خەرازە

 

نووژین دەمر

 

یەکەم جار کە پیاوێکی ئەمریکی لە ساڵی ١٩٦٩ چووە سەر مانگ، هێشتا ئاڵای ئەمریکای هەڵنەکردبوو کە دەنگی خەرازەیەک دەبیستێت. سەیری دەوروبەری دەکات و دەبینێت پیاوێک لەسەر خەرازەیە. بە سەرسوڕمانەوە دەپرسێت تۆ کێیت و لێرە چی دەکەیت؟

دەڵێت:

- من خەڵکی کۆبانیم، هاتووم بیرێک لەسەر مانگ بکۆڵم.

ئەم جۆکە لەسەر خەڵکی کۆبانی گێڕدراوەتەوە، چونکە ئەوان زۆر لە کاروباری بیر هەڵکەندن بە خەرازە بەناوبانگن و لە زۆر ناوچەی جیهان بە خەرازەی خۆیان گەڕاون و دەڵێن لە هەر شوێنێک بیرێک هەڵکەندرابێت، کۆبانییەک دەستی تێدا هەبووە.

ئەم هاوینە زۆر گەرم بوو، من و هاوڕێکانم، لە گەرمای کۆبانی خۆمان ڕزگار کرد و چووینە دەریای سپی لە کەنارەکانی شاری لاتقییە. بۆ خۆمان تێر گەڕاین و کاتێکی خۆشمان بەسەر برد. ڕۆژێک من و هاوڕێیەکم خەڵکی شاری لاتقییە لە باخچەیەکدا دەگەڕاین، باسی کۆبانیم بۆ دەکرد و ئەویش بە کنجکاوی گوێی لێ دەگرتم. لە کاتی قسەکردنماندا گوێم لە دەنگێک بوو، بینیم کەسێک بیرێک هەڵدەکۆڵێت، زەردەخەنەیەکم کرد و بە هاوڕێکەمم گوت:

- بێگومان ئەمانە هاونیشتمانیی ئێمەن، خەڵکی کۆبانین.

سەری سووڕما و گوتی:

- چۆن زانیت خەڵکی کۆبانین؟

گوتم لە پیشەکەیانەوە ڕوونە، کۆبانی بە هەڵکەندنی بیر بەناوبانگن و بەهۆی پیشەکەیانەوە بە هەموو جیهاندا بڵاو بوونەتەوە.

بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانم داوام لە هاوڕێکەم کرد سڵاویان لێ بکات.

بەرەوڕوویان چووین و سڵاومان لە یەکتر کرد و یەکسەر دەرکەوت کە خەڵکی شاری کۆبانی و خەڵکی گوندی "هەلنجێ"ن. زەردەخەنەیەکم کرد و بە هاوڕێکەمم گوت:

- گوندی هەلنجێ پایتەختی دروستکردنی خەرازەیە.

زۆر شانازی بە پیشەسازیی خەڵکی شارەکەمەوە دەکەم، بۆیە ویستم لەبەردەم هاوڕێکەمدا ستایشی خەڵکی کۆبانی و کارەکانیان بکەم، دەستم پێ کرد و گوتم:

- دوای کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان ژمارەیەکی زۆریان لە کۆبانی نیشتەجێ بوون و پیشەسازیی ئاسنیان هێنایە کۆبانی. خەڵکی کۆبانی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بە شارەزاییەکی زۆرەوە ئەم پیشەیەیان وەرگرت و پەرەیان پێدا و پلەی یەکەمیان لەسەر ئاستی سووریە لە کاری پیشەسازی و بە تایبەتی لە بەرهەمهێنانی خەرازەدا وەرگرت.

لە سەرەتادا خەرازەیان لە دەرەوە دەهێنا و کاریان لەسەر دەکرد و گۆڕانکارییان تێدا کرد بۆ ئەوەی باشتر کار بکات، دواتر خەرازەی خۆیان دروست کرد و کاریان لەسەر دەکرد و تا ئەمڕۆش خەڵکێکی زۆری کۆبانی لە زۆرێک لە شارەکانی سووریە و وڵاتانی جیهان، وەک تورکیا، عێراق، سوودان، لیبیا، مۆریتانیا، جەزائیر، مەغریب، نیجەر، لوبنان و باشووری ئەفریقا و چەندین وڵاتی تر، بڵاو بوونەتەوە.

و لە هەنووکەدا سەدان خەرازەی کۆبانی لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان بیر دەکۆڵن و ئاو دەردەخەن.

تەنیا لە گەڕەکێکی کۆبانی بە ناوی سینا، ٥٠ کارگەی خەرازی و کەرەستەکانی هەن.

٧٠ لەسەدی ئابووریی کۆبانی لەسەر پیشەسازیی خەرازەیە. هەروەها ٥٠ بۆ ٦٠ لەسەدی خەڵکی کۆبانی کاری هەڵکەندنی بیر دەکەن یان لەو کارە دەزانن. بۆ نمونە دراوسێیەکمان هەیە، ناوی محەممەد مسلمە، تەمەنی ٤٥ ساڵە و زیاتر لە ٢٠٠ خەرازەی لە ژیانیدا دروست کردووە.

تەنانەت کاتێک گەنجانی کۆبانی دەچوونە شارە گەورەکان بۆ خوێندن لە زانکۆ، بۆ بژێویی ژیانیان لەسەر خەرازەکاندا کاریان دەکرد. لە هەمان کاتدا خەرازەکان وای کرد خوێندکارانی کۆبانی بچنە زۆرێک لە وڵاتان و لە زانکۆ باڵاکاندا بخوێنن. بە واتایەکی تر خەرازە نەک هەر ئابووریی خەڵکی کۆبانیی باشتر کرد، بەڵکوو چاوی بەڕووی جیهاندا کردەوە و لەگەڵ چەندین شوێن و کولتووری جیاواز ئاشنایانی کرد.

هاوڕێکەم گوتی:

- ئوووو! ئێستا پارەیەکی زۆرتان لەسەریەک ناوە!

- خۆزگە! ئێستا وا نییە، چونکە دوای ململانێکان لە سووریا، گۆڕانکارییەکی نەرێنی ڕوویدا و کاری خەرازەکان دوا کەوت و ڕاگیرا.

- ڕاستە! من دەڵێم لەبەر ئەوەی پەیوەندیی دەوڵەتی سووریا لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ خراپ بوو، کاری خەرازەکان ڕاوەستا.

- بەڵێ و هەر لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ دەتوانی بڵێی بە گشتی دروستکردنی خەرازە وەستاوە، بەڵام لە "سرووجا"ی باکووری کوردستان هاووڵاتیی خەڵکی کۆبانی هەن کە لە دوای شەڕەوە لەوێن و لەوێ دەستیان بە دروستکردنی خەرازە کردووە. زۆر نیگەران مەبە، ڕۆژێک کە سەردانی کۆبانی دەکەیت، دەتبەم بۆ شەقامی سینا و بە چاوی خۆت دەیبینیت کە پیشەسازیی خەرازە هێواش هێواش وەک پێشتری لێ دێتەوە.

خۆمان لەبیر کردبوو. سەیری دەوروبەرمان کرد و بینیمان زۆر دوور کەوتووینەتەوە. خەریک بوو بگەڕێینەوە، کە گوێمان لە دەنگی خەرازەیەک بوو، هاوڕێکەم بە جۆش و خرۆشەوە گوتی:

- نووژین! سەیرکە، هەندێک لە هاوشارییەکانتان لێرەن!

KURDŞOP
710 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!