ئەڤین تەیفوور
بەشی دووەمی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە
هەرچەند لە سەرەتادا بە شێوەیەکی نەرێنی سەیری ئەم بابەتەمان کرد و باسمان لە بیر و ڕوانگەی نەرێنی لە چیرۆک و کەلتووری کورددا سەبارەت بە ژن کرد، بەڵام نکوڵی لەوە ناکەین کە کورد پاشخانێکی گەورەی هەیە و شارستانییەتی مرۆڤایەتی لە کوردستان سەری هەڵداوە.
کورد لە کۆنەوە و لە هەموو سەردەمێکدا، بەرەوڕووی دڕندەیی، ستەم، قڕکردن، کوشتن و زیندانیکردنی خۆی و ژن و منداڵەکانی بووە. سەدان جار و تەنانەت مرۆڤ دەتوانێت بڵێت هەزاران جاریش، کورد لەو شەڕ و ململانێیانەدا تووشی ئاسمیلاسیۆن بووە. کتێبخانە و قوتابخانەکانیان سووتێنراوە. دوژمنان و خەڵکی دەوروبەریان بەشێکی زۆر لە کەلتوورەکەیان وەک داستان، چیرۆک، گۆرانی، یاری و پەندیان لێ دزیوە و کردیان بە بەشێک لە کەلتووری خۆیان و ناڵێن ئەمانە بەشێک لە کەلتوور و مێژووی کورد بوون و لەم بوارەدا چەواشەکاریی زۆریان کردووە. لەمە تێدەگەین کە کورد بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە پێیدا تێپەڕیوە، وەک ئاماژەمان پێ دان، بۆ هەموو جیهان کۆچی کردووە و ستەم و چەوساندنەوەی بینیوە، بۆیە ڕەنگە بەشێکی بۆ ئەو هۆکارانە بگەڕێتەوە کە هەندێکجار بە شێوەیەکی نەرێنی سەیری ژنی کردووە. بەڵام ئەمە نەیتوانیوە ئەوەندە کورد بخاتە ژێر کاریگەریی کەلتوور و فەرهەنگی دەوروبەرەکەیەوە و وایان لێ بکات کە دەستبەرداری فەرهەنگی خۆیان بن.
کوردان هەم لە ئەدەبیاتی زارەکی و هەم لە ئەدەبیاتی نووسراودا هەوڵیان داوە مافی ژنان بپارێزن و بە هێز و بوێرییەوە نیشانی بدەن. کوردان کەرامەتی ژنیان لە هەر سەردەمێکدا پاراستووە. کاتێک مرۆڤ بە شێوەیەکی تایبەت و بەرفراوان سەیری فەرهەنگی کورد دەکات، جێگای سەرنجە کە کورد لە مێژووی خۆیدا ڕووخسارێکی گەورەی بە ژن داوە و ناو و وشەی بەنرخی پێ بەخشیوە و وای کردووە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵێکی بەنرخی هەبێت. هەروەها کوردان ڕێز لە ژن دەگرێت و ژن پێگەی گەورەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە.
هەرچەندە لە هەندێک لە پەند، چیرۆک و ئەفسانەکاندا جێگای ژن نزمە، بەڵام لە زۆرێک لەو گوتن و چیرۆکانەدا ستایشی ژنیش کراوە و قەدریان زانراوە. لەم بوارەدا دەتوانین ئاماژە بەم نموونانەی خوارەوە بکەین:
- شێر شێرە، چ ژنە چ مێرە.
- کی ژنێ وینە سەر ژنێ، خێرێ نەبینە ژ دنێ .
- مێر هەنە مێرک هەنە ،ژن هەنە ژنک هەنە.
- مال ل سەر دەستێ ژنان تێ چێکرن
- یێ کو ژ ژنا خوە ناترسە،نە تو مێرە.
جگە لە گوتەی پێشینییان، دەیان چیرۆک و داستانی فۆلکلۆر هەیە کە تێیدا ستایشی ژن دەکرێت و تێیدا گەشەکردن و هێز و زانینی ژن نیشان دراوە. لەنێو ئەو چیرۆکانەدا دەتوانین ئاماژە بە چیرۆکی "هەبهەنارێ" بکەین کە تێیدا کچێکی خاوەن هێز و زانا پیشان دەدرێت. هەروەها دەتوانین ئاماژە بە چیرۆکی "شەنگە و پەنگێ" بکەین کە زانین و ئازایەتیی دایک نیشان دەدات. لەو چیرۆکانەدا هەمیشە خۆشەویستی و میهرەبانیی دایک بەرامبەر بە منداڵەکانی نیشان دەدرا. بزنی دایکی شەنگێ و پەنگێ هەمیشە ئامۆژگاریی منداڵەکانی دەکرد کە ئاگادار بن و دەرگای ماڵەکە بەڕووی کەسدا نەکەنەوە، بەڵام کاتێک بزنەکە لە لەوەڕ دەگەڕێتەوە، دەبینێت ڕێوی شەنگێ و پەنگێی خواردووە. بەبێ ترس دەڕوات و ورگی ڕێوی دەدڕێت و منداڵەکانی دەردەهێنێت و باوەشیان پێدا دەکات و ئامۆژگارییان دەکات کە جارێکی تر متمانە بە کەس نەکەن.
جگە لەو چیرۆکانە، بێگومان دەیان چیرۆک و پەندی دیکە لە کەلتووری کوردیدا هەن. کورد بە درێژاییی مێژوو ژنی وەک خودا بینیوە و ناوی پیرۆزی بۆ داناوە.
ناوی ژنان کە لە سەردەمی کۆن و دواتردا لەنێو گرووپ و کۆمەڵگە کوردییەکان بەکار دەهێنرا، ناوی ناوازە بوون، وەک: "زین، بەس، ڕاو، توم، زەل، هەن، زێز، زێو، مێیر، کەژ، نار، گوست و گار و هتد". هەروەها له ههموو کات و بوارهکانی ژیاندا خهڵک کاریگەریی داهێنەرانهی ژنانی کوردی بینیوە.
لە ڕێگەی ژنانەوە کەلتووری کوردی پارێزراوە و بە شێوەیەکی زارەکی بۆ منداڵان و نەوەکان گوازراوەتەوە. زمانی کوردی لەلایەن ژنانەوە لە ڕێگەی بەسەرهات، چیرۆک، دەنگبێژی، شیعر و گۆرانی و پەندەوە پارێزراوە. هەروەها نەوەکانیان فێری کارگەلێکی وەکوو تەشی، مەشکە و دەستار و... کردووە.
KURDŞOP
672 بینین