مستەفا شێرزدا و شەست ساڵ نیگارکێشیی ڕیئالیستی

 

یۆسف ساڵحی

 

مستەفا خانی شێرزاد هونەرمەندێکی شێوەکاری بۆکانی بوو. ئەو هونەرمەندە ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی (1941ی زایینی) لە شاری مهاباد لەدایک بوو. بە هۆی پیشەی باوکییەوە کۆچ دەکەن بۆ شاری تەورێز و هەر لەو شارە پلەکانی خوێندنی تێدەپەڕێنێ. شێرزاد هەر لە منداڵییەوە هۆگری هونەری شێوەکاری دەبێ. ساڵی ١٣٣٨ (1959ی زایینی) لە کێبەرکێی هونەری قوتابیانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا واتە هەردوو پارێزگای تەورێز و ورمێ، پلەی یەکەم وەدەست دێنێ. هەر لەو ساڵەدا ئوردوویەک بۆ قوتابییانی هونەرمەندی هەموو ئێران بەڕێوە دەچێ و هاوکات کێ بەرکێیەکی شێوەکارییش بەڕێوە دەچێ، مستەفا شێرزادی هونەرمەندی لاوی کورد لەو کێبەرکێیە سەراسەرییەشدا پلەی سێیەم لە ئاستی ئێراندا دەستەبەر دەکا.

ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی  (1966ی زایینی)، شێرزاد خوێندنی دواناوەندی تەواو دەکا و لە دایرەی فەرهەنگ و هونەری شاری مهاباد وەک مامۆستا دەست بەکار دەبێ و ئەوجار وەک مامۆستای هونەری شێوەکاری لە قوتابخانەکان چالاکی دەکا.

مستەفا شێرزاد وەک قوتابی لە بواری هونەردا دەبێتە قوتابیی یەکێک لە یەکەم مامۆستایانی شێوەکاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، واتە فەیزوڵڵا خانی ناهید. شێرزاد لای فەیزوڵڵا خان بنەماکانی ئەو هونەرە فێر دەبێ و هەروەها زانستی لەمەڕ شێوەی ئاوێتە کردنی تەکنیکی هونەری و ناوەرۆکی ناوچەیی دەباتە ئاستێکی سەرتر و دواتر هەر ئەو ئەزموونە دەبێتە هۆی ئەوەی شێرزاد ڕێچکەیەکی تایبەت لە شێوەکاریدا بگرێتە بەر.

شێرزاد لە شێوازە هونەرییەکاندا زیاتر لە بواری ڕیالیستیدا کاری کردووە و بەرهەمەکانی زیاتر ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکانی کۆمەڵگای کوردەوارین. ئەو جیهان بە شێوەی ڕاستینەی خۆی دەبینێ و سووچێک لەو جیهانەی کە بەشێک لە جیهان-ژینگەی خۆیەتی تایبەت دەکاتەوە و دەیکاتە سووژەی تابڵۆ نەقاشییەکانی. هەر بەو هۆیەیە کە بەشێکی زۆر لە بەرهەمەکانی مستەفای شێرزاد پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە داب و ڕەسم و شێوەی ژیان و چلۆنایەتیی بەڕێوەبردنی ئەو شێوە ژیانەوە هەیە. ئەگەر بە زمانی کۆمەڵناسان بدوێین دەبێ بڵێین مستەفا شێرزادی هونەرمەند پێبەندی کۆمەڵە بایەخێکی کۆمەڵایەتیی هونەرییە. هەر بۆ نیشاندانی ئەو هۆگری و پێبەندبوونە بە سیستەمێکی بایەخی کۆمەڵایەتی، دەبوو ئەوەی پێی دەگوترێ یاسا و ڕێسای وەدی هێنانی بایەخەکان یان هەنجاری کۆمەڵایەتی ڕەچاو بکا.

ئەو دوو ئەرکە بەو شێوەیە لە کاری شێرزاددا ڕەنگ دەداتەوە کە ئەو لە پێشدا سیستەمی بایەخیی خۆی دیاری کردووە. سیستەمێک کە لەسەر بنەمای درێژەدان بە نەریتەکانی کۆمەڵگای کوردەواری دامەزراوە.

ئەو سیستەمە بایەخییە دیارە شێواز و ڕێسای تایبەتی بەڕێوە چوونی هەیە. ئەو دوو دیاردەیە لە تابڵۆکانی مستەفا شێرزاددا بە خەستی ڕەنگیان داوەتەوە. بۆ وێنە لە تابڵۆی "شاییی کوردەواری"دا کە لە تابڵۆ ناسراوەکانێتی، بایەخەکانی ئەو ڕێوڕەسمە و شێوازەکانی بەڕێوە چوونی لە تابڵۆکەدا دیارن. لە تابڵۆکانی دیکەیدا بەشێکی زۆر لە داب و ڕەسمە کۆمەڵایەتییەکان و شێوازی ژیانی کۆمەڵگەی دێهات و ئاواییەکانی کوردستان و موکریان دیارن. ئەو شێوە نیگارکيشی و هونەرە، بە مەبەستی پاراستنی نەریتەکان کارایە. لە ئەدەبیاتی ڕیالیستیشدا ئەو دیاردەیە نیشان دەدرێ. بۆ وێنە دەتوانین بەرهەمەکانی حەسەن قزڵجی بە نموونە باس بکەین.

جودا لە فەزای ڕێئال و واقیعخوازانە، فەزای ناتۆرالیستی و ڕۆمانتیک و تەنانەت شێوە ئیمپێرسیۆنیستیش لە بەرهەمەکانی مامۆستا شێرزاددا هەن، بەڵام قورساییی کارەکانی بە لای ڕێئالیسمدا دەشکێتەوە. کاتێک هونەرمەند خەریکی بەرهەمهێنانی کاری ڕێئالە چاوی لە کۆمەڵگەی ئێستە و ڕابردووی خۆیەتی؛ هەر بۆیە لەبەرهەمەکانی شێرزاددا ڕەنگدانەوەی شێواز و کاری هونەرمەندانی ڕۆژئاوایی نابینرێ.

کۆی بەرهەمە هونەرییەکانی مستەفای شێرزاد لە کۆتایی تەمەنیدا بەبێ بەرامبەر بە مووزەی شارەداریی بۆکان بەخشرا. هەرچەند بەداخەوە هیچ بایەخێکیان لە لایەن ئەو ناوەندەوە پێ نەدراوە.

مامۆستا مستەفا شێرزاد پاش شەست ساڵ کاری بەردەوام لە بواری هونەری شێوەکاری و فێرکاری لەو بوارە هونەرییەدا، سەر لە ئێوارەی ڕۆژی شەممە پازدەی ڕەزبەری هەزار و چوارسەد و دووی هەتاوی، (07/10/2023ی زایینی) پاش ماوەیەکی دوور و درێژ نەخۆشی، دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بە هۆی نەبوونی مەزارگە و شوێنێکی تایبەت بۆ نێژرانی هونەرمەندانی بۆکان، تەرمەکەی لەسەر وەسیەتی خۆی، بۆخانەقای شێخی بورهان ڕاگوێزرا و لە پەنا مەزاری گەورە پیاوانی موکریان بە خاک سپێردرا.

KURDŞOP
1147 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!