زەرد؛ فیلمێک لەمەڕ پێمل بوون (وەخۆ هاتنەوە)

چاوەڕێی ئەوە بووین کازم ئۆز، بە فیلمێکی زۆر جیاواز لە فیلمەکانی تری، بە ڕیتم، چیرۆک و سیناریۆیەکی جیاواز، دەربکەوێت. بەڵام بەداخەوە ئەمە ڕووی نەدا.

فەرات دەمیرۆغلوو

کازم ئۆز ساڵانێکی زۆرە وەک سیناریۆنووس و دەرهێنەر لە سینەمای کوردیدا کار دەکات و بەم دواییە بە فیلمی زەرد گەڕاوەتەوە. لە فیلمەکانیدا هەمیشە گەڕانێک هەیە، پاڵەوانەکان بەدوای شتێکدا دەگەڕێن، لە فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکانیشدا کامێرا بەدوای هەندێک شتدا دەگەڕێت، وەک ئەوەی دەرهێنەر خۆی بەدوای شتێکدا بگەڕێت. ئەوان پێ لە جێپێی ڕابردووەکانیان دادەنێن. ئەمجارەیان لە فیلمی زەرددا پاڵەوانەکە دیسانەوە پەیڕەوی لە ڕابردووەکانی دەکات و ئەمریکا بەجێ دەهێڵێت و دەچێتە کوردستان. چیرۆک و سیناریۆکە هی خۆیەتی. ڕێی ئەو دیسان لە شارەکەی خۆیەوە، لە پەرتەکەوە دەست پێ دەکات و بە دەوری دێرسیمدا دەگەڕێت و دەبێتە چیرۆکی وڵاتێک.

پاڵەوانی فیلمەکە، گەنجێکە لە نیۆیۆرک. لە زانکۆ خەریکی خوێندنی مۆسیقایە. داپیری کە لە تورکیاوە هاتووە، لە فڕۆکەخانە چاوەڕێی دەکات، لەوێ دواکەوتووە. باپیری بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە لەوێیە و جان دەبێ لەگەڵیدا بمێنێتەوە. داپیری داوای گۆرانییەکی لێ دەکات و دواتر ئەو داوا لە داپیری دەکات گۆرانییەک بڵێت و ئەویش گۆرانیی کوردیی زەردی بۆ دەڵێت. جان پرسیاری زمانی گۆرانییەکەی لێ دەکات و داپیری دەڵێت کە گۆرانییەکی کوردییە و گۆرانیی سەردەمی منداڵیی ئەوە. داپیری ئەمەی لە هەموو لایەک شاردووەتەوە، چونکە دوای کۆمەڵکوژیی دێرسیم بە زۆر لە وڵاتەکەی دابڕاوە و هەموو خێزانەکەی بەجێ هێشتووە.

لەو ساتەدا سەفەری جان دەست پێ دەکات. داپیری لە کوێ ئەم گۆرانییە دەناسێت؟ چ پەیوەندییەکی بە کورد و کوردییەوە هەیە؟ داپیری کۆچی دوایی دەکات و جان و دایک و باوکی بۆ بەخاکسپاردنی تەرمەکەی، دەچنە شاری ئافیۆن لە تورکیا. بۆ جان، ئەو دوو گوێزەی کە داپیری لە دێرسیمەوە لەگەڵ خۆی هێنابوو، وەک میراتێک دەمێنێتەوە. لەوێ جان تێدەگات کە داپیری خەڵکی دێرسیمە. هەروەها دەچێتە وێستگەی شەمەندەفەر و بەرەو دێرسیم دەڕوات. جان هەرکەس ببینێت پرسیاری گۆرانیی زەردیان لێ دەکات، دەیەوێت بگاتە سەرچاوەیەک. هەرکەس و نیشانەیەکی پێ دەدات. هەندێک جار بە خۆزاتدا تێدەپەڕێت، هەندێک جار بە گوندێکدا. هەر جارێک دەچێتە شوێنێک. لە کۆتاییدا دەبێتە میوانی پیرەژنێک کە نابینایە. ئەم گۆرانییەی بۆ دەڵێت و بەم شێوەیە کۆتایی دێت.

