فاتمە بەلخەکانلوویی: کەمئەندام بوون هیچکات لەبەردەمم نەبووەتە ئاستەنگ

یەکێک لەو کەسانەی کە ئاستەنگەکانی بەردەمی خۆی پیشتگوێ خستووە و بە هێزی خۆی توانیی بەشداری لە بەرهەمهێناندا بکات، کچێکی کوردە بە ناوی "فاتمە بەلخەکانلویی" کە ئێستا کارگەیەکی دوورینی جلوبەرگی دامەزراندووە.

 

شادی

 

کوردشۆپ- ئاستەنگەکان لە کۆمەڵگای کوردیدا زۆرن، بەتایبەتی ئەو ئاستەنگانەی بەهۆی داگیرکارییەوە ساز بوون سەرەکیترین بەربەستن لەبەردەم پێشکەوتنی ئاستی بیرکردنەوە، تێفکرین، ئابووری و هەروەها بەگشتی لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی. داگیرکاری ڕێگە بە هیچ پێشکەوتنێک لە کۆمەڵگای کوردیدا نادات و ڕێگری لە هەر جۆرە گەشەکردنێک دەکات. تەنانەت ئاستی پەروەردە و زانست و گەشەسەندنی ئابووری لە کوردستان، خەریکە دەبێتە گەورەترین هەڕەشە بۆخۆیان و بۆ ئەوەش بە چەندین شێوەی جیاواز ڕێگری لەو پێشهاتانە دەکەن. بە واتایەکی تر داگیرکەرانی کوردستان، دواکەوتوویی و هەژاری و دوورخستنەوەی کورد لە زانست و هەر جۆرە گەشەسەندنێکی جیهانی مۆدێرن، بە گونجاوترین زامن بۆ بەردەوامبوونی دەسەڵاتی خۆیان لە کوردستان دەبینن و ئەمەش ڕاستە. ئەو ئاستەنگانە لە لایەن دوژمنەوە دروست دەکرێن، دەکرێ لێیان تێبگەین و دەزانین دوژمن دەتوانێت هەموو جۆرە زیانێک بە کۆمەڵگای کوردی بگەیەنێت و ئەوەش لە بەرژەوەندیی ئەواندایە. بەڵام خراپترین ئاستەنگەکان ئەو ئاستەنگانەن کە لەلایەن خودی کۆمەڵگای کوردییەوە قبوڵ دەکرێن و داخستنی دەرگای جیهانی دەوروبەرمان و دواکەوتوویی وەکوو شێوازێکی ژیان پێناسە دەکەن. ئەوەش مەترسییەکی هەرە گەورەیە.

بێگومان دەتوانین بڵێین خەباتی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، ڕەتکردنەوەی پێوەرەکانی داگیرکەرانە و تا ڕادەیەکی باش گۆڕانکاری لە کۆمەڵگای کوردیدا کراوە و بە ڕێژەیەکی بەرچاویش کورد دەستی کردووە بە گونجاندنی خۆی لەگەڵ جیهانی هاوچەرخ. بەڵام دەتوانین بڵێین هێشتا ڕێگایەکی دوور و درێژمان لە پێش ماوە. چونکە پێوەر، بوونی داگیرکارییە لەسەر کوردستان و ئەو داگیرکارییە هێشتا کۆتاییی نەهاتووە.

لە کۆمەڵگای کوردستاندا یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکانی ڕابردوو، خوێندن و پەروەردەی کچان بوو. ئێستا ئەو ئاستەنگە بە ڕادەیەکی زۆر ڕەویوەتەوە. بەڵام ئێستا یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکان، ئاستەنگی بەردەم کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و کەمئەندام و نەدیتنی ئەوان وەک کەسانی خاوەن ڕێز و پلەی کۆمەڵایەتییە. بە واتایەکی تر ئاستەنگ زۆرە لە پەروەردەکردنیان و بەشداریکردنیان لە ژیانی ڕۆژانەی بەرهەمهێنان و دەرفەتی خوێندن و بەشداریکردنیان لە بازاڕی کاردا. ئەوان وەک کەمئەندام سەیر دەکرێن و دەگوترێ پێویستیی تایبەتیان هەیە و ناتوانن هیچ بکەن و ئەو بۆچوونەش زۆر هەڵەیە. چونکە کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەتوانن بیرمەندیش بن و گەورەترین بەرهەمهێنان لە بیرکردنەوەدا بنیات دەنرێت. هەروەها دەتوانن بەشداری لە بەرهەمهێنان لە ئابووریدا بکەن بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە لە بیرکردنەوە و تێفکریندا بەربەستیان نەبێت.

