زۆرترین کانگای زێڕی ناوچە لە رۆژهەڵاتی کوردستانە

 

سلێمان تاشان

 

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بەسەر چەند ناوچەیەکی جیاوازی جوگرافیدا دابەش بووە و هەر ئەوەش وای کردووە بە جۆری جیاوازی کانگا و کانزاکان دەوڵەمەند بێت کە هەندێکیان گرانبەهان و بە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات هەژمار دەکرێن.  دوایین نەخشەی کانگاکانی ئێران دەیسەلمێنێت بەشە کوردستانەکەی ئێران لەو سەرچاوە گرانبەهایە پشکی شێری بەردەکەوێت.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی goldnews تا ئەم ساتە لە ئێران 68 جۆر مادەی کانزایی ناسراون کە بەهای بازرگانییان هەیە. یەکێک لەو کانزا گرانبەهایانەیش زێڕە کە ماوەی چەند ساڵێکە بەرهەم دەهێنرێت و یەدەگی بەرهەمەکەش ساڵ لە دوای ساڵ لە بەرزبوونەوەدایە.

لەرووی دەوڵەمەندیی بە کانە جیاوازەکانەوە ئێران لە ریزبەندی 15ی وڵاتانی جیهاندا هەڵکەوتووە و ئامارەکان دەیسەلمێنن کە یەدەگی زێڕی پاڵاوتووی دەرنەهێنراوی ئێران دەگاتە 320 تۆن. ماوەیەکە ئێران ساڵانە چەند تۆنێک زێڕ بەرهەم دەهێنێت و پلان هەیە لەم ساڵانەدا قەبارەی بەرهەمەکە بگەیەنرێتە 12 تۆن لە ساڵێکدا و لە پلانێکی درێژخایەنیشدا بەرهەمهێنانەکە بۆ 25 تۆن بەرز بکاتەوە.

گەورەترین و گرنگترین کانگاکانی زێڕی ئێران کەوتوونەتە رۆژهەڵاتی کوردستان و شاری تیکاب کە سەر بە پارێزگای ورمێیە گەورەترین کانگای زێڕ کاری تێدا دەکرێت و بەرد و خۆڵی کانگاکەش کوالێتییەکی باشی بەراورد بە کانگاکانی تر هەیە و لە هەر تۆنێک لانی کەم پێنج گرام زێڕ بەرهەم دەهێنرێت.

ساڵی 2012 سێ کانگای زێڕی تر لە سەقزی پارێزگای سنە دۆزرانەوە کە پێشبینی دەکرێ یەدەگی زێڕی ئەو کانگایانەش بگاتە 16 تۆن.

پارێزگای ورمێ یەکێکە لە گرنگترین ئەو پارێزگایانەیە کە دەوڵەمەندە بە کانگای زێڕ و ساڵانە سەروی 700 کیلۆگرام زێڕ لەو پارێزگایەوە هەناردەی جیهان دەکرێت.

بەشێکی بەرچاو لە بەرهەمی زێڕی ورمێ هەر لە ناوخۆ سوودی لێ وەردەگیرێ و بەشێکی تریشی بە مەبەستی وەبەرهێنان بەکار دەهێنرێت. پارێزگای ورمێ دەکرێ ببێتە یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی زێڕ نەک لە ئێران بەڵکوو لە تەواوی جیهان بە مەرجێک بە رێکی لەو کەرتەدا وەبەرهێنان بکرێت.

ساڵی 2014 ئەوە یەکلایی بووویەوە کە کانگای زێڕی زێڕەشۆران  20 ملیۆن تۆن بەردی زێڕی هەیە و کارگەی زێڕی زێڕەشۆران بە گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی زێڕ لە ئێران هەژمار دەکرێت کە ساڵانە سێ تۆن زێڕی لێ بەرهەم دەهێنرێت.

زەرشۆران 35 کیلۆمەتر لە تیکاب و 15 کیلۆمەتر لە تەختی سلێمان دوورە و بەپێی ئەو وەبەرهێنانەی لەو کانگایە کراوە دەبێ هەلی کار بۆ هەزار و 250 کەس دابین بکرێت. جگە لەو کانگایە لە قوڵقوڵەی سنە، خوراپەی پیرانشار و سەقز و چەند شوێنێکی تری رۆژهەڵاتی کوردستان زێڕ بەرهەم دەهێنرێت.

لە پارێزگای سنە 400 کانگای جیاواز هەن بەڵام کانگای زێڕ لە گرنگترینیانن و سەرووی 50%ی بەرهەمی زێڕی هەموو ئێران لە پارێزگای سنە بەرهەم دەهێنرێت.

لە پارێزگاکانی تری ئێرانیش زێڕ دۆزراوەتەوە و لە هەندێکیاندا ساڵانە برێک بەرهەم دەهێنرێن بەڵام بەرهەمەکەیان کەمە و لەگەڵ ئەوەی کوردستان بەراورد ناکرێن. ئازەربایجانی رۆژهەڵات، کرمان و خوراسانی رەزەوی، ئیسفەهان، هەمەدان،  سیستان و بەلووچستان و چەند شوێنێکی تری ئێران کانگای زێڕیان لێ دۆزراوەتەوە.

لەم دواییانەدا لە نزیک شاری تەفتان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کانگایەکی زێڕ دۆزرایەوە کە لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوەدایە و پێشبینی دەکرێ 24 تۆن زێڕ لە دڵی ئەو کانگایەدا خۆی حەشار دابێت.

ساڵی رابردوو رەزا موحتەشەمیپوور جێگری وەزیری پیشەسازی و کانگاکان و بازرگانیی ئێران بە میدیاکانی راگەیاند کە هێشتا لەو کانگا نوێیە دەستیان بە بەرهەمهێنان نەکردووە بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە قەبارەی بەرد و خۆڵی ئەو کانگایە کە هەڵگری زێڕە دەگاتە 50 ملیۆن تۆن.

بەگشتی ئەوە سەلمێنراوە کە سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی زێڕ لە ئێران لە کوردستانەکەیەتی کە دەکرێ بە پەرەپێدانی، هەلی کار برەخسێت و ناوچەکەی پێ ئاودان بکرێتەوە، بەڵام ئەمە نەکراوە و خێروبێرەکەی بۆ ناوەند بووە و تۆزەکەی چووتە چاوی خەڵکەوە.

 

 

 

KURDŞOP
692 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!