چەند بیروباوەڕی فۆلکلۆر لە یادەوەریی پیرانی کۆبانیدا - بەشی دووەم

دیار حەمی

بەشی یەکەمی ئەم وتارە لێرەدا بخوێننەوە

 

(هۆکار و بەکارهێنان)

 

باوەڕی فۆلکلۆریی گرێدراوی هۆکاری تەندروستی

کاتێک کە منداڵ تووشی "فێ" دەبێ:

فێ: نەخۆشییەکە کە مرۆڤ بێ ئەوە بزانێت و ئاگای لە خۆ بێت لە کوێیە، لە ماڵ بێت، لەبەر ئاگردا بێت، خەوتبێت یان بەئاگا بێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان لە کۆنترۆڵی خۆی دەردەچێت، زمانی دەکەوێتە بەر ددانەکانی و هەموو جەستەی وەک دارێک ڕەق دەبێت.

بۆ ئەوەی منداڵەکە لەم نەخۆشییە ڕزگاری ببێت، بە دوای ناوی "محەممەد"دا دەگەڕان و لەوان پارەیان کۆ دەکردەوە، بە ئەندازەیەک کە شتێکی زیو بە بەهای ئەو پارەیە دەکڕدرا، زیوەکەیان بە منداڵەکەوە دەکرد تا لە فێ ڕزگاری دەبوو. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ناوی محەممەد ناوێکی پیرۆزە، چونکە محەممەد ناوی پێغەمبەری ئیسلامە. هەروەها بە شێوازێکی تر، کاتێک منداڵەکە فێی لێ دەهات، دەبردرایە بەردەم ئەسپسوارێک. کاتێک سوارەکە لەسەر پشتی ئەسپەکە بەلایدا تێدەپەڕی، دەیانگوت: "ئەی سوارێ قەمەرێ، چێ یە دەرمانێ فەرێ" و ئەگەر ئەو سوارە هەر شتێکی گوتبا، ئەوە دەبووە چارەسەر و ڕێگایەک بۆ ڕزگاربوون لەم نەخۆشییە. لە سەردەمی ئێستادا ئەم باوەڕە ئیتر نەماوە و کەس ئیتر ئەم شێوازانە بەکار ناهێنێت و هەمووان ڕوویان لە شێوازی زانستیی چارەسەرکردن کردووە.

 

حیقحیقۆ:

کاتێک مرۆڤ زۆر دەکۆکا و هێندە کۆکە زیاد دەبوو و هەناسەی نەدەما، پێی دەگوترا حیقیقۆ.

دەگوترێت بۆ ئەوەی منداڵەکە لەم شتە ڕزگار بکەن، بنەماڵەکەی دەیانبرد و لەنێو کونەبەردێک تێیاندەپەڕاند، لەو بەردە سێ جار منداڵەکەیان تێدەپەڕاند و بەم شێوەیە منداڵەکە لە حیقیقۆ ڕزگاری دەبوو. ئەم باوەڕەش وەک باوەڕەکانی تر لەم سەردەمەی ئێستادا نەماوە و زۆربەی خەڵک پشت بە زانست دەبەستن.

کاتێک کە دەوروبەری چاوی مرۆڤ زیپکە دەربێنێت:

زیپکە: لێرەدا زیپکە وەک پارچەگۆشتێک وایە کە لە دەوروبەری چاوی مرۆڤ دەردێت. لە کۆبانیدا بۆ ئەوەی لەم زیپکەیە ڕزگاریان بێت، دەچوونە لای ئەو ژنانەی کە شوویان بە ئامۆزاکانیان (کوڕی مامی) کردبوو، و لەو کلەیەیان لە چاویان دەدا کە ئەو ژنانە لە چاویان دابوو، بەم شێوەیە لەو زیپکەیە ڕزگاریان دەبوو. ئێستا بەکارهێنانی ئەم شێوازە زۆر کەم بووە و کەم کەس بەکاری دەهێنێت.

 

بۆ زەردوویی/ بۆ منداڵان:

کاتێک منداڵێکی بچووک تووشی زەردوویی دەبوو، دەگوترا حەوت حەبی سیر و ئەنگوستیلەیەکی زێڕ بە منداڵەکەوە بکرێت بۆ ئەوەی لە زەردوویی ڕزگاری بێت. هۆکاری سەرەکیی ئەم باوەڕە، ڕوون نییە، بەڵام دەگوترێت بەهۆی بۆنی سیرەوە، دەعبا و گیاندارانێک وەک مێشوولە و مشک نزیکی منداڵان نەدەبوونەوە. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم باوەڕە هەر لە کۆنەوە بۆ ئەم مەبەستە بەکار هاتبێت، بەڵام وەک ڕوونمان کردووەتەوە کاتێک بیر و باوەڕێک لە ڕێگەی زارەکییەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە، هەندێک شتی پێوە زیاد یان لێی کەم دەبێتەوە، ئەمەش ئەگەرێکی گەورەیە. بەهۆی پەرەسەندنی زانست و عەقڵییەت، ئەم باوەڕە ئەمڕۆ بەکار ناهێنرێت و ڕەت کراوەتەوە.

بۆ گەورەکان:

چەند مانگێک لەمەوبەر بە سەلامەتی لە ڕووداوێکی هاتووچۆ ڕزگارم بوو، لەلایەک خێزانەکەم بۆ من ئاژەڵیکیان کردە قوربانی بۆ ئەوەی سەلامەت دەرچووم، لەلایەکی تریشەوە هاوڕێ و دراوسێکان سەردانی منیان دەکرد. خاڵۆم یەکێک بوو لە سەردانکەران، هات و لە بەردەمم دانیشت و دوو وشەی نەگوت و هەتا منی بینی زلـلەیەکی لێ دام و بە ڕووخسارێکی تووڕەوە قسەی لەگەڵ کردم. دەیان فیکرم لەلا دروست بوو، بەڵام دوای چەند ساتێک پێیان گوتم کە ئەم زلـلەیە بۆ برینی زەردووییە، هۆکاری ئەم باوەڕە ئەوەیە کە دەڵێن زەردوویی لە ئەنجامی ترسەوە دێت، هەر بۆیە دەگوترێت کە بە ترس چارەسەر دەبێت. ئەم باوەڕە لە هەنووکەشدا هەر هەیە.

 

KURDŞOP
461 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!