شووتیی دیاربەکر، مارکەیەکی کوردی لە ئاستی جیهانیدا

ساڵی ڕابردوو 112 هەزار تۆن شووتی لە دیاربەکر بەرهەم هێنراوە و بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت 150 هەزار تۆن شووتی بەرهەم بهێنرێت.

کوردشۆپ – زبەش یان شووتیی ئامەدی باکووری کوردستان، بە هۆی گونجاو بوونی ئاو و هەوا و زەوی و ... زۆر بە تامە و زۆریش گەشە دەکا و گەورە دەبێ و بەم هۆیەشەوە  چ لە باکوری کوردستان و تورکیا و چ لەسەر ئاستی جیهان بە گشتی، زۆر بەناوبانگە.

ساڵانە فێستیڤاڵی شووتی لە دیاربەکر بەڕێوە دەچێ و گەورەترین شووتییەکان لەو فێستیڤاڵانە نمایش دەکرێن، هەموو ناوچە و شارەکانی دیاربەکر، بە گەورەترین و بەتامترین شووتییەکان، بەشداریی ئەو فێستیڤاڵانە دەکەن. هەروەها پێشبڕکێی شووتی بەڕێوە دەچێ و گەورەترین شووتیی ساڵ پێوانە دەکرێ و هەڵدەبژێردرێ و دواتر خەڵات دەکرێ.  لە ناوەندی شاری ئامەد پەیکەرێکی شووتی، وەک یەکێک لە هێماکانی شارەکە دانراوە.

 

وەک هەموو ساڵێک ئەمساڵیش لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان وەرزی هەڵگرتنەوەی شووتی دەستی پێ کردووە. ئەمساڵ لە دیاربەکر شووتی، لەسەر ٢٧ هەزار دۆنم زەوی چێندرا.

ساڵانە لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا، وەرزی هەڵگرتنەوەی شووتی لە دیاربەکر دەست پێ دەکات. بەڵام شووتییە بەناوبانگەکانی دیاربەکر کە تەنها لە خاکی خۆڵاویی لای ڕووباری دیجلەدا گەشە دەکەن و کێشیان نزیکەی ٥٠ کیلۆیە، لە مانگی ئەیلوولدا پێدەگەن.

پێستی ئەم شووتییە سەوز و سپییە و ناوەوەی سوورە، تامەکەی شیرین و شەکرە، بەڕاستی شایەنی ستایشە.

هەموو ساڵی پاش ئەوەی شووتی لە باکووری کوردستان دەگات، لەسەر هەزاران دۆنم زەوی و کێڵگە کۆدەکرێتەوە و لەلایەن کرێکاران و بارهەڵگرەکانەوە بۆ هەموو شارەکانی باکوری کوردستان و تورکیا و تەنانەت بۆ دەرەوەی وڵاتیش هەناردە دەکرێت.

ساڵی ڕابردوو 112 هەزار تۆن شووتی لە دیاربەکر بەرهەم هێنراوە و بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت 150 هەزار تۆن شووتی بەرهەم بهێنرێت.

عەلی ئیحسان سو پارێزگاری دیاربەکر بەشداریی یەکەم ڕۆژی کۆکردنەوەی شووتیەکانی کرد و ڕایگەیاند لە هەموو جیهان، چین یەکەم وڵاتە کە زۆرترین شووتی بەرهەم دەهێنێت و وڵاتی دووەمیش تورکیایە و گوتیشی: ئەمساڵ لە دیاربەکر 27 هەزار دۆنم زەوی شووتییان لێ چێنراوە. ساڵی پار 112 هەزار تۆن شووتی بەرهەم هێنرا و ئەمساڵ چاوەڕێی 150 هەزار تۆن شووتی دەکەین. پشتگیری بۆ هەموو جووتیاران بەردەوام دەبێت.

شووتییەکانی دیاربەکر بە بۆن و ڕەنگ و تامە تایبەتەکەیەوە نیشانەی جوگرافییان وەرگرتووە و وەک جۆرێکی تایبەتی شووتیی دیاربەکر، بەناوی شارەوە تۆمار کراوە و ئەمەش گرنگییەکی زۆری بۆ ئەم جۆرە شووتییە هەیە.

KURDŞOP
902 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!