یەکێک لەو کەسانەی کە ئاستەنگەکانی بەردەمی پشتگوێ خستووە و بە هێزی خۆی توانیویەتی بەشداری لە بەرهەمهێناندا بکات، کچێکی کوردە بە ناوی "فاتمە بەلخەکانلویی" کە ئێستا کارگەیەکی بۆ دوورینی جلوبەرگ داناوە و دەرفەت دەداتە ئەو کەسانەی بێکارن بۆ ئەوەی لەگەڵیدا کار بکەن. چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ ئەو کچە کوردە لەسەر ئەم بابەتە کردووە و قسەکانی زۆر سەرنجڕاکێش و گرنگن.

کورشۆپ: پێم خۆشە خۆت بە خوێنەرانمان بناسێنیت.

وڵام: من ناوم "فاتمە بەلخەکانلوویی"یە، لە ساڵی ١٩٩٥ لە گوندی ئاداخان نزیک شاری ماکۆ لەدایک بووم و لە گوندەکەم گەورە بووم.

 

کوردشۆپ: چۆن دەستت بە خوێندن کرد و چۆن تەواو بوویت و گەیشتیتە زانکۆ؟

وڵام: خوێندنم بۆ ماوەیەک قورس بوو. بەو پێیەی پێداویستیی تایبەتم هەبوو، بەڕێوەبەری قوتابخانە ڕێگەی پێ نەدام بچمە قوتابخانە و بخوێنم؛ بۆیە ناچار بووم لە قوتابخانەیەکی شەوانە کە بۆ کەسانی نەخوێندەوار و بەساڵاچوو دروست کرابوو، دەست بە خوێندن بکەم. لەم بابەتەدا کاری دایکم زۆر گرنگ بوو بۆ من، چونکە لەو کاتەدا کورسییەکم نەبوو لەسەری دابنیشێم، دایکم بە عەرەبانەیەکی دەستی دەیبردم بۆ قوتابخانە و بەبێ ئەوەی هەست بە هیچ ماندووبوونێک بکا، بەهار و هاوین و پاییز و زستان بۆ دایکم جیاوازیی نەبوو. چەند ساڵێک بەم شێوەیە لە خوێندن بەردەوام بووم، بەڵام نەمتوانی لەناو کەسانی هاوتەمەنی خۆم لە خوێندن بەردەوام بم. ڕۆژێک لە کاتێکدا کە فەرمانداری شارەکەمان "سلێمان جەعفەرزادە" سەردانی گوندەکەمانی کردبوو، پێم گوت دەمەوێت درێژە بە خوێندن بدەم، بەڵام بەڕێوەبەری قوتابخانەی گوندەکەمان وتوویەتی ناتوانی بێیتە قوتابخانە. بە هاوکاریی سلێمان جەعفەرزادە کە لێرەوە سپاسی دەکەم لە قوتابخانە وەرگیرام و لە پۆلی پێنجی سەرەتایییەوە دەستم کردەوە بە خوێندن.  چوار ساڵ لە گوند خوێندم، سێ ساڵیشم لە شارۆچکەی "پولدەشت" خوێند. دواتر لە ئەزموونەکان لە بەشی پزیشکیدا وەرگیرام؛ بەڵام لەبەر دژواربوونی هاتوچۆی من بۆ شارێکی دیکە، هەر لە شارەکەی خۆم بەشی ژمێریاریم هەڵبژارد و خوێندم و لە بواری ژمێریاری لە زانکۆی ئازادی ماکۆ بڕوانامەی بەکالۆریۆسم بەدەست هێنا.

کوردشۆپ: کەی دەستت بە کار کردووە و چۆن بڕیارت داوە ئەم کارە هەڵبژێریت و ناوەندی کارەکەت لە کوێیە؟

وڵام: پێش ئەوەی وڵامتان بدەمەوە، حەز دەکەم یەک شت باس بکەم. پێش ئەوەی خوێندن تەواو بکەم، ئیدارە و بەرپرسانی شارەکەمان زۆر هاوکارییان کردم. دوای تەواوکردنی خوێندن، زۆرجار لە زۆر شوێن بەدوای کاردا دەگەڕام. چونکە پسپۆڕییەکەم ژمێریاری بوو لە زۆر شوێنیش کارم دەست کەوت بەڵام کێشە ئەوە بوو کە من نەمدەتوانی لەو شوێنانە کار بکەم. زۆر کەس پێشنیاری کاری جیاوازیان پێ دام و هاوکارییان دەکردم بەڵام من بڕیارم دا کارێکی ئاوا بکەم و بە خۆشمم دەگوت کە کارەکەی من دەبێ بە شێوەیەک بێ کە نەک تەنیا هەر بۆ من بەڵکوو بۆ زۆر کەسی دیکەش بەسوود بێ.

