وەرزی ماسیگرتن لە شاری وان دەستی پێ کردووە

کوردشۆپ- هەموو ساڵێک لەنێوان ١٥ی نیسان بۆ ١٥ی تەمموز، بەهۆی ئەوەی ماسییەکان بۆ ئاوە شیرینەکان کۆچ دەکەن و زاوزێ دەکەن، ڕاوکردنی ماسی قەدەغەیە و ئەمساڵیش دوای کۆتاییهاتنی قەدەغەکردنەکە، وەرزی ماسیگرتن دەستی پێ کردووەتەوە.

دوای تەواوبوونی قەدەغەکردنی ماسیگرتن، ماسیگرەکان چوونە دەریاچەی وان و دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکانیان، بە بەلەمەوە چوونە نێو دەریاچەکەوە و دەستیان کردەوە بە گرتنی ماسیی ئینجی کەفال.

لە ناوچەکانی ئیپەکیۆلو، ئەدرەمیت، تووشبا، گەڤاش، مورادییە و ئەردیشی سەر بە وان و لە ناوچەکانی خەلات، ئەلجەواز و تەتوان سەر بە بدلیس، ماسیگرەکان چوونە نێو دەریاچەکەوە.

ماسیگرەکان دەتوانن تا ١٥ی نیسان، ماسیی ئینجی کەفال لە دەریاچەی وان بگرن. بەڵام دوای ئەوە، قەدەغەکردنەکە دەست پێ دەکاتەوە.

نەدیم ئاسلان، کە ماوەی ٣٠ ساڵە لە ناوچەی ئەردیش خەریکی ڕاوکردنی ماسییە، ڕایگەیاند، دوای هەڵگرتنی قەدەغەکردنەکە، گوتوویانە "بسم الله" و تۆڕەکانیان فڕێ داوەتە نێو دەریاچەی وانەوە.

ئاسلان گوتی کە دەیانەوێت وەرزێکی خۆش و پڕبەرەکەت بەسەر بەرن و زیادیشی کرد: "ئامادەکارییەکانمان تەواو کردووە، بەلەمەکانمان پشکنیوە و چاکمان کردووە. لەگەڵ هەڵگرتنی قەدەغەکردنەکە، لە نیوەی شەودا چووینە نێو دەریاچەکەوە. ڕۆژێکی باش و پڕبەرەکەت بوو. هیوادارم وەرزی ماسیگرتن بەم شێوەیە بڕواتە پێشەوە".

لە شاری وان لە باکووری کوردستان، ڕاوکردنی ماسی لە دەریاچەی وان سەرچاوەیەکی گرینگی داهاتە بۆ شارەکە و ئەو ماسییانەی کە ڕۆژانە دەگیردرێن، ڕەوانەی زۆربەی شار و ناوچەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دەکرێن.

KURDŞOP
537 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!