شێوەکاری و دەرفەتێکی نوێ بۆ شوناس‌سازی لەبەرهەمەکانی هونەرمەند "سەعادەت بارزانی"دا

 

- ئاڵا موکری

 

زمانی هونەر بە درێژاییی مێژوو، زمانێکی جیاواز و کاریگەر بووە. هەر بۆیە هەر لەسەرەتای پێکهاتنی ژیانی کۆمەڵایەتییەوە، مرۆڤ حەولی داوە جودا لە زمانی ئاساییی بۆ پەیوەندی و دەربڕین و دابین کردنی پێداویستییەکانی خۆی، لە زمانێکی کاریگەرتریش بگەڕێ کە بتوانێ لە دەرەوەی ئەو زمانە ئاساییە، بە هەندێ کۆد و نیشانە و هێمای جیاوازەوە مەبەستی خۆی دەربڕێ. گەڕانەوە بۆ مێژووی ئەو جۆرە داهێنانە و زمانسازی و هێما خوڵقاندنە، پێویستی بە گەڕانەوە بۆ مێژووی هونەری جیهانی کەونارا و گەڕان بە دوای یەکەم دیاردەکانی ئەو بوارە هەیە.

ئەگەر بە کورتی ئاماژەیەک بەو شوێندانەرییە بکەین بەو ئاکامە دەگەین مرۆڤ بەدەر لە زمانی دەبڕین و سیستەمی پێکهاتوو لە وشە و ڕستە و ئەو زنجیرە دال و مەدلوولانەی وشە و هێما زمانییەکان سازی دەکەن، لە پێکهاتەیەکی دیکەش گەڕاوە بۆ دەربڕین و پەیوەندی، کە لەو بازنەی وشە و سیستەمە هێمایینە کەلامییە بێتە دەر. کاراترین بوار، بواری شێوەکاری و زمانی وێنە بووە. ئێستاش وێنەی نەخشاو لە سەر دیواری ئەشکەوت و لەسەر تەختی ڕەوەزی شاخە کەڤنارەکان، دەق گەلێکن ئاوڕیان لێ دەدرێتەوە و شیکارییان بۆ دەکرێ.

لە سەردەمی جیاوازی دیکەشدا مرۆڤ لە زمان و دەربڕینی دیکە گەڕاوە. نموونەی ئەو زمانەش دەتوانین لە بەشێک لە مێژووی یۆنان و ڕۆمی کەونارادا ببینینەوە. گرینگیی جێگە و پێگەیەک کە هونەری شانۆ لەو وڵاتانەدا بوویەتی ئەگەر بارێکی پێشکەوتن و دۆزینەوەی ڕۆچنەیەکی نوێی هونەری بووە، لایەنێکی دیکەی گەڕان بووە بۆ دۆزینەوەی زمانێکی جیاواز و کاریگەرتر بۆ دەربڕین، کە ئەوان ئەو زمان و بوارە تازەیەیان لە شانۆدا دیوەتەوە. دۆزین و پشکنینی سەرچاوەکانی پەیوەندیدار بەو سەردەمەی یۆنان و بەتایبەت نووسینەکانی ئەفلاتوون ئەوە نیشان دەدا کە پلە و پایەی هونەری جیاوازی شانۆ چۆن بووە.

ئەو کورتەیە تەنیا ئەوە نیشان دەدا زمانی جیاواز و دەربڕینی نائاسایی بۆ بابەتە هەستیارەکان، چۆن دەتوانێ سەرنجی بەردەنگ ڕابکێشێ. جا ئەو بەردەنگە هەم دەتوانێ بەردەنگی خۆیی بێ و هەم دەتوانێ لە سنوورێکی گەورەتردا بەردەنگی بیانی و کەسانێک بن لە دەرەوەی بازنەی شوناسی نەتەوەییی ئێمەدا.

هونەری شێوەکاری ئەگەرچی لە ناو کورددا مێژوویەکی دێرینی نییە، بەڵام لە سەدەی بیستەمدا هەندێک حەولی بە کەڵکی بۆ دراوە. ئەگەرچی تا ئیستاش نە ئەو هونەرە و نە هونەری شانۆ نەبوونەتە بەشێک لە نەریتی جوانیناسیی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی.

لەو نووسینەدا تەنیا دەمهەوێ ئاماژە بە هەندێک بەرهەمی هونەرمەندێکی لاو و توانای کورد بکەم کە حەولێکی تایبەتە لە بواری هونەری شێوەکاریدا. خاتوونی هونەرمەند "سەعادەت بارزانی" کە خوێندکاری بواری هونەر بووە و ئەو شێوازەی دەربڕین و جوانیناسییەی بە شێوەی زانستی خوێندووە، لە هەر دوو شێوازی ڕئیاڵ و سورڕێئاڵدا بەرهەمی خوڵقاندووە. دیارە بەرهەمەکانی لەو دوو بوارەدا پێویستی بە لێ وردبوونەوە و شیکاریی تایبەت هەیە و ئەو باسە مەودا و دەرفەتێکی جودای دەوێ.

سەعادەت بارزانی

 

ئەوەی لێرەدا دەمهەوێ ئاماژەی پێ بکەم، پڕۆژەیەکی تایبەتە لە ناو کۆی بەرهەمە هونەرییەکانی ئەو هونەرمەندە دا، کە دەتوانێ کاریگەری هەم لەسەر بەردەنگی کورد و هەم لەسەر بەردەنگی غەیرە کورد هەبێ.