بەتایبەتی من دەمهەویست ژنان بتوانن سوود لە کارەکەم وەربگرن. بێگومان بۆ ئەم کارە ساڵێک ئامادەکاریم کردووە و پلانم بۆ داناوە. لەبەر ئەوەی سەرچاوە داراییەکانی بنەماڵەکەمان زۆر سنووردار بوو، باوکمان پیر بوو، نەمدەتوانی دەست بەم پڕۆژەیە بکەم. بۆ ئەوەی بتوانم دەست بە کارەکانم بکەم، داوای هاوکاریم لە خێرخوازانمان کرد لە ورمێ، ماکۆ، سەلماس و پولدەشت تا بتوانم دەست بە پڕۆژەکەم بکەم. ئەوان هاوکارییان کردم. بێگومان کاک ئالان مامەدی کە خەڵکی شاری سەلماس(دیلەمان)ە هەڵمەتی "بژی مرۆڤایەتی"ی بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ پڕۆژەکەم دەست پێکرد. سوپاس بۆ خوا کە لە ماوەی مانگێکدا هاوکاریی پێویستمان کۆکردەوە و منیش بە دابینکردنی بینایەک بۆ شوێنی کار دەستم بە کار کرد و کارگەکەمان بە ٢ ئامێری دروومان کردەوە. هەروەها سپاسی خەڵکی کوردی خۆمان دەکەم  کە تا ئێستاش بۆ من هەر هاوکارن و بە تەنیا بەجێم ناهێڵن. ئێستا کارگەکەمان بەردەوامە، ٨ ئامێری دروومانمان هەیە، هەروەها ٢٠ کارمەندی ژنمان هەیە. ئێستا ئێمە بۆ تاران خەریکی دروومانین.. بێگومان من دەمەوێت لە کوردستان، واتە لە شارەکانی کوردان کاری دروومان بکەم و خزمەت بە گەلەکەم بکەم.

کوردشۆپ: ئێوە وتتان لە ئێستادا خەریکی دروومان بۆ تارانن. واتا تۆ جلی فارسی دەدووری یان کوردی؟ تاران داوات لێ دەکات جلوبەرگی بۆ بدووریت؟

وڵام: جلی کوردییش دەفرۆشین، جگە لە جلی کوردیی ئافرەتان، داواکاریی زۆر بۆ جلوبەرگی پیاوان هەیە. ئێستا ئێمە خەریکی دروومان بۆ خەڵکین، بەڵام من دەمەوێت بۆخۆم ببڕم و بدوورم. کاری خۆم بکەم و بەرهەم بێنم و بیفرۆشم. بەڵام بە داخەوە ئێستا کار بۆ فرۆشگاکانی تاران دەکەین. ئەوان پارچەکانیان بۆ ئێمە دەنێرن و ئێمەش بۆیان دەدوورین؛ واتە ئێمە تەنها نرخی دروومانەکەمان وەردەگرین. هەروەها گرنگترین بەشی کارەکانمان کۆکردنەوەی جلوبەرگی کوردیی پیاوانە، لەو ٢ ساڵەی کە دەستمان پێ کردووە، خواست لەسەر جلوبەرگی کوردیی پیاوان زیادی کردووە، کە لە ناوچەکەماندا نزیک بوو لە نەمان؛ بەڵام وەک ئاماژەم پێ کرد، بەهۆی کەمیی بودجەوە ناتوانین خۆمان قوماش بکڕین و بیبڕین. ئێستا تەنها لەسەر داواکاری دەدوورین. سەرەڕای ئەو هەموو ئاستەنگییە داراییە، شەو و ڕۆژ کار دەکەین و هیوادارین کارەکەمان گەورەتر بکەین.

