هەناردە کردنی نانی تیریی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی دەرەوە

هانی موڕتەزا

نانی تیری یەکێکە لەو نانانەی لە کوردستان دروست دەکرێت و دەخورێت. نانی تیری کە سەرچاوەی دروستکردنی لە لادێکانی کوردستانەوە سەری هەڵداوە، بەهۆی مانەوەی و شێوازی دروست کردنە جوانەکەی وای لێ هاتووە هەناردەی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەورووپی بکرێت. ئەو نانە کە زیاتر لە لایەن خانمانەوە دروست دەکرێت سەرەڕای جوانی و ناسکییەکەی، لە ڕووی تەندروستیشەوە سوودی هەیە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە سۆدەی تێدا نییە و بۆ ڕیخۆڵە تەندروستە و  بۆ نەخۆشیی کۆڵۆن سوودی هەیە و تەنانەت بۆ ئەو کەسانەشی نەخۆشی شەکرە و پەستانی دڵیان هەیە بەسوودە؛ چونکە لە نانی تیریدا هیچ رێژەیەک لە چەوری و شەکر بوونی نییە. پسپۆڕانی خۆراک دەڵێن بۆ ئەو کەسانەی کێشەی هەرسیان هەیە وەک تەندروستترین بژاردە نانی تیری و نانی هەورامی هەڵبژێرن.

نانی تیری بەهۆی سادەیی دروستکردنی و بەکارنەهێنانی مەوادی زیانبەخش لە پێکهاتەکەیدا، هەناردەی وڵاتان دەکرێ. لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕێژەیەکی زۆر لە نانی تیری کە لەلایەن خانمان و کارگە کانیانەوە بەرهەم هێنرا، ڕەوانەی وڵاتانی ئەورووپی کرا. بەتایبەتیش بەریتانیا و وڵاتانی تری وەک ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و سوید ونەرویج و چەند وڵاتێکی تریش لە بەرهەمی نانی تیریی کوردستان دەکرن. ئەو ڕێژە نانە تیرییەی هەناردەی وڵاتانی ئەورووپا کراوە لە ساڵی ڕابردوودا بایی ٩٠ هەزار دۆلار بووە. پلان بۆ بە هەناردە کردنی زیاتری نانی تیری و هەورامی لە ساڵانی ئایندەدا، دانراوە؛ لەبەر ئەوەی خواست لە سەرئەم جۆرە نانە تەنک و سادەیە رۆژ بە رۆژ لە زیاد بووندایە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە لایەن کارگەی دروستکردنی نانی تیرییەوە بڵاو کراوەتەوە، 8 نانی تیریی هەناردەکراو بە نرخی ٢-٣ دۆلار دەفرۆشرێت. هەر کیلۆیەک ئارد نزیکەی ١٠-١٣ نانی لێ دروست دەکرێت، نانی تیری و نانی هەورامی و جۆ سێ جۆری تایبەتی نانی تیرین. لە رووی کوالیتی و کۆنترۆڵی زۆربەی ئەو وڵاتانەی نانی تیری هاوردە دەکەن، کوالیتیی نانی تیریی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدا دەخەمڵێنن. بەکارهێنانی نانی تیری لە وڵاتانی دەرەوە نەک تەنها لە لایەن کوردەکانەوە بەڵکو لە لایەن دانیشتووانی ڕەسەنی وڵاتەکەشەوە خواست و داواکاریان لەسەر نانی تیری هەیە.

لە هەمانکاتدا هەناردە کردنی نانی تیری لە کوردستانەوە وای کردووە رێژەیەکی باش لە خانمان لەم بوارەدا کار بکەن و نانی کوردی بەرهەم بهێنن، واتا دەستی کارێکی باش بە تایبەتیش خانمان لەم بوارەدا کار دەکەن کە ئەمە کاریگەریی لەسەر بوژاندنەوەی داهاتی تاک و وڵات هەیە.

بەشێک لە کارگەکانی دروستکردنی نانی تیری پەیوەندییان لەگەڵ ئەو کارگانە هەیە کە لە وڵاتانی ئەوروپی نانی تیری بەرهەم ئەهێنن و لەوێ دامەزراون، ئەم کارانەش لەلایەن چەند بازرگانێکی کوردەوە بە مەبەستی پتەوتربوونی پەیوەندیی ئابووریی وڵاتانی ئەورووپی لەگەڵ کوردستان و بەدەست هێنان و دەست کەوتنی قازانج و بەرز کردنەوەی داهات ئەنجام دەدرێت.

KURDŞOP
653 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!