شانۆی "ئینفاز" و ئەگەری گۆڕینی کۆمەڵگە

وەلات ڕامین‌ئازاد

دوای ئامەد، باتمان و وان، ناوەندێکی تری شانۆی کوردی لە باکوور زیاد کرا. لە مێردین، شانەشین پەرفۆرمانسی شوێنی خۆی کردەوە و سەحنەی خۆی دروست کرد. دوای شانۆنامەکانی "بێچر و شێرپەنجە"، ئەو لە شوێنە نوێیەکەی خۆی بە شانۆنامە نوێیەکەی بە ناوی "ئینفاز"، لەبەردەم بینەراندایە.

"ئینفاز" شانۆگەرییەکی پارۆدیکە، پەردەیەکە و نزیکەی کاتژمێرێک دەخایەنێت.

لە "ئینفاز"دا چوار ئەکتەر هەن کە بریتین لە: "بەڕێوەبەر، کارگێڕ، مەلا و ژن." ئەم سێ پیاوە هەوڵی لەسێدارەدانی ژنەکە دەدەن، بەڵام هەرچییەک دەکەن، مردنی ژنەکە پێک نایەت. بە تەکنیکی ڕیالیزمی ئەفسووناوی، ژنەکە نامرێت و بەردەوام دەگەڕێتەوە بۆ ژیان. شانۆکە لەسەر ئەو ئابسوردییە دامەزراوە.

ئەو چوار ئەکتەرە، تەمسیلی چوار پێکهاتەی کۆمەڵگە دەکەن کە بریتین لە ژن، ئایین، دەسەڵات و هێزە ئەمنییەکان. نەمریی ژن لەنێویاندا دەبێتە قەیرانێکی ئانتاگۆنیزمایی، دەبێتە هۆی قوفڵکردن و گیرکردنی سیستەمەکە.

لە ڕێگەی فلاشباکەوە، دەزانین تاوانی ژنەکە چییە: ئەو ماڵەکەی بەجێ هێشتووە و چووەتە ماڵی پیاوێکی خێزاندار، چەند کاتژمێرێک لەوێ ماوەتەوە. ئەم کارە دەبێتە هۆی لەسێدارەدانی.

سەرەتا پێدەچێت تەرکیزی ئینفاز تەنیا لێپرسینەوە لە ڕەگەزی کۆمەڵایەتی، سیستەمی پیاوسالاری و ئەخلاق بێت، بەڵام نەخێر! شانۆکە بەگشتی سیستەمی کۆمەڵگە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

ئینفاز، بەو لێپرسینەوە، ئەگەری گۆڕینی کۆمەڵگە، پرۆبلەماتیزە دەکات.

ئینفاز پرسیارێکی قووڵ و جیددی لە ئامادەبووان دەکات. پرسیارێک کە ناکۆکییەکان دەشکێنێت. ئەگەر بتوانین وڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، دۆخی ئەمڕۆ دەگۆڕدرێت و دەرگاکانی کۆمەڵگەیەکی نوێ دەکرێنەوە.

پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن لە شانۆکەدا بلۆک و قوفڵکردنی سیستەمەکە چارەسەر دەبێت، ئەگەری گۆڕینی کۆمەڵگە چۆن بەدی دێت؟

داخستن و قوفڵکردنی سیستەمەکە تەنیا بە گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵ دێتە ئاراوە.

هەروەها کاریگەریی شێتی لە شانۆکەدا دەبینین. بە گۆڕینی لێکدانەوەی ئایینی، هەوڵێک هەیە بۆ کردنەوەی قوفڵی سیستەم. چونکە ژنەکە "شێت" بووە، وەک "میشێل فۆکۆ"، مەلا دەکەڵێت: "لەسێدارەدانی ژنەکە دروست نییە." بەڵام هەوڵی مەلا چارەسەر نییە. مەلا بە بیانووی "شێتی" هەوڵ دەدات ڕەوایی بەو کارە بدات کە ژنەکە کردوویەتی. وەک "فۆکۆ" دەڵێت: "دەسەڵات، سیستەم، هەر کاتێک لە بەرامبەر پراکتیکێکدا گیری کرد، بە ناوی شێتی قەیرانەکەی چارەسەر دەکات و ڕەوایی بە خۆی دەداتەوە."

ئەگەری گۆڕینی کۆمەڵگە و چارەسەرکردنی قوفڵبوونی سیستەم چییە؟

بۆ من وڵامی ئەم پرسیارە پەیوەندیی بە گۆڕینی دەسەڵاتەوە هەیە. بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بگۆڕدرێت، چارەسەر ئەوەیە پێش هەموو شتێک دەسەڵات بگۆڕدرێت. چونکە هەموو شتێک لەلایەن دەسەڵاتەوە دیاری کراوە.

ئەمڕۆ سوید، نۆروێژ و فینلاند و... دێمۆکراتیکبوون و ئازادیخوازیی کۆمەڵگاکەیان لە دەسەڵاتی ئەوانەوە سەرچاوە دەگرێت. کاتێک دەوڵەتێک دێمۆکرات و لیبڕاڵ بێت، زۆرینەی کۆمەڵگە بەو شێوەیەیە. ئەمڕۆ ئەگەر دەوڵەتێک فاشیست بێت، کۆمەڵگەکەشی دەبێتە فاشیست. ئەگەر ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا بگۆڕدرێت، کۆمەڵگەی تورک بە هەمان شێوە ناگۆڕدرێت؟ نموونە: ئەمڕۆ پرسی هاوڕەگەزبازی قەیرانێکی گەورەیە بۆ کەسانی ئایینی. ئەگەر ئەمڕۆ دەسەڵاتی ئایینی مەسیحی، واتە ڤاتیکان، هاوڕەگەزبازی ئازاد دەکات و ئایا ئەو قەیرانەش نابێتە پرسێکی ئەخلاقی بۆ ئاییندارەکان؟

بەڵام گۆڕانی دەسەڵات چۆن ڕوودەدات؟

گۆڕینی دەسەڵات لە شانۆکەدا یان بەڕێوەبەر، چۆن پێک دەهات؟ کارگێڕ و مەلا چەند دەتوانن پێکەوە بەڕێوەبەر بگۆڕن؟ بەڵام سەرەتا گۆڕینی مەلا و کارگێڕ چۆن ئەنجام دەدرێت؟ لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە: تاک تا چەند دەتوانێت دەسەڵات بگۆڕێت، بیکاتە دێمۆکراتیک و ئازادیخواز و تاک چۆن دەتوانێت خۆی بگۆڕێت؟

شانۆی ئینفاز چ پێشنیارێکمان بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و تاکەکان پێشکەش دەکات؟ ئێمە وەک بینەر دەتوانین چ پێشنیارێکیان بۆ بکەین؟

شانەشین پەرفۆرمانس لە ئێستاوە بە چالاکییەکانی گەشبینی دروست دەکات بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی دیاری شانۆی کوردی.

KURDŞOP
680 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!