بازرگانێکی شرناخی، ناوەندێکی "دووپشک"ی کردووەتە و ٣ هەزار دووپشک بەخێو دەکات

ڕدڤان کورت دەڵێت، دوای خوێندنەوەی چەند بابەت لەبارەی دووپشکەکان، لەبارەی گرینگیی ژەهری دووپشک زانیاریی بەدەست هێناوە و تێگەیشتووە کە لە شێرپەنجەناسی بەکار دێت و بۆ خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان زۆر گرینگە و بڕیاری دا ناوەندێک بکاتەوە.

شادی

کوردشۆپ- ڕدڤان کورت کە دانیشتووی شاری شرناخی باکووری کوردستانە، ٣ ساڵ لەمەوبەر سەنتەرێکی بەرهەمهێنانی دووپشک و ژەهرەکەی دامەزراندووە و ئێستا خاوەنی ٣ هەزار دووپشکە.

ڕدڤان کورت، تەمەن ٤٢ ساڵ، دەرچووی زانکۆی Kocatepe لە شاری ئافیۆن لە تورکیایە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بایۆلۆجی لە فاکەڵتی هونەر و زانستەکان بەدەست هێناوە و بڕوانامەی ماستەری لە توێژینەوەی دووپشک تەواو کردووە، ساڵی ٢٠٠٦ دوای خوێندنەوەی چەند بابەتێک لەسەر دووپشک، بڕیاری دا توێژینەوە بکات و سەنتەرێک لە شارەکەیدا بکاتەوە.

ڕدڤان کورت، ٣ ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەی جزیر سەر بە شاری شرناخ لەسەر زەوییەک بە ڕووبەری ٦ هەزار و ٣٠٠ مەتری چوارگۆشە، سەنتەرێکی بەرهەمهێنانی دووپشک و ژەهری  کردەوە و ٣٠٠ دووپشکی لە ناوچەکەدا کۆ کردەوە و دواتر ڕێژەی دووپشکەکان بە زاوزێکردن گەیشتە ٣ هەزار دانە.

هەروەها لەو سەنتەرەدا ٣ کارمەندی پسپۆڕی تاقیگەکە هەن و بەگشتی لەوێ ٤ کەس کار دەکەن و هەر ٢٥ ڕۆژ یەکجار ژەهری ئەو دووپشکانە کۆ دەکرێتەوە. ئەو ژەهرەی کە بەدەست دێت لە شوێنێک کە ٨٦ پلە لەژێر سیفرە، هەڵدەگیردرێت.

ژەهری دووپشک لە ڕوانگەی پزیشکییەوە زۆر گرینگە

ڕدڤان کورت دەڵێت، دوای خوێندنەوەی چەند بابەت لەبارەی دووپشکەکان، لەبارەی گرینگیی ژەهری دووپشک زانیاریی بەدەست هێناوە و تێگەیشتووە کە لە شێرپەنجەناسی بەکار دێت و بۆ خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان زۆر گرینگە و بڕیاری دا ناوەندێک بکاتەوە.

ناوبراو جگە لە لێکۆڵینەوەی تیۆری، لێکۆڵینەوەی مەیدانیش دەکات و لە جۆرەکانی دووپشک لە ناوچەکەدا دەکۆڵێتەوە و لەمبارەوە دەڵێت: "جۆری دووپشک لە ڕوانگەی پزیشکییەوە زۆر گرینگە و ئێمە زۆر باش لەوە تێدەگەین. لە ناوچەکەدا کار لەسەر دووپشکی ڕەش و زەرد دەکەین کە بە Androctonus Crassicauda ناسراون و ئەم جۆرە ژەهرە لە ڕوانگەی پزیشکییەوە گرینگە و ئێمە کاری لەسەر دەکەین.

ڕدڤان کورت باسی لەوەش کرد: "لە ماوەی ٢ ساڵدا نزیکەی ٣٠٠ دووپشکمان لە شاخ و دۆڵەکاندا کۆ کردەوە و دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەی پێویست لە سەنتەرەکەمان و لە تاقیگەدا ئەنجام درا، کۆمان کردنەوە و بەخێومان کردن و ژمارەی دووپشکەکانمان گەیشتنە ٣ هەزار دانە".

ناوبراو هەروەها وتی: "لەم سەنتەرەدا، ئێمە بە سەرکەوتوویی ژەهری دووپشک دەگرین. هەر ٢٥ ڕۆژ جارێک ژەهری دووپشکەکان دەگرین. دووپشکەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بە شێوەیەکی سیستەماتیک خۆراکیان پێ دەدرێت. ئەوان تەنیا بۆ ماوەی ٣ مانگ دەچنە خەوی زستانە. هەر دووپشکێک لە ساڵێکدا ١٠ جار ژەهری لێ وەردەگیردرێت. ئێمە ئامانجمان پەرەپێدانی ئەم کەرتەیە".

ڕدڤان کورت ڕایگەیاند کە ناوەندەکەیان دەتوانێت ٢٠ هەزار دووپشک بەخێو بکات و زیادیشی کرد: "ئێمە بە شێوەیەکی سیستەماتیک ژەهری دووپشکەکان دەگرین و لە شوێنێکدا هەڵیدەگرین کە ٨٦ پلە لەژێر سیفردایە. ئامانجمان لە ڕوانگەی پزیشکییەوە، دروستکردنی بنەمایەکە بۆ ئەو زیندەوەرانە کە گرینگییان هەیە و ژەهریان هەیە، بۆ ئەوەی ژەهرەکە بەدەست بهێنرێت. هەروەها بۆ فرۆشتنی ئەو ژەهرە پێویستە لە دەرەوەی وڵات هەوڵی بۆ بدرێت. هەروەها لەگەڵ ٧ کۆمپانیا لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی ئەو ژەهرە لە دەرەوەی وڵات بفرۆشن.

KURDŞOP
584 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!