بەروبوومی گەنم لە  هەرێمی کوردستان

 

هانی

 

گەنم یەکێکە لەو بەروبووم و دانەوێڵانەی خۆراکی سەرەکیی نەک تەنها کوردستان بگرە جیهانە. گەنم یەکێکە لەو دانەوێڵانەی لە ئاستی جیهاندا زۆرترین بەکارهێنانی هەیە. ئەر دانەوێڵەیە هەرچەندە لە کەشوهەوای جۆراوجۆر و خاکێکی بەرفراواندا گەشە دەکات، بەڵام بە باشترین شێوە لەگەڵ ناوچە مامناوەندەکاندا دەگونجێت کە بارانبارین لە نێوان ٣٠ بۆ ٩٠ سم (١٢ بۆ ٣٦ ئینج) بێت.

گەنمی زستان و بەهار دوو جۆری سەرەکیی بەرهەمەکەن، پێکهاتەی خۆراکیی دانەوێڵەی گەنم لەگەڵ جیاوازیی کەشوهەوا و خاک تا ڕادەیەک دەگۆڕێت. بە تێکڕا ناوکەکە لەسەدا ١٢ ئاو و لەسەدا ٧٠ کاربۆهیدرات و لەسەدا ١٢ پرۆتین و لەسەدا ٢ چەوری و لەسەدا ١.٨ کانزا و لەسەدا ٢.٢ ڕیشاڵی خاو لەخۆدەگرێت. هەروەها تیامین و ڕیبۆفلاڤین و نیاسین و بڕێکی کەم لە ڤیتامین Aیش لە خۆ دەگرێت.

گەنم گرنگترین دانەوێڵەیەیەکە کە لە کوردستانیش بەرهەم دەهێنرێت. ئەو جۆرە گەنمانەش کە لە دەشتەکانی کوردستاندا دەچێنرێن هەمەجۆرن و گرنگترینیان ئەمانەن: قەندەهاری، ڕەزاو، بەهارە، سپیکە، زەردکە.

بەڵام گەنمی "مەکسیباک" کە لە ساڵی ١٩٦٤ز هێنرایە عێراق و لە ساڵی ١٩٦٧ ز دەست بە چاندنی کرا، لە کوردستان بە شێوەیەکی بەربڵاو دەچێنرێ؛ بە تایبەتی لەو شوێنانەی ڕادەی دابارینی ساڵانەی لە نێوان (٤٥٠ - ٥٠٠) ملم دایە. چاندنی گەنم زۆرترین ڕووبەری کشتوکاڵیی لە هەرێمی کوردستان داگیر کردووە بەڵام بەپێی بارودۆخی ئەم ڕووبەرە لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر دەگۆڕێ؛ هەروەها بڕی بەرهەمیش بەهۆی جیاوازی ئاو و هەوا لە ساڵیکەوە بۆ ساڵێکی تر جیاوازیی هەیە.

ئەم دانەوێڵەیە بەشێوەیە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ وەک خۆراکی مرۆڤ و ئاژەڵ بەکار دەهێنرێت، چ لە ڕێگای کردنی بە ئارد و دواتریش بە نان و چ لە ڕێگای بەکارهێنانی لە چەندین بەرهەمی خۆراکیی دیکەدا. ئاردی گەنم پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە زۆرێک لە خۆراکەکاندا. لەوانە مەعکەرۆنی، نۆدل، نان، و….

 

مێژووی بەکارهێنانی گەنم لە کوردستان

جووتیاری و چاندنی گەنم پیشەیەکی لەمێژینەی کورد بووە و لێکۆڵەرەوە مێژووییەکانیش ئەوە نیشان دەدەن کە بەر لە ھەموو شوێنێک، مرۆڤەکانی دانیشتووی ئەو ناوچەیەی ئەمڕۆ پێی دەگوترێ کوردستان، ئاشناییان لەگەڵ گەنم ھەبووە و بۆ خۆراکی خۆیان بەکاریان ھێناوە؛ ھەروەک لە گوندی چەرمۆی نزیک چەمچەماڵ و ھەزار مێردی نزیک سلێمانی و گوندی عەلی قوش لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دۆزراوەتەوە. 

