تووتڕکی سێرت بۆ 34 وڵات هەناردە دەکرێت

کوردشۆپ- لە ناحیەی مسرج لە پارێزگای سێرت لە باکوری کوردستان، تووتڕک یان دیرێش لەسەر ٢٣٠ دۆنم زەوی بەرهەم دەهێنرێت. ئێستا وەرزی چینینەوەی ئەم بەرهەمە دەستی پێ کردووە و بە گشتی بۆ ٣٤ وڵات بە وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی دووری ئاسیاشەوە هەناردە دەکرێ.

لە گوندی یونسلار سەر بە شارۆچکەی مسرجی سەربە سێرت، لەسەر کێڵگەیەکی 230 دۆنم زەوی، باخێکی تووتڕکی هەیە کە گەورەترین بەرهەمی تووتڕکە لە باکووری کوردستان و تورکیا لەم باخە بەرهەم دێت.

هەر لەو پێوەندییەدا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و دارستانی پارێزگای سێرت، ئەرگون دەمیرهان ڕایگەیاند، لە ساڵی ڕابردوودا 130 تۆن تووتڕک لەم باخەدا بەرهەم هێنراوە و بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت 150 تۆن بەرهەم بهێنرێت. ئەمڕۆ بە ناوی پارێزگا و هەروەها بە ناوی نیشتیمانەوە بە گشتی ئەمە جێگای شانازییە کە باخچەیەکی میوەی وامان هەیە. ئەم باخە گەورەترین باخی تووتڕکە لەسەر ئاستی تورکیا. باخێکی یەکپارچەیە کە ڕووبەرەکەی ٢٣٠ دۆنمە و تەنها تووتڕکی لێ دەچێنرێت.

هەروەها گوتیشی: لە ساڵی ٢٠٢٠ زیاتر لە ٨٠ تۆن و لە ساڵی ٢٠٢٢دا ١٣٠ تۆن تووتڕک لەم باخە بەرهەم هێنراوە. ئەمساڵ نزیکەی ١٥٠ تۆن بەرهەم دەهێنرێت. زۆربەی ئەو بەرهەمانەی لێرە بەرهەم دەهێنرێن هەناردەی ڕۆژهەڵاتی دووری ئاسیا دەکرێن. بەهۆی ئەوەوە داهاتەکەی زیاترە و بەرهەمێکی بەنرخە. ئێمە دەمانەوێت بەرهەمەکەی بە گشتی لە پارێزگاکەدا زیاد و فراوانتر بکەین و ئەم میوەیە سوودێکی زۆری هەیە بۆ ئابووری و هەناردەکردن.

یەکێک لە بەرهەمهێنەرانی تووتڕک بە ناوی محەممەد سابیت جەیلان، کە 14 جۆر تووتڕک لە باخەکەیدا دەچێنێت، دەڵێت: "بەپێی تایبەتمەندیی زەوییەکانی ناوچەکە بەردەوامین لە تاقیکردنەوەکانمان و 14 جۆر تووتڕک دەچێنین". ئێستا ئەم میوەیە بە شێوەی تازە و بەستوو و هەروەها بەپێی دەرهێنانی شەربەتەکەی دەنێرینە ناو بازاڕ.

هەروەها ڕایگەیاند: ئێمە میوەی تازە دەنێرین بۆ هەموو بازاڕەکانی ناوخۆ و بۆ وڵاتانی دەرەوە، واتە ڕۆژهەڵاتی دوور و وڵاتانی نیمچە دورگەی عەرەبی، و ئەم کارەش بە فڕۆکەی بارهەڵگر دەکەین. گەورەترین باخچەمان لە تورکیا بەدەست هێناوە کە ٢٣٠ دۆنم زەوییە.

بەرهەمهێنەر محەممەد سابیت جەیلان وتیشی: ئێمە ئێستا تووتڕک وەکوو میوەی تازە دەنێرین بۆ نیمچە دورگەی عەرەبی، واتە لە وڵاتانی دوبەی و کوێت و سعوودیە و یەمەنەوە کڕیارمان هەیە. هەروەها لە ڕێگەی فڕۆکەی بارهەڵگرەوە هەناردە دەکەین بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دوور وەک سەنگافورە و مالیزیا و ماڵدیڤ. جگە لەوەش وەک میوەی تازە ئەم بەرهەمە وەکوو شەربەتی میوە دەنێرین بۆ ٣٤ وڵات.

KURDŞOP
596 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!