ئامێر ناسیی مۆسیقا- بەشی 7 (دەهۆڵ)

هاوار هەورامان

 

دەهۆڵ

_ ئەم ئامێره له شێوەزارەکانی زمانی کوردی دا به ناوی داوڵ، دەوڵ و دەهۆڵ دەناسرێ.

_ له بنەماڵەی ئامێره زەربییەکانه، ژەنیاری دەهۆڵ به ناوی دەهۆڵکوت، دەوڵکوت، دۆڵەنگێو و دەهۆڵژەن دەناسرێ.

_ له هەموو فەرهەنگەکانی دنیادا کەڵکی هەیه.

_ ئامێرێکه که لەگەڵ سورنا دەژەندرێ و به ئەندازه و قەبارەی جۆراوجۆر له دار چێ دەکرێ.

_ ئاستی تەکنیکاتی ژەنیاری و دەور بینینی ئامێرەکه له چاند و فەرهەنگی کوردیدا به نیسبەت فەرهەنگەکانی کۆنی دنیا، زۆر سەرترە.

 _ دەهۆڵ و سورنا وەکوو  گرنگترین ئامێرەکانی کوردەواری، دەوری بنەڕەتی له نێو   فەرهەنگ و کەلتووری مرۆڤی کورددا دەگێرن.

 

_ دەهۆڵ لەم بەشانه پێکهاتوو:

کەمه، چەمبەره، پێست، گوریس (تەناف)، میلی گوریس، گۆچان(گورز)، تووڵ (شووڵ)، قایش(بەند)

 

_ کەمە

 _ هەر وەکوو کەمەی دەف دەچێمێندرێ و به شکڵی دایره(بازنە) دەردێ، بەو جیاوازییە که کەمەی دەهۆڵ پانتره.

_ له دارەکانی سووره بی، گوێز و توو دروست دەکرێ و ئەستووراییەکەی ٢ سانتی مەتره.

_ کەمەی دەهۆڵ له ناوچەکانی باکووری کوردستان له چاو باشوور و خوارووی کوردستان پانتره. له باری پاناییەوه له٢٠ هەتا ٥٠ سانته.

_  تیرەی بازنەی کەمه له ٤٥ سانتیمەتر هەتا ٦٥ سانتیمەترە و کەمەی دەهۆڵی کوردانی خۆراسانی باکوور به بەراوەرد له گەڵ ناوچەکانی دیکەی کوردستان بچووکترە.

 

وێنەی کەمەی دەهۆڵ

 

_ چەمبەره

_ لقێک نەمامی داری بی که له تەنیشت داره بی دەڕوێ و به هۆی ساوا بوونی به باشی دەچەمێتەوه.

_ له دوای وشک بوونە‌وەی چەمبەره، بەدەوری ئەملا و ئەولای کەمه له لای‌سەرەوەی کەمه دەبەسترێ.

_ به بردنه پێش و هێنانەوه دوای چەمبەره پێست شل و توند دەبێ.

 

_ پێست

_ بەسەر هەردوولای کەمه پێست دادەگیرێ.

_ به گشتی لای ڕاستی کەمه پێستی تۆراخ (پێستێک که هی مەشکە بووه و  ماستی تێ کراوه)، پێستی مەڕ یان بزن (نێری) پێدا دەگیرێ.

_ دوای خوساندنی مەشکه یان هەنبانه، لەرووی زگە‌وه دەیبڕن و له چەمبەرەی دەهاڵێنن و بەسەر کەمەیدا دەگرن.

_ پێستی لای چەپی کە‌مه پێستی ورده حەیوانی مێینەیه (گیسک، کاوڕ).

_  لەمرۆکەدا له جیاتی پێست له "دەڵق"یش کەڵک وەردەگیرێ.

 

وێنەی دەهۆڵی دەڵق

 

_ پێستی لای ڕاستی ده هۆڵ بەراوەرد بە لای چەپ ئەستوورتره. دەنگێکی بەم و

باسی هەیه، به پێچەوانەش لای چەپ دەنگی زیر و تیژه بۆیه دەبێ پێستەکەی ناسکتر بێ.

 

_گوریس (تەناف)و میلی گوریس

_  هەردوو چەمبەرەکه له دوای ئەوەی پێستی تێهاڵاو به سەر کەمەدا گیراوه، به

یارمەتیی تەناف یان گوریسی بەن (که به دەستی ژنان دروست دەکرێ) چنراو له مووی بزن به شێوەی چەپ و ڕاست(زیگ زاگ)، شەتەک دەدرێ واته توند و تۆڵ گرێ دەکرێ.

