چەند بیروباوەڕی فۆلکلۆر لە یادەوەریی پیرانی کۆبانیدا - بەشی سێیەم

دیار حەمی

بەشی دووەمی ئەم گوتارە لێرەدا بخوێننەوە

 

(هۆکار و بەکارهێنان)

باوەڕ بە هۆکاری دوورخستنەوەی قەزا و بەڵاکان

خەوتن و دانانی سەر ڕوو بە باکوور:

کاتێک کەسێک دەخەوێت، سەری خۆی بەرەو باکوور دانانێت، چونکە لە باوەڕی کۆمەڵگەی کۆبانیدا، گوناحە لە کاتی خەوتندا سەر بەرەو باکوور دابنرێت. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەری مردووەکان لە ئایینی مەسیحیدا، ڕوو بە باکوورە. لە هەمان کاتدا لە باوەڕی خەڵکدا هەیە کە لەسەر شانی هەر مرۆڤێک دوو فریشتە هەیە، یەکێکیان چاکەکان دەنووسێت و ئەوی تریان خراپە و ئەوان دەپارێزن؛ ئەگەر مرۆڤ لە کاتی خەوتندا سەری خۆی ڕوو بە باکوور دابنێت، فریشتەکان لەسەر شانی دادەکەون و چیتر ئەوان لە کاتی خەوتندا ناپارێزن.

هەروەها ئەگەر فریشتەکان ئەو کەسانە نەپارێزن، بەڵایەکیان بەسەردا دێت یان لە خەودا دەمرن. ئەو کەسانە بەپێی ئایینی ئیسلام بەخاک ناسپێردرێن، چونکە وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، وەک مردووەکانی ئایینی مەسیحی سەریان ڕوو بە باکوورە. کاتێک وەدوای ئەم بابەتە دەکەویت، دەبینیت کە زۆربەی باوک و دایکانی کۆبانی هێشتا بە منداڵەکانیان دەڵێن سەریان ڕوو بە باکوور دانەنێن.

کاتێک کە ژن دووگیان بێت:

دەگوترێت کاتێک کە ژن تازە منداڵی بووبێت، نابێ منداڵەکە بۆ ماوەی چل ڕۆژ بەتەنیا بهێڵرێت، چونکە تەیرێک هەیە، دێت و منداڵەکە دەبات (دەیکوژێت). تەیر ئەو ئاژەڵەیە لە باوەڕی کۆمەڵگەدا کە منداڵە بچووکەکانیان دەکوژێت، بۆیە منداڵی تازە لەدایکبوو بۆ ماوەی چل ڕۆژ بە تەنیا بەجێ ناهێڵرێت. وەک هەر ئەفسانەیەک کە کۆمەڵگە خوڵقاندوویەتی، هەندێک چیرۆک لەسەر ئەم باوەڕە دەگێڕدرێنەوە، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە ئەم تەیرە لە بنەڕەتدا مرۆڤ بووە. چیرۆکەکە بە ژنێک دەست پێ دەکات کە منداڵی نییە، کاتێک دەچێتە ماڵی براکەی، ویستوویەتی بە بینینی منداڵەکەی ئەو شاد بێتەوە و یارییان لەگەڵ بکات. بەڵام ژنی براکەی نەیویستووە ئەو بە منداڵەکەی شاد بێتەوە، بۆیە ئەو دەستی بەرەو ئاسمان بەرز دەکاتەوە و بە خودا دەڵێت: "خودایە! من بکە بە تەیرێک لە تەیرەکان کە بتوانێت منداڵ ببات و بەر لە هەمووشیان، منداڵی براکەم." ئەم چیرۆکە یەکێکە لەو هۆکارانەیە کە کۆمەڵگە پێی وایە ئەو تەیرە دێت و منداڵان دەبات.

هەروەها دەگوترێت ئەگەر کەسێک لە کۆمەڵگەدا ئەو تەیرە بگرێت و دەست بخاتە نێو قوڕگی و بڵێت: "حەفت باڤان ژ مە دوورکەڤ" (حەوت باب و باپیران لە ئێمە دوور بکەوە)، ئەو تەیرە دەڕوات و تا حەوت باب و باپیر لەو خێزانە نزیک نابێتەوە. دەگوترێت زۆرێک لە خێزانەکانی کۆبانی ئەو تەیرەیان گرتووە، بۆیە ئەو کەسانەی منداڵەکانیان بۆیان نەدەمایەوە یان دەمردن، دەچوونە لای ئەو خێزانەی تەیرەکەیان گرتووە، بۆ ئەوەی پارچەیەک لە جلەکانیان بدەنێ تاکوو منداڵەکانیان بۆ بمێنێتەوە.

هەروەها لایەنێکی زانستیش هەیە کە دەڵێت: کاتێک منداڵ لەدایک دەبێت، نابێت تا چل ڕۆژ بە تەنیا بمێنێتەوە، ئەو منداڵە پێویستی بە چاودێری و گرینگیدانێکی زۆر هەیە، ئەگەری ئەوە هەیە منداڵەکە بڕشێتەوە و ئەگەر ڕاست نەکرێتەوە و کەس وریای نەبێت، ئەو ڕشانەوەیە دەگەڕێتەوە و دەچێتە نێو بۆڕیی هەناسەدانی و دەبێتە هۆی مردنی منداڵەکە. جگە لە ڕشانەوە، دەبێ ئاگاداری خواردنی شیری منداڵەکەش بن، ڕەنگە بگەڕێتەوە و ببێتە هۆی خنکاندنی کۆرپەکە. بە گشتی کۆرپە لە تەمەنی چل ڕۆژیدا پێویستی بە پاراستن و چاودێریکردنی باش هەیە، بەڵام زانست بە هیچ شێوەیەک پشتگیریی چیرۆکی تەیرەکە ناکات. ئەم باوەڕە بە تەیر لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا نەماوە، تەنیا چەند کەسێکی بەتەمەن نەبێت کە هێشتا باوەڕیان بەم ئەفسانەیە هەیە.

 

سەرچاوە:

چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسانی بەتەمەن لە کۆبانی

KURDŞOP
561 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!