پیشەسازییە بنەڕەتییەکان لە هەرێمی کوردستان - بەشی 2

 

هانی

 

پیشەسازیی کەرەستەی بیناسازی

پیشەسازیی بیناسازی زۆر لە کۆنەوە لە هەرێمدا هەبووە و پەرەی سەندووە و مێژووش شایەتی دەدات لەسەر زیرەکیی نەتەوەی کورد لەسەر هونەری بینا و بیناسازی و کەرەستەی خاوی ناوچەکە. ئەم جۆرە پیشەسازییە داهاتێکی زۆر و خێرای لێ دەست دەکەوێت. بەتایبەتیش زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان و پێویستیی زیاتر بە کەرەستەی بیناسازی و بەتایبەتیش چیمەنتۆ و بلۆک و بابەتەکانی تر، وای کردووە خواست و داواکاری زۆری لەسەر بێ و ئەم جۆرە پیشەزاییە بەردەوام لە فراوانبووندا بێت.

 

ئێستا لە هەرێمی کوردستان چەندین جۆر پیشەسازی لەم بوارەدا دامەزراوە؛ گرنگترینیان:

١-  پیشەسازیی چیمەنتۆی سەرچنار: ئەم کارگەیە لە ساڵی ١٩٤٥ لەلایەن کۆمپانیایەکی فەڕەنسییەوە نەخشەی دانراوە و لە ئازاری ١٩٥٧ کرایەوە و بە یەک فرن خرایە کار ، ئامانج لە دامەزراندنی ئەم کارگەیە دابینکردنی چیمەنتۆ بوو بۆ بەنداوی دووکان و دەربەندیخان و ئەو بینا گەورە حکومیانەی لەو سەردەمەدا دروست دەکران. توانای بەرهەمهێنانی کارگەکە دەگەیشتە نزیکی ٣٠٠-٣٥٠ تەن لە ڕۆژێکدا. بەهۆی زۆریی پيداویستی و خواستی زۆر لەسەر چیمەنتۆ، لە ئەنجامدا توانای بەرهەمهێنانی دوو ئەوەندە زیادی کرد، بەڵام ئەم کارگەیە بە مەبەستی دورخستنەوەی لە شار و فراوان کردنی ئەم پیشەسازییە لە زەوییەکی فراوانتردا، ئێستا داخراوە و پارچەکانی گوازرایەوە بۆ کارگەی چیمەنتۆی تاسڵووجە.

٢- کارگەی چیمەنتۆی تاسڵووجە: ئەم کارگەیە بە گەورەترین و گرنگترین کارگە لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت. ئەم کارگەیە لە ساڵی ١٩٨٠ دامەزراوە و لە ساڵی ١٩٨٤ بە شێوەی ئەزموونی کەوتە کار و لە ساڵی ١٩٨٦ بە توانای بەرهەمی ٢ ملیۆن تەن لە ساڵێکدا بە تەواوی کەوتە کار. ئەم کارگەیە چەند جارێک بەهۆی جەنگەکانی ئێران و عێراقەوە خەسارەی گەورەی بەرکەوتووە و چاک کراوەتەوە و ئێستا لە بەرهەمهێنانی بەردەوامدایە.

٣- کارگەکانی بلۆکی ڕانیە: هەڵکەوتەی جوگرافیای دەڤەری ڕاپەڕین بەهۆی هەبوونی زێ و ڕووبارى زۆره‌وه‌، بۆ دروستکردنی کارگەی بلۆک زۆر گونجاوە، لەبەر ئەوەی بە ئاسانی کەلوپەلەکانی بەرهەمهێنانی بلۆکیان دەست دەکەوت، بۆیە زۆرترین کارگەی بلۆک لەم دەڤەرە دروست كراون کە زۆربەیان دەکەونە سنووری شارۆکەکانی چوارقوڕنە و حاجیاوا.

بلۆک تاكه‌ شت نیە کە لەو دەڤەرە دروست دەکرێت بەڵکوو هاوشێوەی کارگەکانی بلۆک، کارگەی بەرهەمهێنانی چەو و لمیش بازاڕی خۆیان هەیە.

٤- کارگەی مەڕمەڕی هەولێر: ئەم کارگەیە لە ناوچەی پیشەسازیی باکووری هەولێر دامەزراوە ، لە ساڵی ١٩٧٦ دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە و توانای بەرهەمهێنانی ١٠٠٠٠٠ مەتردووجای لە ساڵێکدا هەیە، بەڵام تەواوی ئەم توانایە نەخراوەتە کار. بەڵکوو لە ساڵی ١٩٨٩ گەیشتووەتە ٦٠٨٨٨مەتر دووجا.

 جگە لەم کارگایانە چەندین کارگەی بچووک و مامناوەندی لە بواری بیناسازیدا لە کوردستان هەن کە گرنگترینیان "کارگەی گەچی بازیان و کارگەی خشتی سوور و کارگەی بلۆک و بۆڕیی ئاوی کۆنکرێت و کاشی و …." هەروەها چەندین کارگەی بچووک و مامناوەند بۆ دروستکردنی دەرگا و پەنجەرە لە ماددەی "ئاسن و ساج و ئەلمنیۆم pvc".

هەروەها دامەزراندنی کارگەی شیشی بیناسازی لە هەولێر کە لە ڕێگای توانەوەی ئاسنی کۆن و دروست کردنەوەیان شیشی بیناسازی بەرهەم دێنێ و لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ خراوەتە کار.

 بێگومان چەندین کارگەی پیشەسازیی بچووکی دیکەش ئێستا لە کوردستان دامەزراون و بەهۆی زۆربوونی داواکاری و باش بوونی بەرهەمهێنانی ئەم کەرستە بیناسازییانە لە پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا، ژمارەیان زۆر بووە.

ئێستاش بەشێک لە کارگە گەورەکانی هەرێم نەک هەر پێداویستییەکانی ناوخۆ بۆ کەرەستەی بیناسازی دابین دەکەن، بەڵکوو بەرهەمەکانیان هەناردەی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش دەکەن.

 

 

KURDŞOP
614 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!