 

کوردشۆپ: کاتێک دەستت بە پرۆژەیەکی لەم شێوەیە کرد، کۆمەڵگا چۆن سەیری تۆی دەکرد؟ چۆن لێت نزیک بووەوە؟ هەروەها خێزانەکەت چەندە پشتگیرییان کردی بۆ ئەم کارە؟

وڵام: کاتێک دەستم بەم کارە کرد، دایکم و باوکم زۆر پاڵپشتیی من و خوشکەکانمیان دەکرد. بە تایبەتی دایکم هەمیشە تەنانەت لە سەردەمی منداڵیمدا دەیزانی زۆر پێداویستیم هەیە و زۆر هاوکاریی دەکردم. کاتێک بە دایکمیان دەگوت منداڵەکانمان خوێندەوار نین، هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ ئەوەی فاتمە لەم دۆخەدا سەرکەوتوو بێت، دایکم گوێی بەو قسانە نەدا و منی گەیاندە ئەم ئاستە. هەروەها خوشکەکانم زۆر پشتیوانم بوون. هەرچەندە لەڕووی ئەولەویەت دان بە کچەکانمان لاوازییەک لە کۆمەڵگاکەماندا هەیە؛ بەڵام خێزانەکەم ڕێگرییان لە خەون و ئاواتەکانم نەکرد. بێگومان ئەو هاوکاری و پشتیوانییەی کۆمەڵگای ئێمە، گەلەکەمان، بۆ منی کرد، ڕەنگە بۆ منداڵەکانی خۆیانیان نەکردبێ و تا ئێستاش من بە تەنیا بەجێ ناهێڵن. هەروەها لە ڕێگای ئەم کارەی خۆمانەوە هاوکاریی ئەو ژنانەش دەکەین کە بێ سەرپەرشتیارن و ئەگەر بڕەخسێ دەیانبەین بۆ کارگە بۆ ئەوەی لەوێ کار بکەن و ئەگەریش نەتوانن بێنە کارگە ئەوا مەکینەی دروومانیان بۆ دەکڕین و بەم شێوەیە دەبینە هاوکار. وەک ژنێک زۆر دڵخۆشم بە ئەنجامدانی ئەم جۆرە کارە.

کوردشۆپ: ئێستا شوێنی کارەکەت لە کوێیە؟

وڵام: ئێستا بەو پێیەی تەنها یەک کارگەمان هەیە، ئەویش لە گوندی خۆمانە. هەوڵ دەدەین کاتێک بودجەمان زۆر بوو کارگەی دروومانی دیکە لە شوێنی جیاواز و لە سەنتەری شارەکان بکەینەوە.

 

کوردشۆپ: ئایا خۆت کارەکانت دیزاین دەکەیت، وەک جلوبەرگی کوردی، چ جلوبەرگی ئافرەتان و چ پیاوان؟ تا ئێستا بیرۆکەیەکی هاوشێوەت هەبووە؟

وڵام: بەڵێ من ئەم هێزە لە خۆمدا دەبینم و لە خۆم ڕادەبینم جلوبەرگ دیزاین بکەم. هەرچەندە خۆشەویستیم بۆ دروومان لە منداڵیدا زۆر کەم بوو، بەڵام من خۆم سەرم سوڕما کە ئەم هونەرەم هەیە کەچی پێشتر هەرگیز هەستم پێ نەکردبوو. ئێستا قازانجەکەمان تەنها بەشی پێداویستییەکانی کارگە دەکات و ناتوانم کاری دیزاینەکە بکەم. بەڵام من و کارمەندەکانم هیوادارین بگەینە باشترین ئاستی کارەکانمان.

 

کوردشۆپ: لە کۆتاییدا دەتەوێت چ پەیامێک بدەیت و ڕاسپاردەکانت بۆ کەسانی تر چین؟

وڵام: من هەمیشە دەڵێم جارێک دێینە دونیا. هەرچەندە کەمئەندامم، بەڵام هەرگیز نەبووەتە بەربەست لەبەردەمم و هەرگیز نابێت. هەر بۆیە دەبێت پەرە بە خۆمان بدەین، فێربین، متمانەمان بەخۆمان هەبێت، ئیرادەیەکی بەهێزمان هەبێت، بەردەوام بین لە کارەکانمان و ئارەزوو و خەونەکانماندا. ئەو دەرفەتانەی کە خێزانەکانمان پێمان دەبەخشن بۆ گەشەپێدانی خۆمان بەکاریان بێنین نەک بە لاڕێیاندا ببەین. هەروەها پێویستە دایکان و باوکانمان ڕێگا بۆ کچەکانیان بکەنەوە و دەرفەتی گەشەکردنیان پێ بدەن. لە کۆمەڵگای ئێمەدا پێویستە دەرفەت بدرێت بە ژنان بۆ ئەوەی خۆیان پێش بخەن و ڕێز لە کارەکانیان بگیرێت.

KURDŞOP
856 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!