_ کاتێ پێست و چەمبەره به یارمەتیی تەناف بەسەر کەمهدا گیرا و گرێ درا، گوریسێکی دیکه به دەوراندەوری کەمه و له نێوەراست ڕا به سەرگوریسی چەپ و ڕاستی چەمبەرەکاندا دەکێشری و (میل گوریسی) پێ دەگوترێ.

_ میلی گوریس که له ئاڵقە یەکی کانزایی گرێ دەدرێ و میلی گوریسی پێ ڕاگیر دەکرێ، ڕۆڵی سەرەرەکیی له کۆک کردنی ئامێرەکه هەیه. ئەگەر کەمەی دەهۆڵ له ٥٠ یان زیاتر له ٥٠ سانت بێ دوو میل گوریسی لێ دەدرێ.

 

وێنەی داگرتنی پێست بەسەرکەمە و چەمبەره و شوێنی تێهاڵاندنی گوریس

 

وێنەی گوریس(تەناف) و میلی گوریس

 

_ شایانی باسه که تەنیا له شاری سنه پێستی ئامێری دەهۆڵ، به چەمبەره و گوریس تێناگیرێ و هەروەکوو ئامێری (دەفه) به سرێش و چەسپ به سەر کەمه دا دەگیرێ.

 

_ گۆچان و گورز

_ لەته دارێکی بناو یان گوێز ... هتد، به درێژایی ٣٥ هەتا ٤٥ سانت که به دوو شێوە دروست دەکرێ.

 

_ گۆچان

_ له دارەکانی هەرمێ، بناو و بی  که خۆش دەچەمێنەوه چێ دەکرێ.

_ پێویسته سووک و بەدەست خۆش بێ هەتاکوو ژەنیار ماندوو نەکا. ساف و لووسیش دەکرێ بەخاتری ئەوەی پێستی دەهۆڵەکه نەدڕێنێ.

_ جۆره دروست کردنێکی گۆچانیش هەیه له داری گوێز یان هەرمێ چێ دەکرێ بەڵام ناچەمێتەوه و شکڵی گۆچانەکه دار گۆچان دەبردرێ.

_  جگە له باشووری زاگرۆس (ناوچەی کامیاران و ناودەروەند بەرە و لوڕستان) تەواوی ناوچەکانی دیکهی کوردستان، بۆ دە‌هۆڵ ژەندن له گۆچان کەڵک وەردەگرن.

 

_ گورز

_ وەکوو ڕمب و گورز سەری خرت و خڕە و به گشتی له داری هەرمێ و گوێز دروست دەبێ.

_ گورز و گۆچان بۆ کوتانی پێستی لای ڕاستی دەهۆڵ بەکار دێن هەتاکوو دەنگی گرمه و بەم ساز بکەن.

 

وێنەی گۆچان و گورز

 

_شوول(تووڵ)

_ لەدارێکی باریکی گزیچار(گەز)، هەنار یان بادامی شاخی دروست دەکرێ.

_  شووڵ له سەر پێستی دەهۆڵ لەرەی هەیه و هەڵدەبەزێتەوه، هەروەها ناپەڕێ و ناشکێ و دەوامی هەیه.

_  درێژایی شووڵ له نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ سانته.

_ له دەستی چەپدا به مەبەستی دەنگی زیر و هەروەها ڕیز لێدان و چز دەنگه وردەکانی دەهۆڵ، کەڵکی لێ وەردەگیری.

 

وێنەی شووڵ(تووڵ)

 

_ قایش(بەند)

_ به مەبەستی ڕاگرتن و ڕاوەستانی ئامێر به شان و به بەردەمی ژەنیارەوه، قایش (بەند)ی بەکار دێ.

_ لەچەرمی گا به درێژیی ١١٠ هەتا ١٣٠ و پانی ٤هەتا ٥ سانت چێ دەکرێ. له قوماش و پارچەش دروست دەکرێ.

_ هەر دوو سەری قایش (بەند) به دوو ئاڵقەی کانزایی کە له سەر کەمه داکوتراوه، دەلکێندرێ.

_ به گشتی سێ جور قایشی (بەندی) ئامێری دەهۆڵ بەکار دێ، که بریتیین له:

_ له ڕاست بۆ چەپ یان چەپ بۆ ڕاست وەکوو قەتاره فیشەک.

_ له لاشان دەکرێ.

_ له ئانیشک و قۆڵ دەکرێ.

 

 

وێنەکانی هەڵگرتن و لەشان کردنی دە‌هۆڵ له کاتی ژەنین.

 

 شانی ڕاست بۆ چەپ

 

لاشان

 

قۆلی ژەنیار

KURDŞOP
762 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!