هەنگەوانانی جۆلەمێرگ بە بارانی ئەمساڵ دڵخۆشن

سەرۆکی یەکێتیی هەنگەوانان ڕایگەیاند ساڵانە نزیکەی 200 هەنگەوان لە پارێزگاکانی وەک ئۆردوو، ئەدەن، گیرەسون و هاتای دەهاتنە هەرێمەکە و گوتیشی: "ساڵی ڕابردوو بۆ هەر سندوقێک نزیکەی 10 کیلۆ هەنگوین وەرگیراوە". بەڵام ئەمساڵ باران دەبارێت و وەرزەکە بە باشی دەڕوات. پێشبینی دەکەین بۆ هەر سندوقێک ٢٠-٢٥ کیلۆ هەنگوین بەرهەم بهێنرێت. .

شادی

 

کوردشۆپ- هەنگەوانانی ناوچەی شاخاویی شاری جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان کە بە چیمەن و گوڵ دەوڵەمەندە، دوای بارانبارینی زۆر لەم ناوچەیە چاوەڕێی کۆکردنەوە و بەرهەمهێنانی هەنگوینێکی زۆر دەکەن. لە شاری جۆلەمێرگ لەگەڵ دەستپێکردنی گەرما، هەنگەوانان، کارکردن لەسەر هەنگوینی گوڵی ئۆرگانیکیان دەست پێ کردووە.

ئەو هەنگەوانانە سندوقی هەنگەکانیان دەبەنە ئەو ناوچە شاخاوییانەی بە سەوزایی و سەرچاوەی ئاو دەوڵەمەندن و لەوێ لەناو چادر و کەرەڤانەدا دەژین.

ئەو هەنگەوانانە کە بەشێکی زۆری ڕۆژەکەیان بە پاککردنەوەی سندوقەکان و بەتاڵکردنی شانە هەنگوینەکان بەسەر دەبەن، بەهۆی بارانبارینی چەند ڕۆژی ڕابردوو، چاوەڕێی زیادبوونی بەرهەمی هەنگوین دەکەن.

هەنگەوانان چاوەڕێن لەگەڵ دەستپێکردنی گەرما هەنگەکانیان ببەنە ئەو کوێستانانەی چەندین جۆر ڕووەکی جیاوازیان لێ دەڕوێ.

"فازیل دورموش"، سەرۆکی یەکێتیی هەنگەوانان ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو بەهۆی کەمیی باران، بەرهەمهێنانی هەنگوین بە گوێرەی چاوەڕوانکراو نەبوو.

دورموش ڕوونیشی کردەوە، ساڵانە نزیکەی 200 هەنگەوان لە پارێزگاکانی وەک ئۆردوو، ئەدەن، گیرەسون و هاتای دەهاتنە هەرێمەکە و دەڵێت: "ساڵی ڕابردوو بۆ هەر سندوقێک نزیکەی 10 کیلۆ هەنگوین وەرگیراوە". بەڵام ئەمساڵ باران دەبارێت و وەرزەکە بە باشی دەڕوات. پێشبینی دەکەین بۆ هەر سندوقێک ٢٠-٢٥ کیلۆ هەنگوین بەرهەم بهێنرێت. لە هەرێمەکەمان نزیکەی ١٥٠٠ هەنگەوان هەن. نزیکەی ٥٠٠ کەسیان هەنگەوانی ئاماتۆرن. نزیکەی هەزار لە هەنگەوانەکانمان لەلایەن ئیدارەی کشتوکاڵ و دارستانی شارەوە پاڵپشتی کراون. ناوچەکەمان بە جۆراوجۆریی گیا و گوڵ و ڕووەک دەوڵەمەندە و چەندین جۆری گیای لێیە. هەنگوینی جۆلەمێرگ بۆ چەندین سەدە جێگەی سەرنجی زۆر بووە. لە سەردەمی عوسمانیدا هەنگوینی ئێرە دەنێردرا بۆ کۆشکی سوڵتان. خواست لەسەر هەنگوینەکەمان هەیە و لە ناوچەکەماندا بە تێکڕا ١٥٠٠ تۆن هەنگوین دەست دەکەوێت، هیوادارین ئەم وەرزە، بۆ هەموو هەنگەوانەکانمان وەرزێکی باشی بەرهەمهێنان و کۆکردنەوە بێت.

