"تەون"کردن لە کەلەپووری کۆبانیدا

نەجاح ئیبراهیم

 

"تەون"کردن و کاری دەستی هونەرێکی دێرینە کە لە ڕابردوودا بە دەستی ژنان ئەنجام دراوە و ئەمەش دەوڵەمەندیی کەلەپووری کوردی نیشان دەدات. سەرەڕای گەشەسەندنی پیشەسازی و سەرهەڵدانی جۆرە مۆدێڕنەکانی فەڕش، هێشتا بەشێک لە ژنانی کۆبانی درێژە بەو نەریتە دەدەن. گەر لە هەنووکەدا بچنە نێو ماڵەکانی شاری کۆبانی، دەبینن کە فەڕشێکی فۆلکلۆرییان لەسەر زەوی ڕاخستووە، یان جانتایەکی قورئانیان هەڵواسیوە، یان "بەرماڵ"ێکیان بۆ جوانی هەڵواسیوە.

شێوازی "تەون"کردن:

کاتێک بەهار دادەهات و زستان کۆچی دەکرد، کۆمەڵێک لە ژنان لەسەر چیمەنێک لە دەوری یەک کۆ دەبوونەوە. هێندێک خوریی مەڕیان دێنا و گڵۆڵەیان دەکرد و دواتر گڵۆڵەکانیان دەکردە نێو توورەکەیەک. ڕیسەکەیان بە تەشییەک دەڕست و دەیانکردە هەودا و ڕەنگیان دەکرد و و دیسان بە تەشییەک دەیانڕست و دەیانکردە دەزوو. ژنێک گوردی دادەنا و دەیدایە دەست ئەوەی دیکە و لەسەر سکەیەک دەیانکوتا و زیادەکەیان دەبڕی. دەیانهاویشتەوە سەر سکەکە و لەلایەکی دیکەوە دەیانخستەوە سەر سکەی گەورە، ژنێکی دیکە گوردی هەڵدەدا و بەسەر سکەکەی دواتریدا هەڵدەکێشا. دوو سکەیان لەو شوێنە دەکوتا و گوریسێکیان دەهاویشتە سەر هەردوو سکەکان و توند بە دارپشتەکەوە دەیانبەستەوە و دواتر پاشگورد و پۆزگوردیان پێکەوە دێنا و دارگوردی خۆیان لەسەر دادەنا و دارپشتیان بە پشتەوەدا دەهێناوە و بەسەر پێشەوەی دارپشتەکەیان دادەدا. بەم جۆرە تەونیان دادەبەست. کاتێک چینێکیان دەکوتا، ڕیسی ڕەنگاوڕەنگیان دەچنی و شیشیان لە دارپشت هەڵدەکێشا و دیسان دەیانکوتا. توندیان دەکرد. ڕیسەکەیان لە مازوور توند دەکرد و تێیانهەڵدەکێشاوە و دیسان دەستیان دەکردەوە بە چنین.

 

شێوازی دروستکردنی خێمە:

لە سەرەتادا مووی بزنەکانیان دەتاشی، نەرم دەکران، دەکران بە چوارگۆشە و لەبەر با دادنران، دواتر دەیانڕستن و دەکران بە دە تۆپ یان بەپێی ئەو ژمارەیەی کە دەیانویست و دواتر ئەوانیش دەکران بە تەون و پێکەوە دەدووردران.

 

تەون بە چی دروست دەکرا؟

هری، پەمبۆ، دەزی، دارگور، جۆی سێرانەک، قۆچ، بەفش، مازوور، تەشی، دارپشت، پۆزگور، سکەی پاشی و پێشی و ڕیسی ڕەنگ ڕەنگی.

هەندێک شت کە بە تەون دروست دەکران:

بەرماڵ بۆ نوێژ، خالیجە، جانتا بۆ قورئان، حەقیبی تەرکیان (هی سەر ئەسپ)، پاڵاس.

توورەکەی گەنم، سفرە و خێمە.

 

ناوی هەندێک نەخش:

نەخشی "دەرنەخوون" یان "سنی" (هجال)، نەخشی "سنی" کە لە هەر لایەکی چوار "گرێ" هەبوون، نەخشی "کوور" کە لە هەر لایەکی سێ "گرێ" هەبوو، میزەگا، ئاشقلی، چیندارک، جارسم، چەکچەکی، زێڕ مەحموودی.

ئەمە جانتای قورئانە و نەخشەکەشی گرێییە و بە "بەن رەش"یش ناوی دەبەن.

ئەمە بەرماڵی نوێژە و نەخشەکەی "بەن رەش"ە.

ئەمە بەرماڵی نوێژە و نەخشەکەی "ئاشقلی"یە.

ئەمە "پالاس"ە بۆ ڕاخستن لە ژوورەکان و نەخشەکەشی "میزەگا"یە و "هجال"یشی پێ دەگوترێت.

ئەمە بەرماڵی نوێژی نەخش بچووکە، نەخشەکەی زێڕ مەحموودە، نەخشی سفران "ئاشقلی"شی پێ دەگوترێت.

ئەمە بەرماڵی نوێژە و نەخشەکەی "جیندارک"ە.

ئەمە بەرماڵی نوێژە و نەخشەکەی نەخشی "دەرنەخوون"ە، نەخشی سنی "هجال"یشی پێ دەگوترێت.

ئەمە بەرماڵی نوێژە و نەخشەکەی "هجال"ە و نەخشی "سنی"شی پێ دەگوترێت.

 

بۆ ڕوونکردنەوە: نەخشی دەرنەخوون یان سنی (هجال)، نەخشی سنی لە ژەر لایەکی چوار گرێی هەبوو، نەخشی بچووک کە لە هەر لایەکی سێ گرێی بوو، میزەگا، ئاشقلی، چیندارک، جارجم، چەکچەکی، زێڕ مەحموودی.

پرسیارکردن لە دوو ژنی خەڵکی کۆبانی:

١- فادیلە ئەلۆ.

٢- خەزال کنۆ.

KURDŞOP
143 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!