داستانی تەخت و پەردەی شانۆ

ئالان عەبدوڵڵا

 

بێگومان کاتێک دێینە سەر بابەتی شانۆ، وەک یادەوەرییەکی خەمناک دێتە بەرچاوی خەڵک. ئەم هونەرە کە سەردەمانێک بووکی ئەدەب بوو، ئێستا بەدیل گیراوە و کەوتووەتە زیندانی تەکنۆلۆژیای "تەلەفزیۆن و مۆبایل". ئەو ئامێرانەی کە لە ماڵاندا هەموو شتێک پێشکەش دەکەن، بوونەتە هۆی ئەوەی شانۆ پشتگوێ بخرێت. تەنانەت بەو شێوەیەش هەندێک گوتەی شانۆ لەسەر زماناندا دەگەڕێت، هەندێک شانۆش هەن کە دەتوانن وەک پێشتر بە کاریگەرییەکانیان کۆمەڵگە لە ماڵەوە دەربهێنن. بێگومان هەموو ئەمانە بەهۆی هێزی شانۆیە کە دەتوانێت لەهەمبەر هەموو کردارێکی دژبەری ڕابووەستێت و تێبکۆشێت و گرینگیی خۆی نیشانی بەردەنگەکانی بدات و جۆشی خۆی بخاتە دڵیانەوە. هونەر و ئەدەبیش وەک شانۆ، هەرچەندە ڕووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە، شکست ناهێنن.

وەک ئەو شۆڕشگێڕانەی کە لە بەرامبەر دەسەڵاتداراندا بەرخۆدان دەکەن، شانۆش لە دژی ئەو ئامێرانە خەبات دەکات. جگە لەوەی کە سینەما و کاری شانۆ جیاوازن، هەریەکەیان تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و هیچ هونەرێک ناتوانێت جێگەی شانۆ بگرێتەوە، هەروەک چۆن هیچ هونەرێک ناتوانێت جێگەی سینەما بگرێتەوە. بەڵام خەڵک خۆیان لە شانۆ دوور خستووەتەوە. من ئەم گوناحە گەورەیە دەخەمە ئەستۆی دوژمن، بە تایبەتی دوژمنی مرۆڤایەتی کە "کاپیتاڵیزم"ە. بەداخەوە ئەوان ئەو کارەیان کرد و ئێمەش لەگەڵیان کەوتین. ئەوان دەیانویست ئێمە لە شانۆکانمان دوور بکەوینەوە و ئێمەش ئامانجەکەیانمان وەدی هێنا. چونکە شانۆ بۆ شکستپێهێنانیان شۆڕشێکی جیاواز بوو و هەتا ئەمڕۆش ئێمە بە گرینگی دەزانین. بەڵام بەداخەوە ئەم گرینگییە ئێمە دەیبینین، تەنیا بە گوتنی زمانە و گوتنی زمانیش هیچ شتێک سەر ناخات، بەڵام بۆ گرینگیی شانۆ و بۆ ئەوەی یارمەتیی بدەین شکست نەهێنێت، پێویستە خۆمان لەگەڵ شانۆدا یەک بخەین. بۆ نووسینی شانۆنامە و ئامادەکردن و پێشکەشکردنی شانۆ، کارێکی جیاواز و بەهێز پێویستە، بۆ ئەوەی شانۆکە بتوانێت کۆمەڵگە لە تەلەفزیۆنەکان دوور بخاتەوە و بیانکێشێتە لای خۆی. بەتایبەت لەم سەردەمەی ئێستادا کە ئێمە لە دۆخی شۆڕشێکی زیندوودا دەژین و دوژمن دەیەوێت لە ڕێگەی ئامرازەکانییەوە شۆڕشەکە بووەستێنێت، پێویستە بە ئامێرە پیرۆزەکەمان (شانۆ)، نەتەوە و کۆمەڵگە بەئاگا بێنینەوە.

چونەدەرەوەی خەڵک و کۆمەڵگە لە ماڵەکانیان بۆ سەیرکردنی شانۆیەک، بۆ خۆی شۆڕشێکە کە شانۆ ڕێبەرایەتیی دەکات. ئەو کەسانەی هەموو هەفتەیەک کتێب دەخوێننەوە، هەفتانەش لە هۆڵی شانۆ کۆ دەبنەوە و سەیری شانۆکان دەکەن، لەبەر ئەوەیکە شانۆ ڕۆحی ئەو کۆمەڵگەیەیە. بۆ ئەوەی خەڵک بەرەو شانۆ ڕابکێشرێن، دیسانەوە دەڵێم هەوڵی بێهاوتا پێویستە. دوژمن زانستی لە دژی ئێمە بەکار هێناوە، پێویستە ئێمەش بخوێنینەوە و پەرە بە خۆمان بدەین بۆ ئەوەی بتوانین شانۆی بەهێزتر لە ئامێرەکانیان دروست بکەین و پێشکەشی بکەین. پێویستمان بە شانۆگەلێکە کە خەڵک لە ئامێرەکانی ئەوان دوور بخاتەوە و بەرەو لای خۆیان ڕابکێشێت.

کۆمەڵگەکان لە ڕێگەی شانۆوە گەشە دەکەن، ئەزموونەکان، چیرۆکەکان و ژیان و سەختییەکانیان، هەرچییەک بن، لە سایەی ئەندامانی شانۆ، دەبێتە یاری و پێشکەشی کۆمەڵگە دەکرێت. کۆمەڵگە بۆ خۆی لەو ڕەخنانە پێک دێت کە لە ڕێگەی شانۆوە پێشکەش دەکرێن، شانۆ وەک یارییەکی ڕەخنەیی پێناسە دەکرێت. شانۆ وەک هاوڕێیەک، ئاوێنەیەکی ڕوونە بۆ بەردەنگەکەی. شانۆ بەڕوونی سوود و زیانەکانیان نیشان دەدات و چارەسەر ڕوون دەکاتەوە. بەختەوەرن ئەو قوتابییانەی کە مامۆستاکانیان شانۆدۆست بن. ئەو خوێندکارانە بە شێوەیەکی سادە فێری هەموو وانەکانیان دەبن و گەشە دەکەن. ئەودەستە لە ستافی پەروەردەکردن کە لە دامەزراوەکاندا کار بۆ پەرەپێدانی شانۆی قوتابخانە دەکەن و شێوازی فێرکردنی ئاسان بۆ خوێندکارەکانیان دەدۆزنەوە، ئەوان بەوە ناسراون کە خاوەنی عەقڵی پاک و پیرۆزن. هەروەها پێویستە مامۆستایان لە قوتابخانەکان و دامەزراوەکانی ڕاهێنانی مامۆستایاندا فێری بنەماکانی شانۆ بکرێن.

KURDŞOP
542 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!