ھەموو بەڵگە مێژوویییەکانیش ئەوە دەردەخەن کە شارستانییەت لە میزۆپۆتامیا (وڵاتی نێوان دوو ڕووبارەکە) لەسەر بنچینەی بەروبوومی کشتوکاڵی و بە تایبەتی گەنم بووە. دواتر ئەم بەرهەمە و چۆنیەتیی چاندن و بەرهەمهێنانیشی، گوازراوەتەوە بۆ وڵاتانی تری ئاسیا و ئەورووپا و ئەفریقاش. هەر بۆیە ئەم باوەڕە هەیە کە کوردستان، نیشتمانی ڕەسەن و یەکەم شوێنی بەکارهێنانی گەنم بووە.

 دەتوانین گرنگیی ئابووریی گەنم لەم خاڵانە کۆبکەینەوە :

 لەبەر ئەوەی گەنم بە بەروبوومێکی سەرەکی بۆ خۆراکی مرۆڤ دادەنرێت، پێگەیەکی بەرزی لە ئابووریی ھەموو وڵاتێکدا ھەیە و ھەر لە چاخەکانی پێش مێژووەوە خۆراکی مرۆڤ بووە. سەرەتا بە برژاوی خواردوویانە، دواتر کردوویانەتە ئارد و ھەویر تاکوو توانیویانە نانی لێ دروستبکەن.

١- لە پیشەسازی شیرنەمەنی و ھەویرکاری وەک کێک و بسکویت بەکار دێت.

٢- قەد و گەڵای بە سەوزی و قرشە و کایەکەشی بە وشکی وەک ئالیک دەدرێتە ئاژەڵ.

٣- دەنکەکانی گەنم وەک و ئالیکیش دەدرێن بە ئاژەڵ.

٤- بەکارھێنانی دەنکی گەنمی درشت بۆ ساوار و گەنمە کوتاو و ھەرشتە کە ئەم خۆراکانەش خۆراکی کۆنی کوردەوارین.

٥- لە هەمووان گرنگتر بەکارهێنانی گەنم بۆ دروستکردنی نان بەتایبەتیش گەنمی ورد، بۆ نان و سەموون و جۆرەکانی تریش.

 

بەرهەمهێنانی گەنم لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان

 

١- پارێزگای هەولێر :  گرنگترین ناوجەی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرهەمهێنانی گەنم و لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠-٢٠٢٠  بەراورد بە ناوچەکانی تری کوردستان زۆرترین بەرهەمی گەنمی هەبووە. بێگومان ئەمەش بەهۆی ئەوەی ڕووبەرێکی گەورە تەرخان کراوە بۆ چاندنی ئەم جۆرە بەرهەمە، بە جۆرێک کە تێکرای ئەو ١٠ ساڵە پارێزگای هەولێر ڕووبەری  ١ ملیۆن و ١٣٨ هەزار و ٤٣٧ دۆنم زەویی کشتوکاڵیی بۆ گەنم تەرخان کردووە.

٢- پارێزگای سلێمانی: بە دووەم پارێزگا دادەنرێت لەڕووی بەرهەمهێنانی گەنم، ئەو ڕووبەرەی لەم پارێزگایەدا بۆ چاندنی گەنم تەرخان کراوە نزیکەی ٣٢٠ هەزار دۆنم دەبێت. ڕووبەرەکەی کەمترە لە پارێزگای هەولێر، بەڵام بە هۆی بڕشتی خاکی پارێزگاکە، بەراورد بە پارێزگاکانی تری کوردستان، بەرهەمی زیاترە.

٣- پارێزگای دهۆک: بە سێیەم پارێزگا دادەنرێت لە رووی بەرهەمهێنانی گەنم لە دوای هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی، کە لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵە ٧٨٣هەزار و ١٨٥ دۆنم زەویی ئەم پارێزگایە گەنمی تێدا چێنراوە.

٤- پارێزگای هەڵەبجە: بەرهەمهێنانی گەنم وچاندنی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦-٢٠٢٠ بەردەوام بووە. زەویی ئەم پارێزگایە بەبڕشتترین و بەپیتترین زەوی و گەنمەکەی و باشترین گەنم بووە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان. ڕووبەری ٦٩ هەزار و ٣٩ دۆنم لە زەوییەکانی ئەم پارێزگایە بە گەنم چێندراوە.

 

ئێستا لە کوردستان وەرزی دروێنەوەی گەنمە و بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەرهەمهێنانی گەنم لە کوردستاندا لە ڕووی بڕ و جۆرەوە، ساڵ لە دوای ساڵ زیادی کردووە، بەجۆرێک کە ئەمساڵ گەیشتووەتە ١٢٦ هەزار تۆن کە کەم بڕەش دوو هێندەی پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە.

 

KURDŞOP
891 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!