یەکێک لەو هەنگەوانانە بەناوی "ئەکرەم کوتلوک" کە هەنگەکانی لە گوندی گوندەشی سەر بە قەزای چەلێ داناوە، ڕایگەیاند، وەرزی نوێی چالاکییان دەست پێ کردووە و خەریکی خاوێن کردنەوەی سندووقەکانن.

کوتلوک ڕوونیشی کردەوە، لە ناوچە شاخاوییەکانی شارەکەدا دەیان جۆر چیمەن و گوڵ هەیە، هەر بۆیە تامی ئەو هەنگوینەی بەرهەمی دەهێنن بەچێژتر و خۆشترە و دەڵێت: "شەکر نادەین بە هەنگەکان. گوڵەکانمان جیاوازن، هەنگوینی ئۆرگانیک بەرهەم دەهێنین. هەنگوینی گوڵی جۆلەمێرگ بەناوبانگە. هەنگوین دەنێرین بۆ ئەستەنبوڵ و ئیزمیر و ئەنقەرە و وان. هەروەها لە زۆر شوێنی جیاوازەوە داواکاری لەسەر هەنگوینی جۆلەمێرگ هەیە. ئەمساڵ هیوادارین بەرهەممان زیاتر بێت چونکە باران و بەفر زیاتر بووە. هەنگەوانانی دیکەش دەستیان بە کارەکانیان کردووە. لە ناوچەکەدا هەنگەوان زۆرن، هەر ساڵێک کە تێدەپەڕێت، هەنگەوان زیاتر دەبن".

یەکێک لە هەنگەوانەکان بەناوی "عەدنان عەگید"، باسی لەوە کرد ماوەی ١٣ ساڵە خەریکی هەنگەوانییە و لە وەرزی بەهاردا چاوەدێریی هەنگەکان دەکات. گوتیشی ئەو هەنگانەی کە هێزیان نییە بە دەرمان پشتگیری دەکرێن.

عەدنان عەگید ڕایگەیاند: تا کۆتاییی مانگی ئایار لە گوندەکە دەمێننەوە و دواتر سندوقەکان دەگوازنەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە  گوتیشی: "هەنگەوانان لە هەموو لایەکەوە دێنە ئێرە. ئێرە ناوچەیەکی بەپیتە. چەندین جۆر گیا و گوڵی لێ دەڕوێ و گیا و گوڵی کوێستان هەنگوینی خۆشتری لێ بەرهەم دێ. هەر بۆیە هەنگوینی ئێمە باش دەردەچێ. لە ئۆردوو و گرەسوونەوە هەنگەوان دێن. ئێمە و ئەوان، نزیکەی ٦ مانگ لێرە لەگەڵ هەنگەکاندا بەسەر دەبەین، بەهیوای ئەوەی بەرهەمەکانمان باش بن. لە ناوچەکەدا هەزاران شانە هەنگ هەیە و ئێمە لێرە لە چادردا دەمێنینەوە. وەک هەر پیشەیەکی دیکە، هەنگەوانییش کێشەی خۆی هەیە. بەڵام کارێکی باشە و ئێمە هەنگوینی سندووقی ڕەشیش بەرهەم دەهێنین''.

لە لایەکی دیکەوە "نەوزاد کوتلوک"یش کە هەنگەوانە ڕایگەیاند ژمارەی هەنگەوانە ناوخۆییەکان لە ناوچەکەدا لە زیادبووندایە و وتیشی: "من خۆم لە وانەوە هاتووم. لە ناوچەکەدا چەندین جۆری گوڵ و گیا هەیە. هەڵگرتنەوەی هەنگوین لە مانگی ئەیلولدا دەست پێدەکات. ئێمە هەنگوین بە شانە و سندوقی ڕەش و هەنگوینی گوڵاو بەرهەم دەهێنین و هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو بەرهەمهێنەرانی ئەم وەرزە دەخوازم.

KURDŞOP
717 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!