ئامێر ناسیی مۆسیقا – بەشی 9 (تەمبوور)

هاوار هەورامان

 

ئامێری تەمبوور

_ ئەم ئامێرە بە ناوی تەمبوور، تەنبوور، تەلموور و تەمیرە و تەموورە دەناسرێ.

_ لە داری توو دروست دەکرێ.

_ لە بنەماڵەی ئامێرە ژێدارەکانە کە بە یارمەتیی سەری پەنجەکان _ چوار پەنجە هێندێک جاریش پێنج پەنجەی دەست _ دەژەنرێ.

 (لە جیاتی ریشە یان مزراب بە سەری پەنجەو نینۆکەکانی دەست دەژەنرێ).

_ لە ناوچە جیا جیاکانی کوردەواریدا بە چەند قەبارە و شێوەی جیاواز دەبینرێ کە بە گشتی بریتییە لە سێ شێوازی سەرەکی:

_ تەمیرەی ئایینی یارسان (کرماشان)

_  تەمیرەی ئایینی ئێزدی (موسڵ)

_ تەمیرەی ئایینی عەلەوی (دێرسیم)

 

ئامێری تەمیرە لەم بەشانە دروست بووە کە برییتیە له:

_ کاسە (سندووقی دەنگ)، ڕووی ئامێر (سەفحە)، دەسک (دەسته)، چینبەندی (پەردە)، ژێ، ژێگیر، کلیل، پرد (کۆڵەکە)

_ کاسە (سندووقی دەنگ)

_ کاسەی ئامێرەکە شێوەهێلکەییە لە کاسەی سێتار گەورەترە لە داری توو دروست دەکرێ.

_ ئەستوورایی کاسە دوو بۆ چوار میلیمەترە و درێژییەکەی سی و حەوت سانتیمترە.

_ ڕووی ئامێر (سەفحە)

_ ڕووی ئامێر یان سەفحە لە داری توو دروست دەکرێ و ڕووی پێشەوەی لە دەنگی ژێیەکان و بە گشتی لە دەنگی ئامێردا کاریگەریی هەیە.

_ ئەستووریی ڕووی پێشەوە یان سەفحە، یەک و نیو میلی متره.

 

_ دەسک (دەسته)

_ دەستە یان دەسک لە داری پتەوی وەکوو گوێز هەرمێ و قەیسی دروست دەکرێ. داری گوێزی کۆن لە هەموویان باشترە.

_ درێژایی دەستە پەنجا و نۆ سانتیمیترە، چینبەندی  (پەردەکان) و کلیلەکانی لەسەر دادەندرێ.

_ دەستەی ئامێر لە کۆتایی دا باریک و ساف و لوس دەکرێ. بۆ ئەوەی بە ئاسانی دەستی ژەنیار لە سەر دەستە هاتووچۆ بکا لەژێرەوە خڕ دەکرێتەوە و ڕوەکەشی ساف ولووس دەکرێ.

 

_ چینبەندی(پەردە)

_ چینبەندی یان پەردە لە ڕیخۆڵەی ئاژەڵ دروست دەکرێ، لەمڕۆکەدا لە دەزووی نایلۆنیش کەڵک وەردەگیرێ.

_  پەردەکان لە خاڵە جیا جیاکانی دەستەی ئامێرەکەدا دەبەسرێن و شوێنی خۆیان هەیە.

_ لە خواری دەستەوە واتە لە جێگای لکاندنی دەستە بە کاسەوە هەتا سەرووی دەستە واتە ئەو جێگایەی کلیل و گوشی لە سەری گیردەبێ، پەردەکان لە خاڵی جیاجیادا دەبەسترێن.

_ ژێ

_ ژێ لە تەلی کانزایی دروست دەکرێ. لەسەرێکەوە بە ژێگیرەوە دەبەسترێ و سەرەکەی تریشی بەکلیلەکانەوە لوول دەکرێ ودەبەسترێتەوە.

_  ماوەی نێوان ژێکان لە یەکتر یەک و نیو میلیمتر دەبێ. تەمبووری ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سێ ژێی هەیە بە گشتی تەمبوورەکان دووژێ و سێ ژێیان هەیه.

تەمیرەی سێ ژێ(سیم)

 

_ ژێگیر

_ ژێگیر لە کانزا، ئێسقان، پلاستیک یان شاخ دروست دەکرێ کە لە بەشی پشتەوەی سندووقی دەنگی تەمبور، بۆ ڕاگرتن و پاراستنی ژێیەکان دادەندرێ.

_ کلیل

_ کلیلی ئامێر لە داری پتەو دروست دەکرێ.

_  لە سەروو دەستەی ئامێرەکەوە دەستە کون دەکرێ و کلیلەکانی پێوە ڕاگیر دەکرێ. ڕێکوپێککردن و توندکردن و شلکردنەوەی ژێی تەمبوور بە هۆی کلیلەکانەوە ئەنجام دەدرێ.

_ پرد (خەرەک ،کۆڵەکە)

_ دوو جۆر پرد لە تەمبووردا هەیه. یەکیان لە سەر ڕووی سەرەوەی کاسەکەیە واتە لەسەر ڕووی کاسە یان سەفحە دادەنرێ و ژێیەکان لەسەری دادەنرێ، یەکیشیان لە کۆتایی دەستەی ئامێرەکەدایە.

_ پردی سەرەوەی کاسە لە داری سەخت و پتەو وەک شمشاد  و قەیسی دروست دەکرێ.

_ ژێیەکان بەسەر  شوێنی دیاریکراو بەسەر ئەم دوو پردەدا تێدەپەڕن و لە پاشان لە کلیلەکان واتە گۆشی دەهاڵێنرێن.

بە گشتی ئامێری تەمبور و دەستەکەی نەوەدو شەش سانتیمیتره.

KURDŞOP
1168 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!