هونەرمەند سەعادەت بارزانی لە پڕۆژەی پۆرترێتی کەسایەتییە کاریگەرەکانی کورددا حەولێکی تاقانەی داوە.  Portrait painting شێوەکاریی پۆرترە جۆرێک وێناکردنی کەسایەتییەکانە لە ڕوانگەی هونەرمەندەوە. ئەو شێوە هونەرییە هەر لە دێر زەمانەوە لە ناو هونەرمەندانی گەورەی شێوەکاردا هەبووە. بۆ وێنە پۆرترەی نووسەر و هونەرمەندانی گەورەی وەک داستایوفسکی و تۆلستۆی و نیچە و واگنێر و پیاوانی سیاسی وەک ناپلیۆن و ماڕکس و لینین و ڕێبەرانی دیکەی فکری و سیاسیی جیهان، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە هونەرمەندانی شێوەکار لەو بوارەوە ویستوویانە جودا لەوەی توانا و هونەر و داهێنەرێتیی خۆیان بنوێنن، لایەنێکی کەسایەتیی بەرباسیشیان لە ڕێگای پۆرترەکانیانەوە بناسێنن. ناسینێک کە پێوستی بە زمانی ئاسایی نەبێ. ناسینێک لەسەر بنەمای زمانی وێنە و ڕەنگ و هێڵ. ئەوەش زمانێکی یۆنیڤێرساڵە و چ حەوجێی بە وەرگێڕان و تێگەیاندنی زیاتری بەردەنگ نییە، بەردەنگ ئەوەی دەیبینێ دەیناسێ و لە ڕێگای چاوەوە خەریکی خوێندنەوەی دەقێکە کە پیت و ڕستەکانی ڕەنگ و هێڵ و وێنەن.

ئەوەی لەو حەولەی سەعادەت بارزانیدا گرینگە ئەوەیە کە؛ ئەو کۆمەڵێک تاک وێنە یان پۆرترەی مرۆڤی کاریگەری کوردی نەخشاندووە کە هەرکام لە بوارێکدا شوێن پەنجەیان بەسەر بەشێک لە شوناسی کوردەوە هەیە. واتە پرۆژەکەی ئەو ئەوەندەی پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیییە ئەوەندە پڕۆژەیەکی تاکەکەسی نییە. جەخت لەسەر کەسایەتییە کاریگەرەکانی کورد لە بوارەکانی سیاسەت،- بێ لەبەرچاو گرتنی ئاراستەی سیاسییان و تەنیا بە مەرجی کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر سیاسەتی کورد-، کەسایەتییە هونەرییەکانی کورد کە خاوەن داهێنەرێتین لە بواری خۆیاندا، کەسایەتییە مێژوویییەکان کە بەشێک لە میژووی کورد قەرزداری چالاکیی ئەوانە، کەسایەتیی ژنی کارامەی کورد کە نوێنەری بەشێک لە کۆمەڵگای کوردن و لەهەمان کاتدا نیشاندەری دۆخی جیاوازی ژنی کوردە لە جواغڕافیایەکدا کە چوار دوەری بە وردە وڵاتانی دژە ژن تەنراوە و... نیشاندەری ئەوەیە هونەرمەند دەیهەوێ لەو ڕێگایەوە وێنەیەکی گەورەتر بە بەردەنگەکەی نیشان بدا.

واتە ئەگەر هەر پۆرترەیەکی ئەو هونەرمەندە بە تەنیا وێناکردنی سیما و کەسایەتیی تاکێکی کاریگەری کوردە لە بوارێکی تایبەتدا، کۆی و‌ێنەکان نیشاندەری وێنەیەکی مەزنترن کە ئەویش شوناسی دەوڵەمەندی مرۆڤی کوردە لە جواغڕافیایەکدا بە ناوی کوردستان. لە شێوازی کۆلاژدا، هونەرمەندان حەول دەدەن بە لەپەنا یەک دانانی وردە مەتریالەکان وێنەیەکی گەورەتر و مانادارتر ساز بکەن. وێنەیەک کە هەم لەوێدا هەر ماتریالێک مانا و واتایەکی تایبەت بە خۆی هەیە و هەم کۆی ئەو ماتریال و شتانەی لەپەنا یەک چنراون و پلانیان بۆ داڕێژراوە، پێگە و مانا و واتایەکی گەورەتر بە دەستەوە دەدەن کە جیاوازە لە هەموشیان. هەموویانە و هیچ کامیشیان نییە. ئەوەی هونەرمەند سەعادەت بارزانی حەولی بۆ داوە، کارێکی لەو شێوەیەیە. هەموو پۆرترەکان بە تەنیا خاوەن کەسایەتی و مانا و مێژووی خۆیانن و گشتیشیان پێکەوە و لە پەکێجێکدا واتایەکی گەورەتر بە بەردەنگ دەبەخشن. واتایەک کە دەتوانین لە ژێر ناوی شوناس‌سازانی کورددا کۆی بکەینەوە.

 

پێشەوا قازی محەممەد

سەید ڕەزا دێرسیمی

سمکۆی شکاک

لەیلا قاسم

شڤان پەروەر

خانزادی سۆران

ئەحمەدی خانی

کۆچەر بیرکار

هێمن موکریانی

جەلادەت بەدرخان

هێدی

ئیحسان نووری پاشا

KURDŞOP
931 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!