جیاوازیی نێوان ٠ و ١ لە "وەرگێڕان"ی عومەر فاروق باران"دا

سەرکەوتنی دەرهێنەر لەوەدایە کە توانیویەتی وا بکات کە بینەران بە قووڵی هەست بە هەموو چرکەیەکی فیلمەکە بکەن.

 

وەلات ڕامین‌ئازاد

 

وەک Dichotomy، لەلایەک سیفر، نەبوون، هیچبوون و مردن هەیە و لەلایەکی دیکەشەوە یەک، هەبوون و ژیان هەیە. بەڵام لەنێوان ٠ و ١، نەبوون و هەبوون، مردن و ژیان جیاوازی هەیە. چ نەبوون بێت یان هەبوون، چ مردن بێت یان ژیان، چ ٠ بێت یان ١، لە Dichotomyدا هەردوولا بوونی خۆیان قەرزداری ئەم جیاوازییەن، ئەو جیاوازییە دەبێتە هۆی خولقان و دروستبوونی مردن و ژیان و نەبوون و هەبوون. ڕەنگە خودا نە سیفر بێت و نە یەک، ڕەنگە ئەم جیاوازییە بۆ خۆی خودا بێت.

ئەم جیاوازییە چییە و چۆنە؟ لە جیاوازیی نێوان ٠ و ١، بوون و نەبوون و ژیان و مردن چی ڕوو دەدات؟ جیهانێک، ئۆنتۆلۆژیا چۆن هەیە؟ ئایا دەتوانین ئەم جیاوازییە بپێوین؟ لەوانەیە ئەم جیاوازییە لە ئەتۆم بچووکتر بێت، لە ساڵێک کورتتر بێت، یان ڕەنگە بێکۆتایی و لە گەردوون گەورەتر بێت.

بەهای ساڵێک، چرکەیەک و گرینگیی خولەکێک چییە؟ هەندێک جار نە خولەکێک، نە چرکەیەک، ساڵێک یان چەند ساڵێک دەبێتە هۆی دەربازبوونی مرۆڤ لە مردن یان لە کارەساتێکی گەورە. هەندێک جار لە یاریی تۆپی پێدا دەبینین تیپێک لە چرکەی کۆتاییدا دۆڕاوە، تیپەکەی تر بەو چرکانە سەردەکەوێت. لە جیاوازیی نێوان ٠ و ١، ژیان و مردن، شکست و سەرکەوتن، هەندێک جار ساڵێک، چرکەیەک و خولەکێک دەبێتە یەکلاکەرەوە.

مرۆڤ دەتوانێت بە ساڵێک و خولەکێک چ کارێک بکات و لە خولەکێکدا چۆن بژیت؟ سینەما دەتوانێت لە یەک خولەکدا چی پیشان بدات؟

فیلمی وەرگێڕان (٢٠٢٢) لە دەرهێنانی عومەر فاروق باران، تەنیا یەک خولەکە. عومەر فاروق باران لە یەک خولەکدا باسی چی دەکات و لە شەست چرکەدا چیمان پیشان دەدات؟

فۆکۆسی "وەرگێڕان" لەسەر جیاوازیی نێوان ٠ و ١ و جیاوازیی نێوان مردن و ژیانە و هەوڵ دەدات ئەو جیاوازییە پیشان بدات. هەرچەندە لە فۆکۆسی فیلمەکەدا جیاوازی لەنێوان ٠ و ١دا هەیە، دەرهێنەر لەنێو خولەکێکدا لەلایەک سیفر، نەبوون و مردن و لەلایەکی دیکەوە یەکبوون، هەبوون و ژیان پیشان دەدات. ئێمە بەتەواوی دیاردەی ژیان، هەبوون، مردن، نەبوون و جیاوازییەکانیان لە فیلمەکەدا دەبینین.

لە جیاوازیی ژیان و مردن و ٠ و ١ی "وەرگێڕان"، ئێمە گرینگیی ساڵ و چرکە دەبینین.

تەوەری فیلمەکە ئەوەیە کە لە کاتی شەڕی کۆبانیدا، کۆمەڵێک پزیشک و وەرگێڕێک هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی نایاسایی سنوور ببڕن و بگەنە کۆبانی. لە دەروازەی سنووری بۆ ماوەی خولەکێک سەیری ئەم گرووپە دەکەین. بەزاندنی سنوور بە شێوەیەکی نایاسایی؛ چوونە نێو سنووری جیاوازیی نێوان ٠ و ١، مردن و ژیان، نەبوون و هەبوون؛ لەلایەک مردن هەیە و لەلایەکی تریش ژیان هەیە. ڕەنگە ساڵێک ببێتە هۆی ئەوەی لە مردن ڕزگارت بێت یان چرکەیەک ببێتە هۆی مردن و لەنێوچوونت...

لە فیلمەکەدا کەسێک لە گرووپەکە دەپرسێت چەند کات ماوە تاکوو سنوور ببڕین؟ وەرگێڕەکەش دەڵێت: "ئەندازەی عەمەلیاتێک کات ماوە". وەک بەزاندنی سنوور بە شێوەیەکی نایاسایی، زۆربەی کاتەکان، مرۆڤەکان دەچنە نێو سنووری جیاوازیی نێوان ٠ و ١ و ژیان و مردنەوە. بەم دیالۆگە بچووکە، جیاوازیی نێوان ٠ و ١، جیاوازیی نێوان نەبوون و هەبوون، پیشان دەدرێت و هەستی پێ دەکرێت.

کۆڵبەرە کوردەکان لەنێوان ژیان و مردندا ناژین، بەڵکوو لە جیاوازیی نێوان مردن و ژیاندا دەژین. ڕەحیم زەبیحی لە فیلمی دێکیۆمێنتاریی نانی پیرۆز (٢٠٢٠) بە ناڕەحەتییەکی زۆرەوە دۆخی کۆڵبەرە کوردەکان پیشان دەدات.

وەک تەوەر و فۆکۆس، لە زۆربەی بەرهەم و دەقە ئەدەبی و هونەرییەکاندا، ژیان، هەبوون، مردن و نەبوون هەیە، بەڵام لە کەم بەرهەمی هونەری، ئەدەبی و سینەماییدا، کێشەی جیاوازیی نێوان ٠ و ١ و نەبوون و بوون، هەیە. یەکێک لەو فیلمانە، فیلمی "وەرگێڕان"ە. جیاوازییە سەرەکییەکەی لێرەدا ئاشکرا دەبێت.

سەرکەوتنی دەرهێنەر لەوەدایە کە توانیویەتی وا بکات کە بینەران بە قووڵی هەست بە هەموو چرکەیەکی فیلمەکە بکەن. کاریگەریی جیاوازیی نێوان ٠ و ١، مردن و ژیان، نەبوون و هەبوون، وا لە مرۆڤ دەکات لە شەست چرکەدا هەستی پێ بکات و مرۆڤ بەو شێوەیە بژی.

KURDŞOP
598 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!