لە شرناخ ساڵانە 800 تۆن هەنگوین بەرهەم دێت

لە شرناخی باکوری کوردستان، پیشەی هەنگەوانی زیاتر و زیاتر گەشە دەکات. بە گشتی لە پارێزگای شرناخ بە هەزاران هەنگەوان سەرقاڵی ئەو کارەن و هاوشانی چیا و کردە بەناوبانگەکانی شرناخ، ئێستا دەیانەوێت بە هەنگوینی شرناخ ناوبانگیان هەبێت.

کوردشۆپ - لە شرناخی باکوری کوردستان، پیشەی هەنگەوانی زیاتر و زیاتر گەشە دەکات. بە گشتی لە پارێزگای شرناخ بە هەزاران هەنگەوان سەرقاڵی ئەو کارەن و هاوشانی چیا و کردە بەناوبانگەکانی شرناخ، ئێستا دەیانەوێت بە هەنگوینی شرناخ ناوبانگیان هەبێت.

بەشێوەیەکی گشتی لە سەرتاسەری پارێزگای شرناخ، ٨٠٠ تەن هەنگوین بەرهەم دەهێنرێت. لە لایەکی دیکەوە دەوڵەت کارگەی پاکەتکردنی هەنگوینیی خستووەتە کار و هەروەها کەمپی بەرهەمهێنانی هەنگیشی دروست کردووە. بەم شێوەیە بڕیارە هەزاران سندووقی هەنگ دابەش بکرێن و بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت 5 هەزار سندووقی هەنگ دابەش بکرێن.

"حەبیب ئاشان"، سەرۆکی یەکێتیی هەنگەوانانی شرناخ، ڕایگەیاند: "دەوڵەت وەبەرهێنانێکی زۆر لە کەرتی هەنگەوانیدا دەکات. بە شێوەیەکی گشتی لە پارێزگای شرناخ، وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆجیا و بە پاڵپشتیی دامەزراوەکانی دیکە، سندووقەکان دابەش دەکات. بێگومان ئەمەش تواناییمان بۆ بەرهەمهێنانی هەنگوین بەهێزتر دەکات و بە گشتی ٥ هەزار سندووقی هەنگ لە سنووری پارێزگای شرناخ دابەش دەکرێن. هەروەها ژمارەی ئەندامانی سەندیکاکەمان زیاد دەکات و داهاتی خێزانەکان زیاد دەکات. ئێمە ١٤ ساڵە ئەم پڕۆژانەمان بەڕێوەبردووە. ژمارەمان ١١٠٠ کەسە و ساڵانە ٨٠٠ تەن هەنگوینمان بەرهەم هێناوە. ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ ئێمە."

حەبیب گوتیشی: "بە پاڵپشتیی دەزگای گەشەپێدان، بەرهەمهێنانی خانە بنەڕەتییەکان، هەروەها بە هاوکاریی زانکۆ، توێژینەوە لەسەر نەخۆشییەکانی هەنگ ئەنجام دەدەین و بنکەیەک بۆ بەرهەمهێنانی هەنگ دروست دەکەین. لە لایەکی ترەوە کارگە بۆ بەپاکەتکردنی هەنگوین دروست دەکەین. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەنگەوانان نەک تەنها بۆ پارێزگای شرناخ بەڵکوو مادەی خاو و کەرەستەی سەرەکی بۆ هەموو هەنگەوانانی ناوچەکە دابین بکەن و ئەمەش هەلێکی کاری گرنگە."

"حەبیب ئاشان" ڕاشیگەیاند: "٤ پڕۆژە دەستیان پێ کردووە و گوتیشی: "تا کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبن. ئەگەر 25 هەزار سندووقی هەنگیش دابەش بکرێن، هێشتا خواست لەسەری هەیە. هەرێمەکەمان بۆ هەنگەوانی شوێنێکی زۆر گونجاوە. سوپاسی وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆجیا و قایمەقام و کارگێڕانی شارەکان دەکەین، کە هاوکاری و ئاسانکارییەکی زۆریان پێشکەش کردووین. بە گشتی ٨١ هەزار سندووقی هەنگمان هەیە. هەروەها لەم ڕووەوە پڕۆژەی براندکردنمان زۆر گرنگ بوو و هەموو دامەزراوەکانمان یارمەتیدەر  بوون و پشتگیریمان دەکەن و لەگەڵمانن''.

KURDŞOP
562 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!