باکووری کوردستان؛ لە ساڵی ڕابردوودا بیبەری وشک بۆ 104 وڵاتی جیهان هەناردە کراوە

بەپێی ئاماری یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری ئەنادۆل کە ژمارەیەک پارێزگای باکووری کوردستان لەخۆ دەگرێت، لە ساڵی 2022دا بە بەهای 10 ملیۆن و 549 هەزار دۆلار، بیبەر هەناردەی 104 وڵات کراوە.

کوردشۆپ- ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان بە پلەی یەکەم لە پارێزگای ڕحا و هەروەها لە شوێنەکانی دیکەشەوە بە بەهای 10 ملیۆن و 549 هەزار دۆلار، بیبەری وشک هەناردەی 104 وڵات کراوە.

لە باکوری کوردستان جگە لە زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی بیبەر، بازرگانییەکەی بووەتە کەرتێکی گرنگ. بەپێی ئاماری یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری ئەنادۆل کە ژمارەیەک پارێزگای باکووری کوردستان لەخۆ دەگرێت، لە ساڵی 2022دا بە بەهای 10 ملیۆن و 549 هەزار دۆلار، بیبەر هەناردەی 104 وڵات کراوە. لە ناو ئەم وڵاتانەی لە ساڵی ٢٠٢٢ بیبەریان بۆ هەناردە کراوە ئەڵمانیا لە پلەی یەکەمدایە بە بەهای ٤٣٥ هەزار دۆلار و لە پلەی دووەم هۆڵەندا بە بەهای 430 هەزار دۆلار و لە پلەی سێیەمیش سعوودیە بە بەهای 362 هەزار دۆلار جێیان گرتووە.

هەروەها لە 3 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا هەناردەی بیبەر بەراورد بە هەمان مانگەکانی ساڵی 2022 بە ڕێژەی لەسەدا 14 زیادی کردووە و بایی 2 ملیۆن و 877 هەزار دۆلار بیبەر هەناردەی 68 وڵات کراوە. لە مانگەکانی کانوونی دووەم،  شوبات و ئاداری 2023، زیاتر لە ١٠٣٥ تۆن بیبەری وشککراو، بۆ ئەڵمانیا، هۆڵەندا، سعودیە، بەریتانیا، هەرێمی کوردستان و عێراق، فەرەنسا، ئەمریکا، ڕووسیا، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، لیبیا، کەنەدا، چین، عومان، ژاپۆن، بولگاریا، غانا ، مۆزەمبیق، کوبا و مەغریب، هەناردە کراوە.

عیسا قیزڵدەمیر، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ڕحا ڕایگەیاند: "بەرزبوونەوەی هەناردەی بیبەر کە ساڵی ڕابردوو دەستی پێ کرد، لە 3 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەردەوام بوو. جووتیارانمان سەرەڕای ئەو هەموو سەختییانە، لە بەرهەمهێنان بەردەوامن."

عیسا قیزڵدەمیر دەڵێ: "کاتێک باسی بەهارات و بیبەر دەکەیت، پێش هەموو شتێک ڕحا دێتە بەرچاو. بیبەری تورکی زیاتر لە شاری ڕحا دەچێنرێت. کۆمپانیاکانی هەناردەکردن، بیبەرەکانمان هەناردەی وڵاتان دەکەن. لە ساڵی داهاتوودا باوەڕم وایە بەهاراتەکانمان خواردنی خواردنگە و چێشتخانەکانی وڵاتان بەتامتر دەکەن. بەرهەمی بیبەر لە ماوەیەکی کورتدا پێدەگا. ئەگەر پشتگیریی بەرهەمهێنەرانی بیبەر بکرێت، هەناردەکردنمان زیاد دەکات".

KURDŞOP
689 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!