادی چەمی سیروانەوە ناو ناوە "تەلاری سیروان". لە نزیک ئەشکەوتی قەڵایچی ئەشکەوتێکی دیکەش بە ناوی ئەشکەوتی "دووکچی" هەیە کە گومان دەکرێ ئەم دوو ئەشکەوتە بە یەک بگەنەوە.

KURDŞOP
878 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!