لە فیلمەکەدا جان گەنجێکە کە لە حاڵ و بارودۆخی خۆی ناڕازییە، بەڵام چی بووە کە کەوتووەتە ئەو دۆخەوە؟ لە نیۆیۆرک چیی بەسەردا هاتبوو؟ بۆچی ئەو و خۆشەویستەکەی ڕێک ناکەون و بۆچی خۆشەویستەکەی لێی ناڕازییە؟ فیلمەکە دەریدەخات کە لە خێزانەکەی ناڕازییە؛ بۆچی؟ لە زانکۆ ناڕازییە، دەچێتە سەر شەقام و کافە و مەیخانەکانی نیۆیۆرک. چی وای لێ دەکات ئەوەندە عاجز بێت؟ لەم ساتەدا تووشی گۆرانیی زەرد دەبێت. بەم گۆرانییە سەرسام و سێحراوی دەبێت. بەڵام بۆچی ئەم گۆرانییە ئەوەندە دڵی زیز دەکات؟ چی ڕوو دەدات کاتێک تەرمی داپیری بەخاک دەسپێرێت؟ ئەم پرسیارانە بێ وڵام دەمێننەوە.

کاتێک دەچێتە دێرسیم لە شاری ئەلعەزیزەوە دەست پێ دەکات و لە هەموو شوێنێک پرسیاری گۆرانیی زەرد لە خەڵک دەکات و زۆربەیان کەم تا زۆر گۆرانیی زەرد دەزانن. بەڵام هێشتا شوێن گۆرانییەکە دەکەوێت. ئەمەش ناکۆکیی فیلمەکەیە. تایبەتمەندیی گۆرانییەکە چییە کە خەڵک دەیناسن و جانیش هەر وەدوای کەوتووە؟ کاتێک لەنێو کەشتییەکەدایە، چی ڕوو دەدات ئەو هێندە زیز و عاجز دەبێت؟ باڵندەکان دەورووژێن و بەدەوریدا دەفڕن. ئێمە هیچ مانایەک لەم بابەتەدا نابینین. من باوەڕم وایە ئەم دیمەنە فیلمی ڕێگای یڵماز گونەی دەهێنێتەوە یاد. بەڵام لەوێدا مانایەک هەیە.

جگە لەوەش جان هەر لە ئەلعەزیزەوە هەتا گەشتەکەی بۆ هەموو دێرسیم، لەگەڵ کێ قسە دەکات، پەیوەندی بە کێوە دەکات، پرسیار لە کێ دەکات، هەموو خەڵک بە وڵام و دیالۆگەکانیان گاڵتە دەکەن، بە گاڵتەجاڕی وڵامی دەدەنەوە، هەندێک جار ئەو گاڵتەیان پێ دەکات. دەتوانم بڵێم بەردەوامترین شت لە فیلمەکەدا دیالۆگە کۆمیدییەکانن. پیاوە عەینەکییەکەی نێو کافەکە، دیالۆگەکانی فیلمی "ڤیزۆنتەلە"ی یڵماز ئەردۆغانمان بیر دەخاتەوە. ڕەنگە هەندێک شت، تەوەر و دیالۆگ هاوشێوە بن، بەڵام کاتێک فیلمێک هەندێک فیلمی دیکە وەبیر دەهێنێتەوە، ئەمە دەبێتە کێشە بۆ فیلمەکە.

کازم ئۆز هەمیشە دەیەوێت فیلمەکانی ناوازە بن. لە بابەت و چاوپێکەوتنەکانیدا هەمیشە بە ڕوونی ئەوە دەخاتە ڕوو کە زۆر دەچێتە نێو سیناریۆکانەوە و هەموو جارێک دەیانگۆڕێت یان دەیاننووسێتەوە. ئەمەش لە فیلمی "باهۆز"دا دیار بوو. کاتێک سیناریۆنووس لە هەندێک بەش لە سیناریۆکەی ناڕازی دەبێت و چەندین جار ئەو بەشانە دەگۆڕێت، ئەمە خۆی لە چیرۆک و مۆنتاژکردنی سیناریۆکەدا دەردەخات و فیلمەکە ڕیتمەکەی لەدەست دەدات. لە زەرددا ڕوونە کە سیناریۆکە گۆڕاوە، شتەکان زیاد کراون و لابراون. نازانین ئەم زیادکردن و سڕینەوە، کەمە یان زۆر، بەڵام ڕوونە کە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر پەیوەندیی دیمەنەکان داناوە. ئەم بابەتە لە سەرەتای فیلمەوە تا کۆتاییەکەی دەبینین و بینەر لە فیلمەکە دادەبڕێت.

چاوەڕێی ئەوە بووین کازم ئۆز، بە فیلمێکی زۆر جیاواز لە فیلمەکانی تری، بە ڕیتم، چیرۆک و سیناریۆیەکی جیاواز، دەربکەوێت. بەڵام بەداخەوە ئەمە ڕووی نەدا. ڕەنگە ئەم فیلمە قۆناغێک بۆ فیلمێکی تر بێت. کەوایە ئێمەش چاوەڕوانی فیلمی داهاتووین.

تێبینی: ئەم بابەتە دوای بینینی فیلمی "زەرد" نووسراوە.

KURDŞOP
668 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!