ڕۆڵی بەرهەمهێنانی کڵاش لە ئابووریی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا


کانی

بەشێکی بەرچاو لە داهاتی دانیشتووانی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەیوەندیی بە بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری و دابەشکردنی کاری دەستیەوە هەیە و ئەم کەرتە دەکرێ وەک پۆتانسیەلێکی ئابووری و تواناییەک بۆ ئەم پارێزگایە هەژمار بکرێت.

پێڵاوی کڵاش بە گرنگترین پیشەی دەستیی پارێزگای سنە دادەنرێت و ئەم پیشەسازییە گرنگە کە هونەری دەستیی ژنان و پیاوانی ئەم نیشتمانەیە، نە تەنها لە ئێران بەڵکو لە جیهاندا ناسراوە و ناوبانگی جیهانیی بەدەست هێناوە. بەرهەمی کڵاش لەم پارێزگایە لە گەشەکردندایە و ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و پیاوان لە شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا و هەورامان سەرقاڵی ئەم کارەن.

 شاری مەریوان وەک پایتەختی دروستکەری کڵاشی جیهان ناسراوە و ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئەو شارە بە کاری دروستکرنی پێڵاوی کڵاشەوە سەرقاڵن. ئێستا داهاتی سەرەکیی بەشێک لە گوندەکانی ناوچەی هەورامان، وەک نوێن، هەجیج، کەلجی، هەورامانی تەخت، پاڵەنگان، سلێن، بڵبەر و هتد لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی کڵاشەوە بەدەست دێت و لەم کارە هاوبەشەدا، هەموو ئەندامانی خێزان بە گوێرەی تواناییی خۆیان بەشداری دەکەن.

 لە بەرهەمهێنانی کڵاش لە پارێزگادا بێگومان ڕۆڵی ژنان  زیاترە لە ئەندامانی تری خێزان. نزیکەی 75%ی کاری دروستکردنی کڵاش لەلایەن ژنانەوە ئەنجام دەدرێت و 25%ی تریش لەلایەن پیاوانەوە. زۆرجار بنی پێڵاوەکە لەلایەن پیاوانەوە دروست دەکرێت، چونکە پێویستیەکی زیاتری بە هێزی دەست هەیە. هاوکاریی خانمان پێویستە بۆ بونیاتنانی سەری پێڵاوەکە کە پێویستی بە وردبینی و ناسکیی زیاترە. لە باشییەکانی ئەم جۆرە پێڵاوە، دەتوانین ئاماژە بکەین بە نەهێشتنی بۆنی پێ، خۆپاراستن لە کەڕوو و بەکتریا لەسەر پێست، فێنک بوونی و کەمکردنەوەی ئازاری پشت و ئازاری پێ و هتد.

نرخی تەواوکراوی کڵاش لە پارێزگادا جیاوازە وبە پێی ئەو کەرەستەیەی بەکارهێنراوە بەرز و نزم دەبێت، کە بەزۆری لە ٥٠٠ هەزار تمەنەوە (10 دۆلار) دەست پێدەکات تا دەگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن تمەن. (20 دۆلار)

ئەو پۆتانسییەلانەی کە سوودێکی ڕێژەییان لە بەرهەمهێنانی کڵاش هەیە بریتیە لە:

* هێزی کاری هەرزان

*شارەزایی و پسپۆڕیی خەڵکەکە لە بەرهەمهێناندا

*پیشەی کۆنی خەڵکی خۆجێیی

* کەرەستەی خاوی هەرزان

بڕی بەرهەمی کڵاش لە پارێزگاکەدا ناتوانرێت بە وردی بخەمڵێنرێت، بەڵام ساڵانە نزیکەی 300 هەزار جووت کڵاش بەرهەم دەهێنرێت، کە بە دیاریکردنی ستراتیژیی ئابووری دەتوانرێت بەرهەمهێنانی زیاد بکرێت.

 پیشەسازیی کڵاش لە پارێزگاکەدا بەهۆی ئەم هۆکارانەی خوارەوە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە:

* دەڵاڵی و ناوەندگەرایی، بەجۆرێک کە قازانجی سەرەکیی ئەم پیشەیە ناچێتە گیرفانی بەرهەمهێنەر و دەڵاڵەکان زۆرترین قازانج وەردەگرن.

* نەبوونی پابەندبوونی دارایی لە نێوان بەرهەمهێنەر و دەڵاڵەکان

* نەبوونی ئامێری پیشکەوتوو بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنان .

* نەبوونی پاڵپشتیی حکوومی وەکوو نەبوونی سەندیکایەک بۆ هاوسەنگکردنی نرخەکان، نەبوونی بازاڕی فرۆشتن، نەبوونی پاڵپشتیی دارایی بۆ بەرهەمهێنەران و یاسای کار.

 بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان، نزیکەی ٨٠ هەزار کەس لەم پیشەسازییەدا کاردەکەن و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ داهات و خەرجیی ژیانیان لە بازاڕی کڵاشدا بەدەست دێنن. لەگەڵ هاتنی فرۆشگاکانی ئینتەرنێت و چالاکییەکان بۆ فەزای مەجازی، خانمانی ماڵەوە بە چنینی کڵاش و فرۆشتنی بە شێوەی ئۆنلاین، هەندێک داهات بۆ خەرجییەکانی ماڵ دابین دەکەن.

ئێستا لە بواری هەناردەکردن و بازرگانیکردن بە کەلوپەلی نانەوتی، پیشە دەستییەکان بە تایبەت کڵاش ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێ. تورکیا و عێراق (باکوور و باشووری کوردستان) دوو شوێنی سەرەکیی هەناردەکردنی کڵاشی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. لەلایەکی دیکەوە، گرانیی تێچووی گومرگی بەتایبەتی لە عێراق یەک لەو هۆکارانەیە کە بووەتە هۆی هەناردەی نافەرمی و خاوەن کڵاشەکان پێیان باشە بەرهەمەکەیان لە ڕێگەی نافەرمییەوە هەناردە بکەن بۆ ئەوەی قازانجی زیاتر بکەن. مەزەندە دەکرێت  ساڵانە لە نێوان ٥٠ بۆ ٧٠ هەزار جووت کڵاش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ باشوور و باکووری کوردستان هەناردە بکرێت.

KURDŞOP
694 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!