چەند بیروباوەڕی فۆلکلۆر لە مێشک و یادەوەریی پیرانی کۆبانیدا - بەشی یەکەم

دیار حەمی

(هۆکار و بەکارهێنان)

پێشەکییەک لەسەر بیروباوەڕە فۆلکلۆرەکان:

بیروباوەڕی فۆلکلۆر ئەو بیروباوەڕانەن کە خەڵک سەبارەت بە جیهانی دەرەوە و جیهانی سەرووسروشتی باوەڕیان پێیەتی و لەوانەیە لە گیانی مرۆڤەوە پەیدا ببێت. ئەوە لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەکی تر جیاوازە و خەیاڵ ڕۆڵی خۆی تێدا دەگێڕێت، بۆ ئەوەی فۆرمێکی تایبەتی پێ بدات. هەندێک کەس پێیان وایە کە ئەوە هێزی بزوێنەری هەموو ئەو کردارە کۆمەڵایەتییانەیە کە تاکەکان بە تاک یان بە گرووپ ئەنجامی دەدەن، کە ئەندامانی گرووپ هەست دەکەن کە ناچارن و گوشاریان لەسەرە و خۆیان ناچار دەبینن کە ئەو کارە بکەن. واتە خۆی بەسەر هەموو ئەو ڕەفتارانەدا دەسەپێنێت کە لە بوارە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان و دانوستاندنی ڕۆژانەدا ڕوو دەدەن.

بیروباوەڕی فۆلکلۆر میراتێکی ڕۆشنبیری و ڕەفتارییە کە مێشک و دڵی ئەو مرۆڤانەی داگیر کردووە کە ناتوانن گوێ بدەنە ڕاستی و ناڕاستیی دروستبوونیان و ملکەچبوون بۆ حوکمی ئەوان بووەتە شتێکی دیار و ئاشکرا. ڕێگەی خۆی لەنێو دڵ و ڕۆحی مرۆڤەکان کردووەتەوە. لە مێشکی خەڵکدا جێگیر بووە. هاتووەتە نێو گوتە باوەکان و بووە بە فیکرێک کە مێشکی مرۆڤەکان داگیر دەکات و هەندێک جار وایان لێ دەکات هەست بە گەشبینی و دڵخۆشی بکەن و هەندێک جار ترس و ڕەشبینی دروست دەکات.

زۆرجار تەوەری بیروباوەڕی فۆلکلۆر لە دەوری بوونەوەرە سەرووسروشتییەکان، خەون، جەستەی مرۆڤەکان، گیا، ئێسک، بەرد و کانزاکان دەسووڕێنەوە و ئەم بیروباوەڕانە بوونەتە بەشێکی دانەبڕاو لە کەلتووری کۆمەڵگەکە.

بیروباوەڕی فۆلکلۆری لەلای کورداندا

بیروباوەڕی فۆلکلۆر لە هەر کەلتوور و ناوچەیەکی جیهاندا هەیە و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە دەگۆڕدرێت کە هەر کۆمەڵگەیەک بەپێی کەلتووری خۆی خاوەن باوەڕی خۆیەتی و لەنێو هەر نەتەوەیەکدا ئەو باوەڕە ڕۆڵی خۆی لە ژیانیاندا دەگێڕێت و بەگشتی ئەم باوەڕە بەشێکە لە نەتەوەکە. هەروەها لەلای کورداندا بیروباوەڕ کاریگەرییەکی زۆری هەیە کە لە مێشک و ڕۆحیدا چەسپاوە و ژیانی خۆیان بەوەوە بەستووەتەوە. جگە لەوەش ئەم بیروباوەڕانە بۆ زۆرێک لەوان مایەی ترسن، بەڵام بەشێکی زۆریان پێی ئارام دەبنەوە، وەک بیروباوەڕ سەبارەت بە تەندروستی و دوورخستنەوەی قەزا و بەڵاکان.

بیروباوەڕی فۆلکلۆریی گرێدراوی ئاژەڵان:

١.١ کوند:

بەپێی باوەڕی کۆمەڵگە، کوند نیشانەی بێ خێرییە، نیشانەی وێرانکردن و خراپەکارییە و مەترسییەکی گەورە دەخاتە دڵی خەڵکەوە. لە بنەڕەتدا "کوند" شوێنێکی خراپ و شوێنێک بۆ خۆی دەکاتە هێلانە کە کەسی تێدا نەبێت و وێرانە بێت، بۆیە بەپێی بۆچوونی کۆمەڵگە کاتێک کوند دێتە شوێنێک، ڕووداوێک و کارەسات لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و ئەو شوێنە دەکاتە وێرانە. ئەم باوەڕ و ترسە لە کوند تا ئێستاش لە کۆمەڵگەدا هەر هەیە.

٢.١ کەوکرک

باوەڕی کۆمەڵگە سەبارەت بە کەوکرک ئەوەیە کە لە سەردەمی کۆندا مرۆڤ بووە. دەگوترێت خوشک و برایەک پێکەوە گەشتێکیان کردووە، لەسەر ڕێگا قسەکانیان یەک ناگرێتەوە و خوشکەکە برا بچووکەکەی کوشتووە، لەسەر ئەوەش خوشکەکە هەستی بە گوناحێکی گەورە کردووە و داوای لە خودا کردووە بیکاتە باڵندە، هەر بۆیە کەوکرک هەتا ئێستاش کەکوو کەکوو دەکات و بۆ براکەی دەگریت. ئەم چیرۆکە وەک هەموو ئەو چیرۆکانە وایە کە کۆمەڵگە دروستی کردوون، بۆ ئەوەی مانا بە شتێک بدەن. چونکە ئەم کۆمەڵگە بینیویەتی کەوکرک کەکوو کەکوو دەکات، بۆیە وەها چیرۆکێکی ئافراندووە.

٣.١ مار

باوەڕێک لە کۆمەڵگەدا هەیە کە بینینی مار نیشانەی ئۆغرییە. ڕێبوارێک کاتێک لە گەشتەکەیدا مارێک دەبینێت، دڵخۆش دەبێت، چونکە دەڵێت ئەم ڕێگایە کراوە و سەلامەت دەبێت. هەروەها گوتەیەک هەیە لە کۆمەڵگەدا کە دەڵێت: ئەو مارەی کە پێتەوە نادات، تەمەنت هەزار ساڵە، کە ئەمەش وەک نیعمەتێک وەرگیراوە.

ئەم گوتارە درێژەی هەیە...

سەرچاوەکان:

- مەولوود بەکووش (٢٠٢٠)، سیمیناری ئەنترۆپۆلۆژیای دەربڕینە کۆمەڵایەتییەکان، زانکۆی ئەبووبەکر بلقایێد تلسمان.

- چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسە بەتەمەنەکان لە کۆبانی.

 

KURDŞOP
478 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!